Draw Media

كورد پێنج وەزارەت وەردەگرێت

كورد پێنج وەزارەت وەردەگرێت

2020-02-22 10:01:56


(درەو):
(درەو) ناوی ئەو كەسانە ئاشكرادەكات كە لەلایەن محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراقەوە كاندید كراون بۆ وەرگرتنی پۆستە وزارییەكانی پشكی كورد لە كابینەی نوێی حكومەتدا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە بەغداد دەست (درەو) كەوتوون، لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا كە محەمەد  تۆفیق عەلاوی سەرۆكایەتی دەكات، پشكی كورد لە سێ وەزارەتەوە زیاد دەكرێت بۆ پێنج وەزارەت.
(درەو) زانیویەتی، محەمەد تۆفیق عەلاوی كە دەیەوێت خەڵكانی سەربەخۆ لە پۆستە وزارییەكاندا دابنێت، لەناو كوردا خۆی چەند كەسێكی كاندیدكردووە‌و دەیەوێت پشكەكانی هەرێمی كوردستان بەو كەسانە بدات.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، تا ساتی نوسینی ئەم هەواڵە، ئەگەر گۆڕانكارییان تێدا نەكرابێت، كاندیدە كوردەكانی محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ پۆستە وزارییەكان ئەم كەسانەن:
•    حاكم رزگار محەمەد ئەمین- كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری داد
•    شوان ئیبراهیم تەها- پسپۆڕی ژمێریاریی‌و دارایی لە سلێمانی- كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دارایی
•    ئەندازیار عادل كەریم- بریكاری وەزیری پیشەسازی‌و كانزاكانی عێراقە‌و كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی بازرگانی
•    پۆستی وەزارەتی دەوڵەت- ئەمەش پۆستێكی ترە كە بە كورد دراوە لە كابینەی عەلاویدا، بەڵام (درەو) نازانێت چ كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە كاندید كراوە
•    پۆستی وەزیری كاروباری هەرێم‌و بەغداد، ئەمە تاكە پۆستێكە كە عەلاوی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان سەرپشككردووە خۆیان كاندیدەكەی دیاری بكەن، واتە كاندیدەكەی لە كەسانی سەربەخۆ نابێت
بڕیارە رۆژی دوو شەممە محەمەد تۆفیق عەلاوی پێكهاتەی كابینەكەی بخاتە بەردەم پەرلەمانی عێراق بۆ وەرگرتنی متمانە، بەڵام دیار نییە ئاخۆ ئەو كۆبونەوەیە لە وادەی دیاریكراو بەڕێوەدەچێت یاخود نا.
كابینەی عەلاوی بەپێی ئەوەی رێككەوتنی لەسەر كراوە، كابینەیەكی كاتییە‌و بۆ ماوەی یەك ساڵ بەردەوام دەبێت، دەبێت لەو ماوەیەدا عەلاوی بانگەشەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە بكات بۆ ئەوەی پەرلەمان‌و حكومەتێكی نوێ لە عێراق دەستبەكارببێت.
رۆژی 19ی ئەم مانگە وەفدێكی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان لە بەغداد لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاویدا كۆبونەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) وەفدەكە لەو كۆبونەوەیەدا داویان لە عەلاوی كردووە رێگە بدات حزبە سیاسییەكان خۆیان كاندیدی پۆستە وزارییەكان دابنێن، بەڵام عەلاوی رەتیكردوەتەوە‌و وتویەتی تەنانەت ئامادە نییە لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆش بكات.
بەڵام لەبەرامبەر رەتكردنەوەی دانانی كاندیدی پۆستە وزارییەكان، عەلاوی هەندێك بەڵێنی بە وەفدی هەرێمی كوردستان داوە كە ئەمانەن: 
•    بە هیچ جۆرێك دەستكاری موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ناكات‌و بڕینی موچەی خەڵك بەلای ئەوەوە كارێكی نا ئەخلاقییە.
•     پارەی تایبەت تەرخان دەكات بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی تایبەت بە ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و عێراق.
•    پارەی جوتیارانی هەرێمی كوردستان كە بەروبومی كشتوكاڵیی خۆیان رادەستی عێراق كردووە مافێكی رەوایە‌و دەبێت حكومەتی عێراق پارەكانیان بۆ بگەڕێنێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand