پێنج كەس لە وەزیرەكان رەگەزنامەی بیانییان هەیە
2020-02-26 12:46:59
(درەو):
بەپێی قسەی رۆژنامەیەكی قەتەری، ئەمریكا پەیامی بە محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق داوە، حكومەتەكەی دەبێت لەلایەن كوردو سوننەوە قبوڵكراو بێت.
رۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسییەوە ئاشكرایكرد، (5) كەس لە وەزیرەكانی كابینەكەی محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق جگە لە رەگەزنامەی عێراقی رەگەزنامەی تریان هەیەو یەكێكیشیان تەمەنی لەسەرو (80 ساڵ)ەوەیە.
بەپێی قسەی سەرچاوە سیاسییەكە، بڕیارە تیمی محەمەد عەلاوی دانوستانێكی نوێ لەگەڵ نوێنەری هەندێك لەو كوتلە سیاسییانە دەستپێبكەن، كە تێبینییان هەیە لەسەر میكانیزمو بارودۆخی كاركردنی عەلاوی لە پێكهێنانی كابینەكەیدا، بەتایبەتیش ئەگەری چاوخشاندنەوە بە ژمارەیەك لە وەزیرەكاندا، بەدیاریكراویش ئەوانەی كە رەگەزنامەی دووەمیان هەیەو ژمارەیان تائێستا پێنج كەسە.
وەكو رۆژنامەكە باسی كردووە، لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا ئەمە چوارەمینجارە عەلاوی لەگەڵ كوتلە سیاسییەكان گفتوگۆ دەكات.
بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكە، كاندیدی وەزارەتی نەوت كەسێكە كە تەمەنی 80 ساڵی تێپەڕاندووەو سەرباری ئەوەش رەگەزنامەی بەریتانی هەیە، ئەمەش پێچەوانەی یاسای عێراقییە كە دەڵێ ئەوانەی كە پۆستێك بە پلەی وەزیر وەردەگرن دەبێت دەستبەرداری رەگەزنامەی دووەمیان بن.
ئاماژە بەوەدەكات:" لە سێ رۆژی رابردوودا محەمەد تۆفیق عەلاوی ژمارەیەك دەنگی پشتیوانی لە پەرلەمان لەناو كوتلە عەرەبییە شیعەو سونییەكاندا لەدەستداوە، ئەوەش دوای ئەو دانوستانەی كە لەگەڵ لایەنە كوردییەكان كردوویەتیو هەوڵیداوە پشتیوانییان بەدەستبهێنێت لەڕێگەی نیشاندانی رەزامەندی لەسەر هەندێك لە مەرجەكانیان".
سەرچاوەكە دەڵێ:" لایەنە سیاسییەكانی شیعە رەتیدەكەنەوە دەنگ بۆ كابینەكەی عەلاوی بدەن، مەگەر لە حاڵێكدا لایەنە سیاسییە گەورەكانی كوردو سوننە كە لە پەرلەماندا كاریگەرییان هەیە، بەشداری بكەن".
بڕیارە سبەینێ محەمەد تۆفیق عەلاوی پێكهاتەی كابینەكەی بخاتە بەردەم پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی وەرگرتنی متمانە، بەڵام وەكو سەرچاوەكەی رۆژنامە قەتەرییەكە دەڵێ، تائێستا یەكلانەبووەتەوە لەڕووی ژمارەوە چەند كەس لە ئەندامانی پەرلەمان دەنگ بۆ كابینەكەی دەدەن، ئەمە لەكاتێكدایە ئەمریكا لەڕێگەی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەیەوە ئاماژەی ئەوەی بۆ عەلاوی ناردووە كە هەر حكومەتێك لە عێراق لەدایك ببێت، دەبێت لەلایەن پێكهاتەی سوننەو كوردەوە قبوڵكراو بێت، ئەمەش بەپێی قسەی رۆژنامەكە، یەكەمجارە ئەمریكا دێتە سەر هێڵ لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق.