12 كوردی فەیلی لەسەر كورسییەك ركابەرێتی دەكەن
2018-04-29 13:06:58
راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت
بۆ یەكەمجار ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كورسییەكی كۆتای بۆ كوردانی فەیلی لە پارێزگای واست جێگیركرد، (12) كوردی فەیلی كە بەشێوەی حزب و كەسایەتی سەربەخۆ خۆیان كاندید كردووە، كێبركێ لەسەر ئەو كورسییە تاقانەیە دەكەن.
كورتەیەكی مێژویی لەبارەی پارێزگای واستەوە
پارێزگای واست دەكەوێتە ناوەڕاستی عێراق، شاری كوت مەڵبەندی پارێزگاكەیە، روبەڕی ئەم پارێزگایە (17153) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، واست رێژەی (4%)ی كۆی گشتی روبەڕی عێراق پێكدەهێنێت.
پارێزگای واست بەناوبانگە بە بەرهەمهێنانی بەروبومەكانی (گەنم و جۆ و كونجی و خورما)، بەهۆی ئەوەی پارێزگاكە لە شێوەی دروگەیەكدایە و ئاو دەوری داوە، راوەماسی بوەتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ ئابوری خەڵكی ناوچەكە.
لەروی ئیدارییەوە پارێزگای واست پێكدێت لە (6) قەزا و (11) ناحیە، بەپێی دواین داتاكان ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكە دەگاتە (ملیۆنێك و 275 هەزار) كەس.
بەپێی ئامارێك كە بەر لە دروستبونی دەوڵەتی عێراق لە 1920 كراوە كە ئەوكات پارێزگای واست ناوی (لیوای كوت) بووە، دابەشبوونی دانیشتوانی ناوچەكە بەمشێوەیە بووە:
• شیعە: 91,5%
• كورد: 8%
• جولەكە: 4,0%
• مەسیحی: 1,0%
ئاماری ئێستای كورد لە پارێزگاكە بەتەواوەتی روون نییە، بەڵام لە سنوری ئەم پارێزگایە دوو شارۆچكەی كوردنشین هەن كە بریتین لە قەزای (بەدرە) و ناحیەی (جەسان)، خەڵكی ئەم دوو شارۆچكەیە كوردانی فەیلین.
بەدرەو جەسان دوو ناوچەی جێناكۆكن لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی عێراق، كە بەپێی ماددەی 140 دەبێت چارەنوسیان یەكلابكرێتەوە.
كورسییەكانی پارێزگای واست لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
• (11) كورسی
• 1 كورسی كۆتا بۆ كوردانی فەیلی
• كۆتای ژنان كە لە چوارچێوەی (11) كورسییەكەدایە، (3) كورسییە
ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای واست
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەبچێت، (717 هەزارو 66) كەس مافی دەنگدانیان هەیە.
لەبارەی كوردانی فەیلییەوە
كوردە فەیلییەكان لەڕووی مەزهەبییەوە شیعەی جەعفەرین، بەشێوەیەكی گشتی لە ناوچە سنورییەكانی نێوان عێراق و ئێران بڵاوبونەتەوە، لە جەلەولا و خانەقین و مەندەلی لە باكورەوە تاوەكو ناوچەی عەلی غەربی لە باشورو تادەگاتە بەدرەو جەسان و كوت و نعمانیە و عەزیزیە لە پارێزگای واست كوردانی فەیلی نیشتەجێ بوون.
لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا بەتایبەتی سەددام حسێن، كوردانی فەیلی بە هۆی تۆمەتباركردنیان بە لایەنگریكردن لە ئێران و شیعەبونیان، روبەڕوی سەركوتكاری زۆربونەتەوە، بەوهۆیەوە رژێمی بەعس لەساڵانی هەشتاكاندا زیاتر لە 10 هەزار كورسی فەیلی بەزۆر رەوانەی ئێرانكرد و ژمارەیەكی زۆریشیان كۆچیان كردووە بۆ ناوچەكانی تری عێراق بەتایبەتی بەغدادی پایتەخت.
كورسی كۆتای كوردانی فەیلی
لەخولی ئێستا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە خولی سێیەمە، ئەنجومەنی نوێنەران بۆ جاری یەكەم بڕیاریدا هاوشێوەی پێكهاتەكانی (مەسیحی و سابیئە و ئێزیدی و شەبەك)، كورسییەكی كۆتای هەڵبژاردن ببەخشرێت بە كوردانی فەیلی لە پارێزگای واست، بەمشێوەیە ژمارەی كورسی كۆتای كەمینەكان لە عێراق لە (8) كورسییەوە بۆ (9) كورسی زیادكرا.
دانانی كورسییە كۆتاكەی كوردانی فەیلی لە پارێزگای واست لەكاتی خۆیدا هەندێك ناڕەزایەتی لێكەوتەوە، هەندێك لە چالاكوان و كەسایەتییەكانی كوردانی فەیلی دەڵێن، دانانی كورسی كۆتای فەیلی لە پارێزگای واست ستەمێكی ترە كە لە فایلییەكان كراوە، چونكە بەوتەی ئەوان چڕی دانیشتوانی كوردانی فەیلی لە بەغدادی پایتەختە نەك لە پارێزگای واست.
بەپێی هەندێك ئاماری نافەرمی زیاتر لە (500 هەزار) دەنگدەری كورد لە بەغداد هەن كە زۆربەیان كوردانی فەیلین.
(12) كاندید شەڕی بردنەوەی كۆتای فەیلییەكان دەكەن
ژمارەیەك حزبی فەیلی بۆ بردنەوەی كورسی كۆتای فەیلییەكان لە پارێزگای واست لیستی كاندیدیان پێشكەشكردووە، سەرباری حزبەكان، ژمارەیەك كەسایەتی سەربەخۆی كوردانی فەیلی خۆیان كاندید كردووە، بە هەمویانەوە (12) كاندید كێبەركێ لەسەر بردنەوەی كورسییە تاقانەكەی فەیلی دەكەن لە واست.
• بەرەی فەیلی: یەكەم حزبی سیاسیی كوردانی فەیلییە، كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو دامەزراوە، ئەم حزبە (2) كاندیدی هەیە بر بردنەوەی كورسی كۆتای فەیلییەكان لە واست.
• گردبونەوەی یەكێتی فەیلی: ئەم گردبونەوەیەش (2) كاندیدی هەیە بۆ بردنەوەی كورسی كۆتای فەیلییەكان لە پارێزگای واست.
• ئیئتیلافی فەیلی عێراقی: ئەم ئیئتیلافە پێكدێت لە هەردوو حزبی (حزبی دیالۆگی فەیلی) و حزبی (كۆنگرەی نیشتیمانی گشتی كوردە فەیلییەكان)، ئیئتیلافەكە (2) كاندیدی هەیە بۆ بردنەوەی كورسی كۆتای فەیلییەكان لە واست.
سەرباری حزبەكان، (6) كەسایەتی فەیلی لە پارێزگای واست خۆیان بۆ بردنەوەی كورسی كۆتای فەیلییەكان كاندید كردووە:
• فوئاد عەلی ئەكبەر فەیلی
• مازن عەبدولمونعیم (ئەبو حیدەر)
• دكتۆر فازل عەباس
• دكتۆرە ئەسما شاكر حەمودی
• نەسیر مەحمود (ئەبو سلام الحداد)
• جەعفەر عەبدولجەبار محەمەد
بەمەبەستی بردنەوەی دەنگی فەیلییەكان كە دابەشبوون بەسەر بەغداد و واست و دیالە و ناوچەكانی تردا، زۆرێك لە حزب و هاوپەیمانێتییە كوردی و عێراقییەكان لە ناوچە جیاوازەكان خەڵكانی فەیلییان لەناو لیستەكانیان داناوە.