وەفدی لایەنە كوردییەكان چاوەڕێی دواین قسەی مەسعود بارزانین
2020-02-19 19:57:33
درەو:
محەمەد تۆفیق عەلاوی بە وەفدی كوردی راگەیاندووە ئامادە نیە یەك كاندیدی حزبی وەربگرێت و وەفدی كوردیش چاوەڕێی دوا قسەی مەسعود بارزانیە.
ئەمڕۆ وەفدی حزبە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان ( پارتی، یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ، توركمان ، مەسیحی) لەگەڵ محەمەد عەلاوی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق كۆبونەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەست (درەو) كەوتووە، محەمەد تۆفیق عەلاوی بە وەفدی كوردی راگەیاندووە" ئامادە نیە تەنانەت گفتوگۆش لەبارەی وەرگرتنی كاندیدی حزبیەوە بكات، پشكی كورد دیاریكراوە، هەموو هێزوو لایەن و كەسەكان دەتوانن كاندید پێشكەش بكەن، بەڵام خۆم كاندیدەكان هەڵدەبژێرم"
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) وەفدی حزبە كوردییەكان لە كۆبونەوەكانیاندا لەگەڵ عەلاوی نەگەیشتونەتە هیچ ئەنجامێك و بڕیارە ئەمشەو لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان قسە بكەن، بۆ وەرگرتنی دوایین هەڵوێست و بڕیار لەبارەی بەشداری كورد لە كابینەكەی محەمەد عەلاویدا.
ئێوارەی ئەمڕۆ محەمەد عەلاوی لە وتارێكدا رایگەیاند كە رۆژی دووشمەی داهاتوو كابینەكەی دەخاتە بەردەم پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەری، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە" حكومەتی داهاتوو دور لە بەشداری حزبە سیاسییەكان دەبێت و وەزیرەكانی لەسەر بنەمای لێهاتووی دیاریكراون".
بەشداربوونی پەرلەمانتارانی كورد لە كۆبونەوەی رۆژی دووشەمەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە متمانەجان بە كابینەكەی عەلاوی پەیوەستە بە دوایین قسەو بڕیاری بارزانیەوە جگە لە نوێنەرانی پارتی فراكسیۆنەكانی ( یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ) كە بەشدارن لە وەفدی هاوبەشی لایەنەكاندا ئەوانیش چاوەڕەوانی دواقسەی بارزانین، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی ( درەو) چەند ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق لە گروپی (15) دەیانەوێت لەدەرەوەی بڕیاری بارزانی و لایەنە كوردیەكان دەنگ بە كابینەكەی محەمەد عەلاوی بدەن.
ئەو زانیارییانەی دەست ( درەو) كەوتووە پشكی كورد لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا (3 بۆ 4) وەزیرە، كە ئەوانیش لە وەزیرانەكانی ( دارایی، داد ، بازرگانی) پێكهاتوون.
پارتی دیموكراتی كوردستان چاوی لەوەیە وەزیرانی ( دارایی و بازرگانی) خۆی دیاری بكات و وەزیری ( داد)یش لەلایەن یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە دیاری بكرێت، لە چوارچێوەی كاندیدی حزبی یاخود كاندیدی دەرەوەی حزب بەڵام خۆیان سەپۆرتیان بكەن.
وەفدی كوردستان
ئێوارەی دوێنێ وەفدی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان گەییشتنە بەغداد بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ محەمە تۆفیق عەلاوی و لایەنە عێراقییەكان سەبارەت بە پشك و شێوازی بەشداری كورد لەو كابینەیەدا:
وەفدی كورد پێكهاتوون لەم كەسانە:
* لە پارتی دیموكراتی كوردستان (هۆشیار زێباری، جەعفەر ئیمینیكی) ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی
* لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان (لاهور شێخ جەنگی) هاوسەرۆكی یەكێتی ( بەڵام بەشداری كۆبونەوەی لایەنەكان ناكات) و (سەعدی ئەحمەد پیرە، جوان ئیحسان، ئاڵا تاڵەبانی) ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی
* لە بزوتنەوەی گۆڕان (دەرباز محەمەد) ئەندامی خانەی راپەڕاندن
* لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (خەلیل ئیبراهیم) كارگێری ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو، (جەمال كۆچەر) سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق
* لە كۆمەڵی ئیسلامی (سەلیم شوشكەیی) سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق
* نوێنەرانی پێكهاتەی توركمانو كلدو ئاشوری بەشدارن لە وەفدەكەدا
(درەو) زانیویەتی، كۆكردنەوەی لایەنە كوردییە سەرەكییەكان لە وەفدێكی هاوبەشی دانوستاندا لە بەغداد، بە هەوڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە.