Draw Media

یەكێتی لەسەردەمی ماڵباتی تاڵەبانیدا

یەكێتی لەسەردەمی ماڵباتی تاڵەبانیدا

2020-02-18 18:06:31


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
دواجار یەكێتی نیشتمانی كوردستان كەوتە دەست ماڵباتی تاڵەبانی، بەڵام ئەمە سەرەتای گەمەكەیە، كۆسرەت رەسوڵ‌و مەكتەب سیاسییەكانی پێشتری حزب هێشتا ئاڵای سپییان بەرزنەكردوەتەوە، چەندین ئاڵنگاری چاوەڕوانی لاهور شێخ جەنگی‌و بافڵ تاڵەبانی دەكەن، ئامۆزاكان (نەوەی دووەمی تاڵەبانییەكان) لە زەمەنێكدا دەسەڵات دەگرنەدەست، كە حزب بەدۆخێكی پەرتەوازەیی دارایی‌و سەربازی‌و میدیایدا تێدەپەڕێت، ئایا هاوسەرۆكەكان یەكێتی هەڵدەسێننەوە ؟ 

یەكێتی لەسەردەمی حوكمی ئامۆزاكاندا 
دوای نزیكەی دوو مانگ لە بەڕێوەچوونی كۆنگرە، دواجار یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوو هاوسەرۆكی بۆ بەڕێوەبردنی حزبەكە هەڵبژارد.
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كە لە (121) كەس پێكدێت، ئەمڕۆ كۆبووەوە، لەم ژمارەیە (91) كەس بەشداربوون لە كۆبونەوەكەدا، (90) كەسیان دەنگیاندا بۆ هەڵبژاردنی هەریەكە لە لاهور شێخ جەنگی‌و بافڵ تاڵەبانی وەكو هاوسەرۆكی یەكێتی‌و بەمجۆرە سەردەمی حوكمی ئامۆزاكان‌و نەوەی دووەمی تاڵەبانییەكان دەستیپێكرد.
هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی هاوسەرۆكەكان، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی هەموو ماددەكانی پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندكرد كە لە (77) مادە پێكدێت، بەمەش یەكەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی كە لە دوای كۆنگرەوە بەشێوەیەكی كراوە هێڵدرابووەوە، كۆتایی هات.

لە جێگرەوە بۆ كارگێڕ
پرسی جێگرانی هاوسەرۆكی یەكێتی كە یەكێك لە بابەتە كێشە لەسەرەكان بوو لەنێوان جەمسەرەكانی یەكێتیدا، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا یەكلاكرایەوە.
بەپێی ئەوەی لە پەیڕەودا بڕیاری لەسەر دراوە، هاوسەرۆكەكانی یەكێتی جێگریان نابێت، لەبری جێگر (5) كارگێڕیان دەبێت.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەبارەی پڕكردنەوەی پۆستەكانی كارگێڕ ناكۆكی هەیە، كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی داوا دەكات هەردوو كوڕەكەی (دەربازو شاڵاو) دوو پۆستی كارگێڕ وەربگرن، ئەمە تائێستا رێككەوتنی لەسەر نەكراوە.
بۆ پۆستی كارگێڕ ناوی چەند كەسێكی تر لە ئارادایە لەوانە (رەفعەت عەبدوڵا)‌و (قادر عەزیز).

چارەنوسی بەرهەم ساڵح
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كە پێشتر كاندیدی بەهێز بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی یەكێتی، دواجار لە گەمەكە كرایەدەرەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتیدا پێشنیاز كراوە بەرهەم ساڵح بكرێت بە سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی، بەڵام ئەو پێشنیازە دەنگی نەهێناوە.
پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، مستەفا چاوەڕەش بكرێت بە سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی، بەوپێیەی بەتەمەنترین ئەندامی سەركردایەتییە‌و هەموو كۆبونەوەكانی یەكەمین دانیشتنی ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەو سەرپەرەشتی كردوون.
بەمەش بەرهەم ساڵح تائێستا تەنیا یەك پۆستی حزبی هەیە لەناو یەكێتیدا كە ئەویش ئەندامی سەركردایەتییە‌و بە "تەزكیە" لە كۆنگرەی چوارەمدا ئەو پۆستەی پێدراوە.

یەكێتی لە دەستی ماڵباتی تاڵەبانیدا
لەدوای نەخۆشكەوتی جەلال تاڵەبانی سەركردەی مێژوویی حزبەكەوە لە ساڵی 2012دا، كێشمەكێشی زۆر لەنێوان سەركردەكانی یەكێتی لەبارەی خاوەندارێتی حزبەكەوە دروستبوو، ئەو كێشمەكێشانە لە قۆناغێكدا دروستبوونی "ناوەندی بڕیار"ی لێكەوتەوە بە سەرۆكایەتی كۆسرەت رەسوڵ، لە قۆناغێكی تردا سەریكێشا بۆ جیابونەوە‌و بەرهەم ساڵح جێگری سكرتێری ئەوكاتی یەكێتی لە حزبەكە، بەر لە كۆنگرەی چوار، بەرهەم ساڵح لەڕێگەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتی، پێشتریش ناوەندی بڕیار كە باڵێكی بەهێز بوو لەدژی ماڵباتی تاڵەبانی، لە مانۆڕێكی كۆسرەت رەسوڵدا لەگەڵ ماڵباتی تاڵەبانیدا لەناوچوو.
دواجار كۆنگرەی چوارەم، یەكێتی نیشتمانی لەسەر سینییەكی زێڕین خستەبەردەم ماڵباتی تاڵەبانی، ئێستا لە كۆی (121) كەس لە سەركردایەتی نوێی یەكێتی، (90) كەسیان یەكلابونەتەوە بۆ ماڵباتی تاڵەبانی.
لەدوای هەڵبژاردنی كوڕە گەورە‌و برازایەكی جەلال تاڵەبانی وەكو هاوسەرۆك، ئێستا پرسیارە گەورەكە ئەوەیە ئایا یەكێتی نیشتمانی هاوشێوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەتەواوەتی بووە بە حزبێكی بنەماڵەیی یاخود نا ؟
هەندێك پێیانوایە لە ئێستاوە سەرەتای قۆناغی بەبنەماڵەیی بوونی یەكێتی دەستپێدەكات، هەندێكی تر چاوەڕوانی كات دەكەن‌و دەڵێن هێشتا لەناو یەكێتی دیار نییە كێ سەنتەری بڕیارە، كۆسرەت رەسوڵ‌و مەكتەب سیاسییەكانی پێشتری حزب بەهێزن‌و دەتوانن بەرەنگاری بەبنەماڵەبوونی حزبەكە بینەوە.

ئاڵنگاریی بەردەم هاوسەرۆكەكان
لە ساڵی 2012وە بەهۆی نەخۆشكەوتنی تاڵەبانییەوە، یەكێتی بەبێ سەرۆك بەڕێوەچووە، دوای هەشت ساڵ ئەمڕۆ لەبری یەك سەرۆك یەكێتی دوو سەرۆكی هەڵبژارد.
هاوسەرۆكەكانی یەكێتی وەكو ئەوەی پێشبینیی دەكرا، دوای هەڵبژاردنیان هیچ قسەیەكی ئەوتۆیان نەكرد كە تینوێتی یەكێتییەكان بۆ سەرۆك بشكێنێت.
یەكێك لەو دروشمانەی كە هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكە نوێیەكانی یەكێتی لە چەند ساڵی رابردوودا هەڵیانگرتبوو، دروشمی "هەستانەوەی یەكێتی" بوو، ئایا دەتوانن یەكێتی هەڵسێننەوە ؟ 
چەند ئاڵنگارییەك لەبەردەم هاوسەرۆكە نوێیەكانی یەكێتیدایە، ئەو ئاڵنگارییانە چارەنوسی یەكێتی‌و دەسەڵات لەناو یەكێتی لە چەند ساڵی داهاتوودا دیاری دەكەن، دیارترین ئاڵنگارییەكان ئەمانەن:

هاوسەرۆكایەتی.. كێشە یان چارەسەر
بەڕێوەبردنی حزب بەشێوەی هاوسەرۆكایەتی یەكێك لە دیارترین ئەو ئاڵنگارییانەیە كە لە چەند ساڵی داهاتوودا روبەڕووی یەكێتی دەبێتەوە.
بەڕێوەبردنی حزب لەلایەن دوو سەرۆكەوە مۆدێلی كاركردنی پارتی كرێكارانی كوردستان‌و حزبەكانی سەربە (پەكەكە)یە بە جۆرێك لە دەستكارییەوە، بۆ یەكێتی ئەمە یەكەمین ئەزمونی بەڕێوەبردنە.
لەناو پەكەكە‌و حزبەكانی سەربە پەكەكەدا هاوسەرۆكایەتی بە پلەی یەكەم بۆ راگرتنی باڵانسی جێندەرییە لەنێوان پیاوان‌و ژناندا، بەڵام لە مۆدێلەكەی یەكێتیدا كۆتایهێنانە بە ناكۆكی دوو كارەكتەری سیاسی بەهێزی ناو یەك ماڵباتدا كە هەریەكە لە لاهور شێخ جەنگی‌و بافڵ تاڵەبانییە، ئایا هاوسەرۆكایەتی كۆتایی بە ناكۆكییەكان دەهێنێت، یاخود بڕیاری سیاسی یەكێتی لە داهاتوودا دوچاری ئیفلیجبوون دەكات، كێشەیەك كە لەدوای نەخۆشكەوتن‌و كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی باوكەوە یەكێتی بەدەستییەوە دەناڵێنێت. 
دارایی یەكێتی كە پێشتر لەچوارچێوەی ئیدارەی گشتی‌و كۆمپانیای نۆكاندا لە قاڵبدرابوو، لەدوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانییەوە پەرش‌و بڵاوبووە لەنێوان جەمسەرەكانی یەكێتیدا، بەجۆرێك ئێستا بە دیاریكراوی نازانرێت موڵك‌و ماڵەكانی حزب لای كێن، كۆكردنەوەی دارایی حزب ئاڵنگاریەكە لەبەردەم هاوسەرۆكەكاندا، بەتایبەت لە كاتێكدا لەكاتێكدا پەیڕەوی ناوخۆ دەسەڵاتی دارایی بە هاوسەرۆكەكان بەخشیوە.

یەكێتی لەسەر ئاستی ناوخۆ
یەكێكی تر لەو ئاڵنگارییانەی كە روبەڕووی هاوسەرۆكە نوێیەكانی یەكێتی دەبێتەوە، چۆنیەتی مامەڵەكردنە لەگەڵ كێشەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا.
لاهور شێخ جەنگی‌و بافڵ تاڵەبانی كە ئێستا هاوسەرۆكایەتی یەكێتی دەكەن، لەماوەی رابردوودا بە دروشمی وەستانەوە لەدژی سیاسەتەكانی پارتی لەناو جەماوەریی یەكێتیدا دەنگ‌و پشتیوانییان كۆكردەوە، دوای دەستبەكاربونیان وەكو سەرۆك چۆن مامەڵە لەگەڵ پارتی دەكەن ؟ مامەڵەیان لەگەڵ بارودۆخی سیاسی‌و ئەو دابەشبوونە حزبییەدا چۆن دەبێت كە لە زۆنی سەوزدا هەیە ؟ 
پارتی كە پێشتر ڤیتۆی لەسەر بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی هەبوو، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ئێستا ڤیتۆكەی هەڵگرتووە‌و بڕیاریداوە مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیعدا بكات، واتە پارتی بەپێی هێزی هەریەكەیان مامەڵە لەگەڵ دامەزراوە تازە هەڵبژێردراوەكانی یەكێتیدا دەكات.
پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان ئاڵنگارییەكی تری ناوخۆییە لەبەردەم هاوسەرۆكەكاندا، یەكێتی دوو رێككەوتنی لەگەڵ گۆڕاندا هەیە، یەكێكیان رێككەوتنی سیاسییە‌و ئەوی تریان رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێییە لە سلێمانی‌و هەڵەبجە، رێككەوتنی یەكەم لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەڵپەسێردراوە‌و رێككەوتنی دووەمیش كە حكومەتی خۆجێییە وادەكەی بەسەرچووە‌و پێویستی بە نوێكردنەوە هەیە.
سەرباری ئەو دوو رێككەوتنە، رووداوەكانی تەقەكردن لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی، پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزبی ئاڵۆزكردووە، بەڵام سەرباری هەموو ئەو رووداوانە، سەركردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان چاوەڕوانی ئەوەیە دوای هەڵبژاردنی هاوسەرۆكەكان، كۆبونەوەیەكی سێقۆڵی لەگەڵ یەكێتی‌و پارتیدا بكات.
چۆنیەتی مامەڵەكردنی لەگەڵ گۆڕان لە قۆناغی داهاتوودا، سیاسەتی یەكێتی لەبەرامبەر ئەو هێزانە نیشان دەدات كە لە سلێمانی پێگەی جەماوەرییان هەیە، هاوسەرۆكەكانی یەكێتی لەوانەن كە چاویان لەوەیە لەڕووی پێگەی جەماوەرییەوە فەرشەكە لەژێر پێی گۆڕان رابكێشن‌و خەونی ئەوەیان هەیە شەقامی سلێمانی بەتەواوەتی لە گۆڕان داببڕن، سەركەوتنی ئەم سیاسەتە ئەنجامەكانی لە قۆناغی داهاتوودا دەردەكەون، بەتایبەتش لەكاتێكدا ئێستا سازدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە لە عێراق لە ئارادایە، ئەو هەڵبژاردنە یەكەمین تاقیكردنەوە دەبێت بۆ هاوسەرۆكەكانی یەكێتی.

یەكێتی لەسەر ئاستی دەرەوە
هێشتا یەكلانەبوەتەوە هاوسەرۆكەكانی یەكێتی لەسەر ئاستی وڵاتانی دەرەوە‌و عێراق چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، قۆناغی داهاتوو دەریدەخات ئێران، توركیا، عێراق، ئەمریكا‌و وڵاتانی ئەوروپا مامەڵە لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ‌و ئەنجومەنی باڵای سیاسی دەكەن یاخود هاوسەرۆكەكانی یەكێتی ؟ 
یەكێتی كە لەسەردەمی تاڵەبانی باوكدا رۆژگارێك لەسەر ئاستی هەرێمایەتی‌و نێودەوڵەتی پێگەیەكی بەهێزی سیاسی‌و دیپلۆماسی هەبوو، ئێستا ئەو پێگەیە پاشەكشێی گەورەی كردووە، ئایا هاوسەرۆكەكان جڵەوی ئەو پەیوەندییانە لە دەستی خۆیاندا توند دەكەن، یاخود لەبەردەم لەبەردەم بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمارو مەكتەب سیاسییەكانی ناو ئەنجومەنی باڵای سیاسیدا پاشەكشێ دەكەن ؟

یەكێتی‌و هەستانەوەی سلێمانی
لەدوای جیابونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان‌و نەخۆشكەوتنی تاڵەبانییەوە بەردەوام باس لە پاشەكشێی سیاسەتی سلێمانی دەكرێت لەبەرامبەر پارتی‌و دەسەڵاتدا لە هەولێر، ئەمە بۆ هاوسەرۆكەكانی یەكێتی ئانگارییەكی ترە.
ئایا هاوسەرۆكەكان چۆن هێزی سیاسی بۆ زۆنی سەوز‌و سلێمانی دەگێڕنەوە ؟ لەكاتێكدا هەموو ئەو پاشەكشێیانەش دەبەسترێتەوە بەوەی بڕیار لەناو یەكێتی پەرتبووە‌و كەسی بڕیار بەدەست لەناو حزبەكەدا نەماوە.
پاشەكشێی سلێمانی لەڕووی ئابوری‌و بازرگانی‌و خزمەتگوزارییەوە یەكێكی ترە لە ئاڵنگارییەكانی بەردەم هاوسەرۆكەكان، دەستگرتنی بەرپرسە حزبییەكان بەسەر دۆخی بازاڕو بازرگانیدا لە زۆنی سەوز چۆن چارەسەر دەكرێت ؟ ئایا هاوسەرۆكەكان دەتوانن دەستی سیاسی لەناو بازاڕدا ببڕن یاخود درێژە بە بارودۆخی باو دەدەن ؟ ئاشتكردنەوەی شەقام لەگەڵ یەكێتی پێویستی بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانە بە خەڵك، لەم بوارەدا هاوسەرۆكەكان چییان پێدەكرێت ؟

یەكێتی‌و گوتاری میدیایی
یەكێتی نیشتمانی كە سەردەمانێك لە شاخ‌و شار خاوەنی یەهێزترین گوتاری میدیایی بوو، ئەم ساڵانەی دوایی پاشەكشێی گەورەی كردووە، ئێستا میدیاكانی یەكێتی بەدەست كێشەی دارایی‌و نەبوونی گوتارێكی سیاسی روونەوە دەناڵێنن، میدیا بەهێزەكەی جاران بووە بە چەندین میدیای بچوك كە گوزارشت لە كارەكتەرو جەمسەرەكانی ناو حزب دەكەن، نەك گوتارێكی یەكگرتوو، ئایا هاوسەرۆكەكان دەتوانن هاوسەنگی میدیایی لەبەرامبەر پارتیدا دروستبكەن بەتایبەتیش دوای ئەو پاشەكشێ گەورەیەی كە لەو مەیدانەدا كردویانە ؟

یەكێتی‌و هێزی سەربازی
هێزی سەربازی یەكێتی كە پێشتر لەژێر كۆنترۆڵی تەواوەتی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانیدا بوو، ئێستا پەرتبووە بەسەر كارەكتەرە سیاسییەكاندا.
هەریەكێك لە جەمسەكانی ناو یەكێتی لیواو فەوجی تایبەت بەخۆیان هەیە، دەسەڵاتی سەربازی تائێستا لە پەیڕەوی ناوخۆدا یەكلانەبووەتەوە لای كام دامەزراوە دەبێت، بەڵام پێشبینی دەكرێت فەرماندەیی هێزەكانی پێشمەرگەی یەكێتی بدرێت بە كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی.
بڕیاری سەربازی یەكێتی لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا بەتەواوەتی لەنێوان ماڵباتی تاڵەبانی‌و كۆسرەت رەسوڵدا لە كەركوك، دابەشبوو.
هێزی سەربازی‌و ئەمنی یەكێتی بەمشێوەیە دابەشبووە:
•    هێزەكانی دژە تیرۆرو دەزگای زانیاری لای لاهور شێخ جەنگییە
•    هێزەكانی (70)ی پێشمەرگەی یەكێتی لای مستەفا چاوڕەشە
•    زۆربەی بەرپرسەكانی ئاسایش‌و پۆلیس لەژێر كۆنترۆڵی بافڵ تاڵەبانیدان 
•    لیواكانی سكرتاریەت لەژێر كۆنترۆڵی بافڵ تاڵەبانیدان
•    لیوای (3)‌و لیوای (7)ی هێزی پێشمەرگە لەژێر كۆنترۆڵی كۆسرەت رەسوڵدایە
•    هەریەكە لە مەحمود سەنگاوی‌و جەعفەر شێخ مستەفا‌و عومەر فەتاح خاوەنی لیواو فەوجی تایبەت بە خۆیانن

یەكێتی‌و ئازادی رادەربڕین
ئەو ناوچەیەی كە هاوسەرۆكەكانی یەكێتی دەیانەوێت تێدا هەستنەوە ناوچەیەكە كە بەوە ناسراوە، ناوچەی خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی‌و گلەیی‌و پلارو تانەی سیاسییە، مامەڵەی هاوسەرۆكەكانی یەكێتی بە باگراوەندێكی ئەمنییەوە لەگەڵ پرسی ئازادییە گشتییەكان لە سلێمانی‌و ئەوەی ناوی لێنراوە زۆنی سەوز چۆن دەبێت ؟
لەسەردەمی تاڵەبانی باوكدا، یەكێتی پەراوێزێكی بۆ ئازادی كاری میدیا‌و خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی شەقام هێشتبووەوە، ئایا كوڕەو برازاكەی تاڵەبانی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا دەكەن ؟ بەتایبەتی لەكاتێكدا كە یەكەمین ئەزمونی سەرۆكایەتی تاقیدەكەنەوە‌و نایانەوێت دوچاری شكست ببن.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand