Draw Media

ئۆپۆزسیۆن بەهەوڵێك بۆ شاردنەوەی شكستەكان ناویدەبات  

ئۆپۆزسیۆن بەهەوڵێك بۆ شاردنەوەی شكستەكان ناویدەبات  

2020-02-19 19:00:58


درەو: 
میدیاكانی نزیك لە (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆك كۆماری توركیاو، پارتی دادو گەشەپێدان جارێكی تر پرسی ئەگەری ڕوودانی كودەتایەكی چاوەڕوانكراو دەورژێننەوە. هێنانەوە پێشەوەی ئەم مەترسیەش دوای بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتێك دێت لەلایەن سەنتەری "راند"ی ئەمریكی بۆ لێكۆڵینەوە سەربازییەكان، كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر باسی لەمەترسی ڕوودانی كودەتایەكی سەربازی نوێ‌ كرد لەتوركیا بەهۆی توڕەیی لەناو هێزە چەكدارەكان.

ڕاپۆرتەكە چی دەڵێت؟
ڕاپۆرتەكە دەڵێت، دوای كودتا شكستخواردووەكە (ئەردۆغان) دەستیبردوە بۆ گۆڕانكاری ڕیشەیی لەڕیزەكانی سوپا، لەوانەش دەركردنی ژمارەیەكی زۆر لە ئەفسەرە پلەباڵاكان.
بۆ نمونە، 46% ئەو ئەفسەرانەی پلەی لیوایان هەیە لەهێزەكانی پیادەو دەریایی و ئاسمانی ڕەوانەی خانەنشینی كراون یان دەركراون لەكارەكانیان. هاوشانی ئەمانیش زیاتر لە 15 هەزار سەرباز لەكارەكانیان دەركراون، ئەوەش زیانێكی گەورەی بە سوپای توركیاو گەیاندووە ، كاریگەری لەسەر ورەو و  توانای ستراتیجی و تەكتیكیان دروستكردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، ئەو ئەفسەرانەی كە پلەكانیان مامناوەندە هەست بە نائومێدی دەكەن بەرامبەر بە فەرماندە سەربازییەكانیان‌و ترسیان هەیە پرۆسەی پاكتاو ئەوانیش بگەرێتەوە، ئەوكارەش بوەتە هۆی تۆڕەكردنیان كە ڕەنگە كوتادەیەكی نوێی لێبكەوێتەوە. 
(ئەردۆغان) بۆ پڕكردنەوەی كەموكوڕییەكانی ناو سوپا پەنای بردووە بۆ دامەزراندنی پشتیوانەكانی خۆی، ئەوەش كارێكە خوێندنەوەی بە سیاسیكردنی دامەزراوەی سوپای بۆ دەكرێت كە پێویستە ئەو دامەزراوەیە بەدوور بێت لەسیاسەت.


میدیاكانی ئەردۆغان چی دەڵێن؟
   میدیاكانی نزیك لە ئەردۆغان بایەخێكی زۆریان داوە بە ڕاپۆرتەكەو، كاردەكەن بۆ گەورەكردن‌و دروستكردنی ترسی پێشوەختە لێی، بەجۆرێك باسی دەكەن ڕوودانی چاوەڕانكراوبێت، بەرپرسە باڵاكانی پارتەكەی (ئەردۆغان)یش بەچڕی كاری لەسەردەكەن. 
(كاهیت ئۆزگان) سەركردە لە پارتی دادوگەشەپێدان لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە: ئەگەری ڕوودانی كودەتا زۆر چاوەڕوانكراوە، تەئكیدیشی كردووە" ئەركی حكومەتەكەمانە ڕێوشوێنی دروست‌و گونجاو بۆ بیركردنەوە لەم پرسە بگرێتەبەرو، هەڕەشە چاوەڕوانكراوەكان لەناوبەرێت". 
رۆژنامەنوس (مەلیح ئالتینوك) لە ڕۆژنامەی "سەباح"ی نزیك لە حكومەتی توركیا وتارێكی نوسیوە بە ناونیشانی "پروپاگەندەكانی كودەتا"و تێیدا نوسیویەتی: ئەردۆغان گەورەترین زامنكەری سەقامگیری توركیایە بەڕووی هەر كودەتایەكدا. هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانیشی تۆمەتباركردووە بە بازاڕگەرمكردنی ڕوودانی كودەتا لەپێناو بەدەستهێنانی دەستكەوتی سیاسی. ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێمە چاوكراوەین دژی هەر هەوڵێك بۆ كودەتا.
(ئیبراهیم كرغول)یش لە ڕۆژنامەی "یەنی شەفەق" وتارێكی نوسیوەو تێیدا دەڵێت: كودەتا چاوەڕوانكراوەكە دەرفەتێكە بۆ نەیارەكانی سەرۆك (ئەردۆغان)، كە ئەو بە پشتیوانانی دەستوەردانی بێگانە وەسفیكردوون. 
پێشیوایە: بڵاوبونەوەی تەنها ڕاپۆرتێكی ئەمریكی لەبارەی نیگەرانی لەناو هێزە چەكدارەكان، مانای وایە واشنتۆن خۆی بۆ ئەنجامدانی شتێك ئامادە دەكات، كودەتای نوێش كارێكی ئاسایی نابێت، بەڵكو بە ڕێوشوێنێكی نوێ‌ ئەنجامدەرێت لەڕێی كەرتكردنی حزبەكەی (ئەردۆغان) و پێكهێنانی هاوپەیمانێتیەكی سیاسی كە دەبێتە پشتی ئەو كودەتایە.
ئەو نوسەرە هێرشێكی توندی كردووەتە سەر(عەبدوڵا گویل) سەرۆك كۆماری پێشوی توركیاو هاوڕێی (ئەردۆغان)، كە لەهەوڵی پێكهێنانی حزبێكی سیاسیدایە بۆ كێبڕكێكردن لەگەڵ ئەردۆغان و حزبەكەی. 

شاردنەوەی شكست  
پێدەچێت حكومەتی (ئەردۆغان) ڕاپۆرتەكەی قۆستبێتەوە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی زیاتری دامەزراوەی سوپا، ڕۆژی سێ‌ شەممەی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی توركیا فەرمانی دەستگیركردنی 700 كەسیان دەركرد كە لەنێویاندا 157 سەربازی تێدایە ئەوەش لەتازەترین هەڵمەتی پاكتاوكردن  كە فەرمانبەرەكانی دەوڵەتی كردوەتە ئامانج. 
(بوڵنت كوش) ئەندامی پارتی گەلی كۆماری ئۆپۆزسیۆن پێشبیینكردن كە دووبارە دەبێتەوە لە میدیاكانی پشتیوانی حكومەت سەبارەت بە نزیكی ڕوودانی كودەتایەكی نوێ‌، هیچ نییە جگە لە تاكتیكێك بۆ شاردنەوەی داڕمانی ئەزمونی پارتی دادوگەشەپێدان و شكستهێنانی حوكمی تاكەكەس.
بەوتەی (كوش) وەك ئەوەی لە پێگەی (ئەحوال)توركیدا هاتووە، كودەتایەكی تر ڕوونادات لەسایەی هەژموونی حكومەتی توركیا بەسەر تەواوی دامەزراوەكانی دەوڵەتدا، بە سوپا و هەواڵگری و دادوەری و میدیاكانیشەوە.
دەشڵێت: حكومەتی ئەردۆغان میدیاكان بەكاردەهێنێت بۆ خولقاندنی وێنەیەك كە ئاماژە بە بوونی مەترسی ڕوودانی كودەتا بكات. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand