مەرجی لایەنەكان بۆ كابینەی عەلاوی
2020-02-23 12:38:55
(درەو):
جگە لە چۆنیەتی پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكان، لایەنو پێكهاتەكانی عێراق چەندین مەرجیان لەبەردەم محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێدراوی عێراق داناوە كە رەنگە دواجار حكومەتەكەی دوچاری ئیفلیجبوون بكات، بەتایبەتیش كە هەندێك لە مەرجەكان جێبەجێبونیان لە ماوەی ساڵێكدا كە تەمەنی حكومەتە كاتییەكەیە، كارێكی ئەستەمە.
مەرجی لایەنەكان بۆ عەلاوی:
• لایەنەكانی ناو پێكهاتەی شیعە داوای لێدەكەن بڕیاری پەرلەمان بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق بە دیاریكراویش هێزەكانی ئەمریكا بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە.
• لایەنەكانی پێكهاتەی سوننە داوای لێدەكەن ئاوارەكان بگەڕێنێتەوە بۆ شوێنی خۆیانو دۆسیەی رفێندراوەكانو گۆڕە بەكۆمەڵەكانو زیندانیكراوانو یەكلابكاتەوەو ناوچە وێرانبووەكانی شەڕی داعش لە باكورو خۆرئاوای وڵات ئاوەدان بكاتەوەو هاوسەنگی وەزیفی لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەتدا رابگرێت.
• لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بە سەرۆكایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان داوا دەكەن پشكی كورد لە كابینەكە لەلایەن حزبەكانەوە دابنرێت نەك لە كەسانی سەربەخۆ، ئەمە جگە لە دۆسیەی ناوچە جێناكۆكەكانو نەوتو بودجە.
• شەقامی ناڕازیو گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان لە شارەكانی عێراق داوای لێدەكەن دەوڵەتێكی مەدەنی بنیاد بنێتو بكوژی خۆپیشاندەران دەستگیربكاتو روبەڕووی دادگایان بكاتەوە.
• مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان لە نەجەف داوای لێدەكات روبەڕووی گەندەڵی ببێتەوەو ئەو كەسانە دادگایی بكات كە هۆكاری ئاژاوەو ناكۆكین لە وڵاتدا.