Draw Media

حه‌شدی شه‌عبی له‌شه‌نگال و پارتی له‌بادینان و هه‌ولێر رێگری ده‌كه‌ن

حه‌شدی شه‌عبی له‌شه‌نگال و پارتی له‌بادینان و هه‌ولێر رێگری ده‌كه‌ن

2018-04-29 10:48:01


راپۆرتی: نیاز عەبدوڵا .....

له‌ ماوه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنی رابردوو له‌ چوار خولی په‌رله‌مانی كوردستان و سێ خولی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق و ئێستا بۆ خولی چواره‌م، پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك  ئه‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی ره‌های ناوچه‌یه‌كی سیاسی تاپۆكراو بكات به‌ره‌نگاری لایه‌نه‌ سیاسییه‌ نه‌یاره‌كانی بۆته‌وه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری بادینان و پارێزگای هه‌ولێر.
رۆژی 23ی نیسان سه‌رۆكی لیستی هاوپه‌یمانی سه‌ركه‌وتن له‌ پارێزگای دهۆك ناسڕ به‌گ به‌ (دره‌و میدیا)ی راگه‌یاند "هێزێكی ئاسایشی پارتی سێ‌ كاندیدی لیستەكەیان بەناوه‌كانی ئەنوەر مەعسوم مائی، فادیە حوسێن، عومەر عەلی رفاندووه‌" و داوا له‌و سێ كاندیدە كراوه‌ "لەسەر تەلەفزیۆن كشانەوە و بێبەریبوونی خۆیان لە لیستەكەی عەبادی رابگەیەنن و جوێن بە عەبادی بڵێن، ئەو كاتەش هەر داواكارییەكیان هەبێت بۆیان جێبەجێ دەكرێت" به‌ڵام رۆژێك له‌ دوای رفاندنیان و پێڕاگه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌ ئازادكران.
ته‌نیا دوای 6رۆژ له‌ رفاندنی كاندیده‌كانی هاوپه‌یمانی سه‌ركه‌وتن، له‌ كاتی بانگه‌شه‌كردنی هه‌ڵبژاردن له‌ناو بازاڕی زاخۆ سه‌ره‌ڕای بوونی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئاسایشی زاخۆ و پۆلیس سه‌رۆكی لیستی نه‌وه‌ی نوێ له‌ دهۆك دكتۆر كامه‌ران به‌رواری به‌ دار و به‌رد هێرشیكرایه‌سه‌ر و برینداركرا. دكتۆر كامه‌ران به‌ ئاژانسی هه‌واڵی فوراتی وت "40 بۆ 50 كه‌س به‌ دار و به‌رد هیرشیان كرده‌ سه‌رم، ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ به‌رچاوی پۆلیس و ئاسایشی زاخۆ هێرشه‌كه‌یان كرد به‌ڵام ئه‌و هێزانه‌ هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كیان نه‌بوو بۆیه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ به‌رپرسیار ده‌زانم له‌م ده‌ستدریژییه‌". 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یاسای هه‌مواركراوی ژماره‌ 45ی ساڵی 2013ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و یاسای هه‌مواركراوی ژماره‌ 1ی ساڵی 1992ی ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانی كوردستانی عێراق، له‌گه‌ڵ هه‌ردوو یاسای ژماره‌ 17ی ساڵی 1993ی حیزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و یاسای ژماره‌ 36ی 2015ی حیزبه‌كانی عێراق ده‌سته‌به‌ری ئازادی ركابه‌ری سیاسیان به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نی كردووه و‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان ئازادن كار له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق و هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن،‌ به‌ڵام هێشتا له‌ ناوچه‌ی بادینان و هه‌ولێر و مه‌ڵبه‌ندی خێزان و ژیانی سیاسی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له‌ سه‌ری ره‌ش و مه‌سیف سه‌ڵاحه‌ددین هێزه‌ سیاسییه‌كان ناتوانن ژیانی سیاسییان ئاسایی به‌ڕێبكه‌ن و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌نجامبده‌ن.
له‌ ساڵی 2005 كاتێك یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بڕیاریدا له‌ ده‌ره‌وه‌ی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانی به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بكات هێراشكرایه‌ سه‌ر مه‌ڵبه‌ندی 3ی ئه‌و حیزبه‌ له‌ دهۆك، جگه‌ له‌ سووتاندنی باره‌گاكه‌ی چه‌ند كادیرێكی ئه‌و حیزبه‌ كوژران. هه‌ر له‌ ساڵی 2011 له‌و كاته‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆنی به‌هیزبوون له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی، جارێكی تر هێرشكرایه‌ سه‌ر داموده‌زگا حیزبی و رۆژنامه‌وانییه‌كانی له‌ دهۆك و زاخۆ و سیمێل. له‌ هه‌ردوو رووداوه‌كه‌شدا "هێزه‌ ئه‌منییه‌ ده‌مامكداره‌ حیزبییه‌كانی پارتی دیموكرات" له‌و هێرشانه‌ تۆمه‌تباركران، بۆیه‌ دواتر پارتی یه‌ك لایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوو بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان دانووستانی كرد.
سه‌ره‌ڕای بوونی بڕیاری په‌یڕه‌وی بانگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردنی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، كه‌ "بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ئازاده‌ بۆ ته‌واوی لیست و قه‌واره‌ سیاسییه‌كان و هاوپه‌یمانی و كاندیه‌كان" به‌ڵام قایمقامی قه‌زای شه‌نگال مه‌حما خه‌لیل له‌ لێدوانیكی بۆ رادیۆ نه‌وا وتوویه‌تی "لەناو خەڵك و كەمپی ئاواره‌كانی قه‌زای شه‌نگال‌ بانگەشەی هەڵبژاردن كێشەی نییە، بەڵام حەشدی شەعبی رێگری دەكات لەوەی كاندیدەكانی پارتی دیموكرات وێنە بڵاوبكەنەوە و بانگەشەی خۆیان بكەن له‌ناو شه‌نگالییه‌كان". 
وه‌یس نایف كاندیدی پارتی دیموكرات له‌ پێكهاته‌ی ئێزیدییه‌كانی شه‌نگال رێگرییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ كاندیده‌كانی پارتی دووپاتكردووه‌ته‌وه‌ و به‌‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی حیزبه‌كه‌ی وتووه‌ "دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌زگا شه‌رعییه‌كانی ئێمه‌ ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شه‌نگال، ئێستاش كاندیدانی پارتی ناتوانن بچنه‌ شه‌نگال، هه‌روه‌ها 85%ی خه‌ڵكی ئێمه‌ ئاواره‌ن و ئه‌وانه‌ی له‌وێش ماون له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حه‌شد و سوپای عێراقن، ئه‌وانیش وه‌ك دوژمنێك سه‌یری پارتی ده‌كه‌ن''.
پارتی دیموكرات له‌ رێگای قایمقام و كاندیده‌كانی لیسته‌كه‌ی له‌ شه‌نگال حه‌شدی شه‌عبی تۆمه‌تبار ده‌كات به‌ رێگریكردن له‌ بانگه‌شه‌كانیان بۆ‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق. به‌ڵام له‌ رۆژی 27ی نیسان وه‌ك مام فارس یه‌كێك له‌ به‌شدارانی بانگه‌شه‌كانی گۆڕان به‌ (دره‌و میدیا)ی وت "له‌ قه‌زای شه‌قڵاوه‌ له‌ لایه‌ن ژماره‌یه‌ك كه‌سی جل مه‌ده‌نی و كه‌سێك به‌ جلی سه‌ربازییه‌وه‌ به‌ به‌رد و جوێن هێرشمانكرایه‌ سه‌ر". 
مام فارس كه‌ له‌ رێگای به‌ردبارانی هێرشكاره‌كانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ 4كه‌سی تر برینداركراوه‌،‌ وتی "ئاسایش و خه‌ڵكی سه‌ر به‌ پارتی ئێمه‌یان به‌ردباران كرد، ئه‌وان غه‌دریان له‌ خۆیان كرد وقیمه‌تی ئێمه‌یان به‌رزتركرده‌وه‌ و توڕه‌یی خه‌ڵكی شه‌قڵاوه‌یان زیاتر كرد له‌ به‌رامبه‌ر خۆیان".
هه‌مان رۆژ له‌ دوای هێرشه‌كه‌ی شه‌قڵاوه،‌ لاپه‌ڕه‌ی "ئاژانسی پارتی نیوز" له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك له‌گه‌ڵ دانانی گرته‌ڤیدیۆیه‌كی هێرشه‌كان كه‌ تیایدا لایه‌نگرانی پارتی هوتافی "پێشڕه‌وی كورد پارتییه‌، سه‌رۆكمان بارزانییه‌" ده‌ڵێنه‌وه‌، نووسیویه‌تی "ئه‌مڕۆ شه‌قڵاوه‌ سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وه‌ چه‌ند كاندیدێك له‌لایه‌ن گه‌له‌وه‌ درانه‌ به‌ر شه‌ق".
كاوه‌ محه‌مه‌د سه‌رۆكی لیستی گۆڕان له‌ شاری هه‌ولێر به‌ (دره‌و میدیا)ی وت "ئه‌م جۆره‌ هێرشانه‌ له‌ دژی ئێمه‌ ده‌ره‌نجامی عه‌قڵییه‌تی نادیموكراتیانه‌ی پارتییه‌ و ئه‌وان ده‌یانه‌وێت هه‌ر خۆیان حاكم بن و ئێستاش ده‌زانن له‌ رووی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ رۆژ به‌ رۆژ دۆخیان خراپتر ده‌بێت، بۆیه‌ ئه‌م رێگایانه‌ ده‌گرنه‌به‌ر كه‌ گوزارشته‌ له‌ سیاسه‌تیان".  
شه‌وی 22ی نیسان له‌ ناحییه‌ی حاجی ئۆمه‌ران-ی سه‌ر به‌قه‌زای چۆمان په‌لاماری خێمه‌ی بانگه‌شه‌ی گۆران بۆ هه‌ڵبژاردن درا و سووتێندرا، بۆیه‌ بۆ دووه‌م جار له‌ رۆژی 28ی نیسان بنكه‌ی بانگه‌شه‌یان كرده‌وه‌. رۆژی 23ی نیسان-یش له‌ بازاڕی (ته‌یراوه‌)ی شاری هه‌ولێر له‌ لایه‌ن ژماره‌یه‌ك كه‌سی جل مه‌ده‌نی هێرشكرایه‌ سه‌ر بانگه‌شه‌كاران و كاندیده‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان. 
كاوه‌ محه‌مه‌د له‌ باره‌ی بوونی ده‌ستی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌و هێرشانه‌ وتی "وه‌ك چۆن له‌ ماوه‌ی رابردوو ده‌سه‌ڵات هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی خۆی به‌ به‌رگی مه‌ده‌نی له‌ دژی خۆپیشانده‌ران به‌كارده‌هێنا ئێستاش هه‌مان كارده‌كات، بۆنموونه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ بازاڕی ته‌یراوه‌ هێرشیانكرده‌ سه‌رمان ئێمه‌ هه‌ندێكیان ده‌ناسین كه‌ له‌بنه‌ماوه‌ كه‌سی سه‌ربازین و جلی مه‌ده‌نییان پۆشیوه‌، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی ته‌واون بۆ تێوه‌گلانی پارتی له‌و هێرشانه‌".
به‌پێی زانیارییه‌كانی سه‌رۆك لیستی گۆڕان له‌ هه‌ولێر، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌ دژی ئه‌و هێرشه‌ی شه‌قڵاوه‌ په‌یوه‌ندیكردووه‌‌ به‌ قایمقامی قه‌زای شه‌قڵاوه‌ به‌ڵام ئه‌و به‌ كۆمسیۆنی راگه‌یاندووه‌ "ده‌بوو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ر له هاتنیان بۆ بانگه‌شه‌كردن له‌ شه‌قڵاوه‌ ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌". 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand