Draw Media

شینی نوخبەی سیاسی بۆ هەریسەكەیە بەناوی خەڵكەوە

شینی نوخبەی سیاسی بۆ هەریسەكەیە بەناوی خەڵكەوە

2020-02-24 20:36:45


درەو:
لەدوای ساڵی 2003وە، ڕەنگە هیچ حكومەتێك هێندەی ئەم حكومەتەی كە تائێستا لەڕەحمی پرۆسەی سیاسی نەكەوتوەتە خوارەوەو ڕوناكی نەبینیوە، جێگەی مشتومڕو ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان‌و، تەنانەت شەقامی ناڕازیش نەبووبێت.
دوای چوار مانگی تەواو لەخۆپیشاندان‌و ململانێی هێزە سیاسییەكان، ڕۆژی 1ی شوباتی ئەمساڵ  "بەرهەم ساڵح" سەرۆك كۆماری عێراق،"محەمەد تۆفیق عەلاوی" بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ڕاسپارد. 
وێنەیەك بۆ پرۆسەی ڕاسپاردنەكە دروستكرا، كە ناوبراو لەیەككاتدا دڵخوازی شەقام‌و جێی ڕەزامەندی زۆرینەی هێزە سیاسییەكانیشە، بەڵام لەواقیعدا "عەلاوی" ئەو مەرجانەی تێدا نەبوو كە خۆپیشاندەران داوایان دەكرد، بەڵكو كاندیدی ڕووتی هێزە باڵا دەستە شیعییەكان بوو، بەدیاریكراویش (هاوپەیمانی سائیرون‌و هاوپەیمانی فەتح) كە لەلایەن "سەدرو عامری"یەوە سەرۆكایەتی دەكرێن. ئیتر ڕێگایەكیان بۆ سەرۆك كۆمار نەهێشتەوە جگە لەڕاسپاردنی ناوبراو نەبێت، بەتایبەت دوای ڕەتكردنەوەی "ئەسعەد عیدانی". 

سەرۆكایەتی كۆمار وەڵامدەداتەوە
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار لە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بە (درەو)ی وت: "محەمەد تۆفیق عەلاوی" لەلایەن زۆرینەی هێزو حزبە شیعییەكانەوە كاندیدكراوە، سەركردەكانی كوردو سوننەش ڕەزامەندیان دەربڕیوە بەتایبەتیش ( مەسعود بارزانی و محەمەد حەلبوسی)، لەسەر ئەو بنەمایەش "عەلاوی"  لەلایەن سەرۆك كۆمارەوەو بەپێی ڕێكارە دەستورییەكان كە لەمادەی 76 دا هاتووە، بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ ڕاسپێردراوە.
قسەی ئەم سەرچاوەیەی سەرۆكایەتی كۆمار ، دوو وەڵامی ناڕاستەوخۆی تێدایە، وەڵامێكیان بۆ سەركردەكانی كوردو سوننەیە كە لەگەڵ "عەلاوی" كەوتونەتە ململانێیەكی توند لەسەر شێوازی دیاریكردنی كاندیدی وەزارەتەكان‌و، پێیاندەڵێت، خۆتان قبوڵتان كردووەو سەرۆك كۆماریش ئەركی دەستوریی خۆی بەجێهێناوە. وەڵامی دووەمیشیان بۆ "موقتەدا سەدر" ڕابەری ڕەوتی سەدرە كە لەدواین چاوپێكەوتنی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: سەرۆك كۆمار "عەلاوی ڕاسپاردووەو ئەوانیش پشتیوانی ئەو ڕاسپاردنەیان كردووە، سەرچاوەیەكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لەوەڵامی ئەمیشدا دەڵێت: پێویستە جیاوازی بكرێت لەنێوان كاندیدكردن‌و ڕاسپاردندا، هێزە سیاسییەكان كاندید دیاریدەكەن‌و سەرۆك كۆماریش ڕایدەسپێرێت.
هاوكات كەناڵی(سۆمەرییە نیوز) لەزاری سەرچاوەیەك لەسەرۆكایەتی كۆمارەوە بڵاویكردەوە: سەرمان سوڕماوە لەلێدوانەكەی سەرۆكی پەرلەمان بەوەی سەرۆك كۆمار بە ڕاسپاردنی "محمەد عەلاوی" دەستوری پێشێلكردووە، تەئكیدیش دەكات، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕۆژی ڕاسپاردنەكە لە سەرۆكایەتی كۆمار ئامادەبووەو، كە تێیدا نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان‌و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارو سەركردە سیاسییەكانیش ئامادەبوون.

شینەكە بۆ هەریسەكەیە       
خۆپیشاندەران داوایاندەكرد كەسێكی سەربەخۆ لەدەرەوەی حزبە شیعییەكان سەرۆكایەتی حكومەتی ڕاگوزەربكات بۆ ئەوەی ڕۆڵی نوخبەی سیاسی عێراق بەتەواوی لاوازببێت، بۆ هێزە شیعییەكان ملدان بۆ ئەمداوایە خۆكوژی سیاسی بوو، بۆیە پەنایان بردە بەر دیاریكردنی كاندیدێك كە بڕێك لەو خەسڵەتانەی تێدابێت شەقام داوایدەكات. وا دەردەكەوێت هێزە شیعییەكان بەتێپەڕاندنی حكومەتەكەی "عەلاوی" پارێزگاری لەدەستكەوتەكانیان بكەن، بۆیە هەموو هەوڵێكیان بۆ لابردنی ئاستنەگەكانی بەردەم پرۆسەكە چڕكردووەتەوە. بەڵام بۆ بەشێك لە هێزە كوردیو سوننەكان كە پێشتر موبارەكەی ڕاسپاردنی "عەلاوی"یان كرد، هەمووی زیانە‌و بە دورخستنەوەی خۆیانی دەزانن لەترۆپكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لەعێراق، بۆیە ئەم هەنگاوە بەتەواوی نیگەرانی كردوون، چونكە "عەلاوی" بژاردەی دیاریكردنی كاندیدی وەزارەتەكانی لێسەندونەتەوە، ترسی ئەوەشیان هەیە ئەمە ببێتە جۆرێك لەكلتوری سیاسی‌و حزبە شیعییەكان لەئایندەدا پیادەی بكەن. 

دانوستانی دوا ساتەكان
ڕۆژی 2 ئازاری داهاتوو، دواین وادەیە لەبەردەم سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێشكەشكردنی كابینەكەی، بەپێی بڕیاری دواین كۆبونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتوو پەرلەمان كۆدەبێتەوە بۆ متمانەدان بەكابینەی نوێی حكومەت، ئەوەش دوای ئەوەی بڕیاربوو ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ئەو پرۆسەیە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی توندبوونەوەی ناكۆكییە سیاسییەكان دواخرا.
 كوردو سوننە تائێستا نەگەیشتونەتە هیچ ڕێككەوتنێك لەگەڵ "عەلاوی"، سوننەكان بەدیاریكراوی (هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان) كە لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە سەرۆكایەتی دەكرێن، هەڵوێستیان توندرەو ئەگەر زۆرە بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بكەن. بەڵام هێزو لایەنە كوردییەكان نەرمترن‌و ئەگەر هەیە زۆرینەیان بەشداری دانیشتنی متمانەدان بە كابینەی نوێ حكومەت بكەن.
دوای شكستهێنانی ئەو وەفدە كوردییەی لەچەند ڕۆژی ڕابردودا سەردانی بەغدادی كرد، بڕیارە سبەینێ‌ وەفدێكی باڵای هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی "نێچرڤان بارزانی" سەردانی شاری بەغداد بكات‌و، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو كۆببێتەوە بۆ تاتوێكردنی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق.

سیاسەتی ئەمری واقیع 
كوشتن‌و برینداركردنی دەیان خۆپیشاندەر لەگۆڕەپانی "ئەلسەدرەین"لەنەجەف‌و، پەلاماردانی خۆپیشاندەران لەگۆڕەپانی بەغداد كە كڵاوشینەكانی سەدر تۆمەتباركرا بە ئەنجامدانی، ڕۆڵی دیاری گێڕا لەترساندنی شەقام‌و كزكردنی ئەو دەنگانەی ڕاسپاردنی "عەلاوی"یان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ ڕەتدەكردەوە. ڕەنگە ئەمە ئەو سیناریۆیە بێت كە سەدرییەكان بەنیازبن لەگەڵ ئەو هێزە سیاسییانەش دووبارەی بكەنەوە كە ئاستەنگ بۆ متمانەدان بە كابینەی نوێی حكومەت دروست دەكەن.
"هۆشیار عەبدوڵا" پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان نوسیویەتی: "نەسار ڕوبەیعی" نوێنەری سەدر، ڕووبەڕوو بەزمانێكی توند لەیەكێك لەكۆبونەوەكاندا، هەڕەشەی لە وەفدی كوردیی و سوننەی (ناڕازیی) كردووەو وتویەتی:
•    كورد بەشداربێت یان نا ئەم حكومەتە دەبێت متمانە وەربگرێت.
•    سەرۆكی پەرلەمان ڕێگری بكا لەیەكەم دانیشتن ئەیگۆڕین‌و لەو سوننانەی بەشدار دەبن یەكێك دەكەینە سەرۆكی پەرلەمان.
•    ڕێگری تر بكرێ خۆپیشاندای ملیۆنی دەكەین‌و دێینە سەر پەرلەمان لەناوچەی سەوز.
•    پێویستە بەزوویی هەڵبژاردنی پێشوەخت بكرێت، بۆ ئەوەی پاساویش نەمێنێتەوە بۆ دواخستنی، پێویستە پەرلەمان لەماوەیەكی دیاریكراودا هەڵبوەشێنرێتەوە.
•    لەهەڵبژاردنی داهاتوو ئێمە (واتا سەدرییەكان) دەبینە زۆرینە، حكومەتی زۆرینەپێكدەهێنین نەك حكومەتی تەوافوقی، واتە بایەخ بە بەشداری هیچ لایەك نادەین.
•    دەربارەی نەوتی هەرێم‌و چەند پرسێكی تریش هەڕەشەی كردووە.


سەدرییەكان خۆشیان ئەوەیان نەشاردۆتەوەو بە ئاشكرا هەڕەشە لەو هێزو لایەنانە دەكەن كە ڕێگری بۆ دانیشتنی پەرلەمان‌و متمانەدان بە كابینەی نوێی حكومەت دروستدەكەن.
"حاكم زاملی" سەركردە لەڕەوتی سەدر لە لێدوانێكدا بۆ پێگەی (بەغداد ئەلیەوم) ڕایگەیاندووە: ڕەوتی سەدر ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ملیۆنی‌و مانگرتنی كراوە لەدەوروبەری ناوچەی سەوز، ئەگەر پەرلەمان‌و هێزە سیاسییەكان دەنگنەدەن بۆ كابینەكەی "محمەد تۆفیق عەلاوی".
پێشتریش"موقتەدا سەدر" ڕابەری ڕەوتی سەدر لە تویتێكدا ڕایگەیاند: ئەگەر پەرلەمان لەم هەفتەیەدا دانیشتن ئەنجامنەدات، یاخود ئەنجامی بدات‌و دەنگ لەسەر كابینەیەكی پاك و بێگەرد نەدات یان لە ئاستی چاوەڕوانی مەرجەعیەت و گەلدا نەبێت، ئەوە پێویستی بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ملیۆنییە.
دوای ڕاسپاردنی "عەلاوی" لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراق، سەدر یەكەم كەسایەتی دیاری عێراق بوو بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پێشوازی لەوهەنگاوە كرد، بەڵام ئەوەی مایەی هەڵوەستەكردنە، سەدر كە پشتیوانێكی بەهێزی "عەلاوی"یەو، ئەگەر حكومەتەكەی تێپەڕێت لەپەرلەمان ئەوا لەژێر فشارو هەڕەشەی ڕەوتەكەی ئەودا متمانە وەردەگرێت، تائێستا مەسافەیەكی گەورەی لەنێوان خۆی‌و سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراودا هێشتوەتەوە. بۆ "عادل عەبدولمەهدی"یش هەر بەو شێوەیە بوو، كە بەپێی ڕێككەوتنێكی نێوان (سەدرو عامری) ناوبراو كرا بەسەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵام دوای كەمتر لەسالێك سەدر كارتی سوری بۆ بەرزكردەوەو پێیوت بڕۆ. 
"موقتەدا سەدر" لەتازەترین  لێدوانی ڕۆژمانەوانیدا دەڵێت: "سەرۆك كۆمار محەمەد تۆفیق عەلاوی ڕاسپاردووە حكومەت پێكبهێنت‌و ئێمەش پشتیوانی ئەو ڕاسپاردنە دەكەین". كە دێتە سەر باسی "عادل عەبدولمەهدی"یش، دەڵێت: توشی شۆك بووە لەئەدائی عەبدولمەهدی‌و ناوبراو شكستێكی گەورەی هێنا لەبەڕێوەبەردنی حكومەتدا. 

عەلاوی لەژێر بەڵێنەكان دەرناچێت
دەستبەردابوون لە "عەلاوی" بۆ هێزە شیعییەكان، ئەگەر لە "عادل عەبدولمەهدی" سوكتر نەبێت، ئەوا قورسترنییە. چونكە ئەمیش هاوشێوەی "عەبدولمەهدی" هەر خۆی و جانتاكەیەتی‌و هێزێك نییە لەكاتی تەنگانەدا هانای بۆبەرێت‌و بەرگری لێبكات. ئەگەر توانی عێراق لەم دۆخە ببپەڕێنێتەوە بۆ كەناری ئارام ئەوە خۆیان دەكەنە خاوەنی، ئەگەر نەشیتوانی وەك "عەبدولمەهدی" داوای لێدەكەن بڕوات‌و هەموو بەرپرسیارێتی‌و شكستەكان دەخەنە ئەستۆی ئەو.
"عەلاوی" كە هێشتا سەرقاڵی دانوستانی دوا دەرفەتە لەگەڵ لایەنەكان بۆ پێشكەشكردنی كابینەكەی، تەنها هەفتەیەكی لەبەردەمدا ماوە. ئەو بەڵێنە قورس و زۆرو زەوەندانەی لەسەرەتای ڕاسپاردنیدا داوێتی  ڕووبەڕووی ئاستنەگی گەورەی دەكاتەوە. كە سەرەتاكەی بە بەڵێنی دەستنیشانكردنی كەسانی لێهاتو و دەستپاك و ناحزبی بۆ تیمی حكومەتەكەی بوو  توشی بەریەككەوتنێكی قورسی كردووە لەگەڵ (كوردو سوننە). ئەگەر لەم بەربەستەش ڕزگاری بێت، لەبەردەم ئەركێكی قورستردایە، ئەویش جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەیە كە بەشەقامی داوە كە دیارتریناین، سزادانی بكوژی خۆپیشاندەران‌و لێپێچینەوە لەگەندەڵكاران‌و داواكارییەكانی تری خۆپیشاندەران، لەسەرو هەموشیانەوە ئامادەكاریكردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت. وێڕایی ئەوەی چەندین بەڵێنی بە نوێنەرانی كورد داوە، كە دیارترینیان دەستنەبردنە بۆ پشكی هەرێم لەبودجەی عێراق‌و، پرسی مادەی 140و، خەرجكردنی پارەی گەنمی جوتیاران‌و چەند پرسێكی تر. 
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand