توركیا بە ئاگاداری ڕوسیا جوڵەی سەربازی سنوردار دەكات
2020-02-20 19:01:36
راپۆرتی: درەو
(ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) دەیەوێت بەهەر نرخێك بووە ئەو پەیامە بگەیەنێتە شەقامی توركی كە هەر قسەیەك بكات دەیباتەسەر، هەر هەڕەشەیەكیش بكات جێبەجێدەكات. پێشتر (ئەردۆغان) تا كۆتایی ئەم مانگەی دیاریكردبوو بۆ رژێمی سوریا تا سەربازەكانی لەو ناوچانە بكشێتەوە كە بەمدواییە كۆنترۆڵی كردونەتەوە، بەڵام دوێنی چوارشەممە لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی وتی: "ئەو ئەنجامانەی لەگفتوگۆكانمان لەگەڵ ڕوسیا چاوەڕوانی بووین بەدینەهات، گفتوگۆكان زۆر دوورن لە جێبەجێكردنی داواكارییەكانی توركیا". تەئكیدیشی كرد:" ئەنجامدانی پرۆسەی سەربازی لە ئیدلیب تەنها مەسەلەی كاتەو، ئەنكەرە دواین ئاگاداركردنەوەی ناردووە بۆ حكومەتی سوریا".
هێرشەكە بەڕێككەوتن بووە
دوای كەمتر لە 24 كاتژمێر لەم هەڕەشەیەی سەرۆك كۆماری توركیا، هەواڵی دەستپێكردنی هێرشی سوپای توركیا بە هاوكاری گروپەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بڵاوبوەوە، هێرشەكە وەك ئەوەنەبوو پێشبینی دەكرا هێرشێكی فراوان بێت بۆ سەر سوپای سوریا لەناوچەی ئیدلیب، بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی بەرگری توركیا:" پرۆسە سەربازییەكەیان بە ئاراستەی شارۆچكەی (نەیرەب) بووە لەخۆرئاوای شاری ئیدلیبو، تێیدا سوپای توركیا گورزی لەچەند ئامانجێكی دیاریكراو وەشاندووە، ئەویش دوای بۆردومانێكی ئاسمانی كە بەهۆیەوە دوو سەربازی توركیا كوژراون و 5ی دیكەش برینداربوون.
لەبری ڕوسیا سوریا تۆمەتباردەكات
پرۆسە سەربازییە سنوردارەكەی ئەمڕۆی سوپای توركیا بە ئاگاداری مۆسكۆ و لەچوارچێوەی ڕێككەوتنێكی پێشوەختەدا بووە. لەهێرشی فرۆكەجەنگییەكانی ڕوسیاشدا بۆ سەر گروپە توندڕەوەكان ژمارەیەك سەربازی سوپای توركیا كوژراونو برینداربوون بەڵام وەزارەتی بەرگری توركیا لە بەیاننامەكدا كە كوژرانو برینداربوونی سەربازەكانی ڕاگەیاند، تەنها ئاماژەی بەوەكردبوو سەربازەكان لەبۆردومانێكی ئاسمانیدا بەركەوتوون بەبێئەوەی ئاماژە بە لایەنی پەلاماردەر بكات، بەڵام دواتر سەرۆكایەتی كۆماری توركیا لەبەیاننامەیەكدا بەرپرسیارێتییەكی خستەئەستۆی حكومەتی دیمەشق.
بەگوێرەی میدیا جیهانییەكان كە لەزاری سەرچاوە باڵا دبلۆماسیو سەربازییەكانی توركیاوە دەستیانكەوتووە، ئەو پرۆسە سەربازییە سنوردارەی ئەمڕۆ سوپای توركیا لەئیدلیب ئەنجامیداوە، لەچوارچێوەی ڕێككەوتنێكی پێشوەختەدا بووە لەگەڵ ڕوسیا، پێدەچێت لەڕۆژانی داهاتووشدا كۆمەڵێك پرۆسەی تری هاوشێوە بەڕێوەبچێت.
وەزارەتی بەرگری ڕوسیاش بەبێئەوەی ئاماژە بە ناوچەی (نەیرەب) بكات كە ئەمڕۆ لەلایەن سوپای توركیاو گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریاوە كرایە ئامانج، لەبەیاننامەیەكدا ڕاگەیاند: فرۆكە جەنگییەكانیان چەند گورزێكی ئاسمانیان لە توندڕەوەكان وەشاندووە كە پەلاماری هێڵەكانی بەرگری سوپای سوریایان داوە لە ئیدلیب. ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆی ئەو گورزە ئاسمانیانەوە سوپای سوریا توانیویەتی هێرشەكان تێكبشكێنێت.بەپێی بەیاننامەكەی وەزارەتی بەرگری ڕوسیابێت، كوژران و برینداربوونی سەربازەكانی توركیا لەوناچەیە بووە كە فرۆكە جەنگییەكانیان بۆردومانیان كردووە.
ئەردۆغان بەلوتكەوە سەرقاڵدەكات
ڕوسیا بەردەوامە لەدەستی دەستیكردن بە بەرپرسانی توركیاو داوای گەڕانەوەیان لێدەكات بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی (سوچی) سەبارەت بە ئیدلیب، ئەوەش بۆ پێدانی كاتی زیاترە بە رژێمی سوریا بۆ جێگیركردنی سوپاكەی لەو ناوچانەی كە بەپشتیوانی هێزی ئاسمانی ڕوسیا كۆنتڕۆلی دەكاتەوە.تازەترین پێشنیازی ڕوسیا بۆ توركیا، ڕێكخستنی لوتكەیەكی سێقۆڵی نوێیە بۆ (ڕەجەب تەیب ئەردۆغانو فلادیمێر پۆتنو حەسەن ڕۆحانی) لەتارانی پایتەختی ئێران لەسەرەتای مانگی داهاتوو، دوای تەواوبوونی ئەو وادەیەی (ئەردۆغان) دیاریكردووە بۆ كشانەوەی هێزەكانی سوریا.
مۆسكۆ لەگەڵ ئەوەی بەردەوامە لەگەڵ بەرپرسانی ئەنكەرە بۆ ڕێگیركردن لەقوڵبونەوەی زیاتری دۆخی ئیدلیب، لەهەمان كاتدا هۆشداریشی داوەتێ، لەپەنابردن بۆ خراپترین سیناریۆ كە ئەویش پەنابردنی (ئەردۆغان)ە، بۆ جێبەجێكردنی هەڕەشەكانی بە ئەنجامدانی پرۆسەیەكی سەبارزی فراوان دژی هێزەكانی رژێمی سوریاو دەركردنی سوپاكەی بۆ ناوچەكانی پێشویان. ئەمەش بەمانای مردنی ڕێككەوتنی سوچی دێت.
دۆخەكە ناگەڕێتەوە بۆ پێش شەڕ
(سێرگی لاڤرۆڤ)وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لەمبارەیەوە دەڵێت: "ناكرێت لەمەسەلەی ئیدلیبدا قسە لەسەر گەڕانەوە بۆ دۆخی ساڵونیوێك پێش ئێستا بكرێت" ، ئەم لێدوانە دەریدەخات بژاردەی دیبلۆماسی بۆ چارەسەری كێشەی ئیدلیب بە بنبەست گەیشتوە و ڕوسیا پێداگرە لەسەر سەپاندنی نەخشەیەكی نوێ بۆ ئیدلیب.
لەنێوان پێداگری ڕوسیا و فشاری هێزە توندڕەوەكانی توركیا، (ئەردۆغان) هیچ بژاردەیەكی لەبەردەمدا نەماوەتەوە، هێرش بكاتە سەر سوپای سوریا ڕووبەڕووی ڕوسیا دەبێتەوە، نەخشەی نوێی هێز و ئەمری واقیعش قبوڵبكات ڕووبەڕووی نەفرەتی هێزە توندڕەوەكان دەبێتەوە. ڕەنگە بە ئەنجامدانی زنجیرەیەك هێرشی سنورداری تر هاوشێوەی هێرشەكەی ئەمڕۆ بە ڕێككەوتن لەگەڵ ڕوسیا كە پێناچێت هیچ لە نەخشەو هاوسەنگی تازەی هێز لەباكوری خۆرئاوای سوریا بگۆڕێت، (ئەردۆغان) بتوانێت توڕەیی توندڕەوەكان لەناوخۆ هەڵلوشێت و، توركیاش لەڕووبەڕووبونەوەیەكی كارەسات ئامێز بپارێزێت.