Draw Media

مەسعود بارزانی پیرۆزبایی لە بافڵ تاڵەبانی كردووە

مەسعود بارزانی پیرۆزبایی لە بافڵ تاڵەبانی كردووە

2020-02-26 10:24:01


درەو:
دوور لەچاوی كامێراكان مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ  بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی كۆبۆتەوە.

هەرچەندە تا ئێستا بە رەسمی رانەگەیەنراوە چەند سەرچاوەیەك بە (درەو)یان راگەیاند، رۆژی یەكشەمە لە بارەگای بارزانی لە پیرمام بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆبونەتەوە، بەپێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوانە لە كۆبونەوەكەدا مەسعود بارزانی پیرۆزبایی لە بافڵ تاڵەبانی كردووە وەك هاوسەرۆكی یەكێتی و پێی رایگەیاندووە كە راستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵ دەكات وەك هاوسەرۆكی یەكێتی و داواشی كردووە لە پێناو یەكگوتاری هەرێمی كوردستان لە بەغداد پێویستە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەڵوێستەكانیان یەك بخەن و ناكۆكیەكانیان وەلا بنێن.
سەرچاوەكە ئەوەشی بۆ (درەو) ئاشكرا كرد كە لە كۆبونەوەكەدا مەسعود بارزانی گلەیی و نیگەرانی خۆی سەبارەت بە بەرهەم ساڵح سەرۆكی كۆماری عێراق بە بافڵ تاڵەبانی راگەیاندووە كە دەستی هەیە لە دیاریكردنی ئەو كاندیدانەی كە بڕیارە محەمەد عەلاوی وەك نوێنەری كورد لە كابینەكەیدا دایان بنێت.
(درەو) پەیوەندی بە چەندین بەرپرسی یەكێتیەوە كرد بەڵام بێ ئاگایی خۆیان لەو كۆبونەوەیە دەربڕی هەرچەندە پشتڕاستیانكردەوە كە بڕیار بووە پێش كۆبونەوەی لایەنە سیاسیەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی یەك ببینن.
رۆژی یەكشەمە مستەفا چاوڕەش ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: مەسعود بارزانی پێشتر پیرۆزبایی لە یەكێتی كردووە و داواشی كردووە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی سەردانی هەولێر بكات بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەیەكی گرنگ كە سبەی بەڕێوەدەچێت.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) پەیوەندییەكە لە رێگەی سیداد بارزانیەوە بووە دواتر مەسعود بارزانی رۆژی یەكشەممە خۆی بە تەلەفۆن پەیوەندی بە بافڵ تاڵەبانیەوە كردووە و رۆژی دواتر كۆبونەتەوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand