Draw Media

بۆ دابەشكردنی پۆستەكان كورد لەگەڵ شیعە‌و سوننەدا كۆدەبێتەوە

بۆ دابەشكردنی پۆستەكان كورد لەگەڵ شیعە‌و سوننەدا كۆدەبێتەوە

2020-02-18 15:36:42


(درەو):
كورد بە یەك وەفدی هاوبەشەوە لە بەغداد لەبارەی دابەشكردنی پۆستەكان لەگەڵ پێكهاتەی شیعە‌و سوننەدا كۆدەبێتەوە، كۆبونەوەی لایەنەكان لە یەك وەفددا دوای ئەوە هات دانوستانەكانی بارزانی لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی گەیشتە بنبەست، دروستكردنی وەفدی هاوبەش لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی، كۆتایی بە كارەكانی "گروپی 15" دەهێنێت.

وەفدی كوردستان
وەفدی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەرەو بەغداد بەرێكەوتن، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئێوارەی ئەمڕۆ لەماڵی عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە لەگەڵ سەركردەی لایەنە شیعەكان یاخود ئەوەی ناوی لێنراوە "بەیتی شیعی" كۆدەبنەوە.
(درەو) زانیویەتی، وەفدە هاوبەشەكەی كورد سبەینی لەگەڵ هەریەكە لە محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێدراوی عێراق‌و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماردا‌و نوێنەرانی پێكهاتەی سوننەدا كۆدەبنەوە.
وەفدی كورد پێكهاتوون لەم كەسانە:
* لە پارتی دیموكراتی كوردستان (هۆشیار زێباری، جەعفەر ئیمینیكی) ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی 
* لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان (لاهور شێخ جەنگی) هاوسەرۆكی یەكێتی‌و (سەعدی ئەحمەد پیرە، جوان ئیحسان، ئاڵا تاڵەبانی) ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی
* لە بزوتنەوەی گۆڕان (دەرباز محەمەد) ئەندامی خانەی راپەڕاندن
* لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (خەلیل ئیبراهیم) كارگێری ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو، (جەمال كۆچەر) سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق
* لە كۆمەڵی ئیسلامی (سەلیم شوشكەیی) سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق
* نوێنەرانی پێكهاتەی توركمان‌و كلدو ئاشوری بەشدارن لە وەفدەكەدا
(درەو) زانیویەتی، كۆكردنەوەی لایەنە كوردییە سەرەكییەكان لە وەفدێكی هاوبەشی دانوستانداردا لە بەغداد، بە هەوڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە.

ئەجێندای وەفدی كوردستان
كۆكردنەوەی لایەنە كوردییەكان لە وەفدێكی هاوبەشدا دوای ئەوەدێت هەوڵ‌و دانوستانەكانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق گەیشتە بنبەست.
بارزانی دانانی كاندیدی سەربەخۆ بۆ پڕكردنەوەی وەزارەتەكانی حكومەتی عێراق ئەوانەی لە پشكی كوردن رەتدەكاتەوە، داوا دەكات حزبەكان كاندید بنێرن، بەڵام محەمەد تۆفیق عەلاوی رەتیدەكاتەوە‌و سورە لەسەر ئەوەی پۆستەكانی حكومەتەكەی لە خەڵكانی سەربەخۆ پڕبكاتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەر لە رۆیشتنیان بۆ ماڵی عەممار حەكیم، لایەنە كوردییەكان لە بەغداد پێكەوە كۆدەبنەوە.
پێكهاتەی شیعە كە زۆرینەی پەرلەمان پێكدەهێنن، پشتیوانی خۆیان بۆ محەمەد تۆفیق عەلاوی راگەیاندووە لەوەی خەڵكانی سەربەخۆ لە پۆستە وزارییەكاندا دابنێت، بەڵام پێكهاتەی سوننە، بەدیاریكراویش محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان هاوڕای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییە‌و داوای كاندیدی حزبی دەكات.
ئەجێندای كۆبونەوەی لایەنە كوردییەكان لەگەڵ شیعەكاندا تائێستا روون نییە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، وەفدی كوردی لە كۆبونەوەكانیدا جەخت لەسەر هەمان داواكاری بارزانی دەكات لە دانانی كاندیدەكاندا.
بەشداربوونی نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی ئیسلامی لە وەفدە هاوبەشەكەدا كۆتایی بە رۆڵی ئەو گروپە دەهێنێت كە لە 15 پەرلەمانتاری هەرسێ حزبەكە‌و چەند پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق دروستكراوە‌و ناوی لێنراوە "گروپی 15".
گروپی 15 پێشتر دووجار لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی كۆبونەوە‌و داوایانكرد خەڵكی سەربەخۆ لەو پۆستانەدا دابنێت كە لە كابینەكەدا بەر كورد كەوتوون.
ئەجێندای وەفدی كوردستان تائێستا پرسی یەكلاكردنەوەی كاندیدی ئەو پۆستانەیە كە لە كابینەی نوێی حكومەتدا لە عێراق بەر كورد دەكەون، بەهۆی ئەوەی حكومەتەكە كاتییە‌و بۆ ماوەی یەكساڵ كاردەكات، هێشتا بابەتی كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان‌و بودجە‌و پێشمەرگە‌و دەسەڵاتەكانی هەرێم نەبووە بە تەوەری سەرەكی گفتوگۆی وەفدی دانوستانكاری كورد.

كورد لە كابینەی عەلاویدا
كابینەی نوێی حكومەتی عێراق كە عەلاوی سەرۆكایەتی دەكات، كابینەیەكی كاتییە‌و بۆ ماوەی یەك ساڵ بەردەوام دەبێت، بەپێی ئەوەی بڕیاری لەسەر دراوە دەبێت لەماوەی ئەو ساڵەدا عەلاوی بانگەواز بكات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی پێشوەختە لە عێراقدا.
لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا هاوشێوەی كابینەكەی عەبدولمەهدی، سێ پۆستی وزاری بۆ كورد دانراوە، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی كورد داوای زیادكردنی پۆستەكانی بكات بۆ (4) بۆ (5) وەزارەت.
لەكابینەی عەبدولمەهدیدا كورد وەزارەتەكانی (دارایی- ئاوەدانكردنەوە‌و نیشتەجێكردن- داد)، پارتی وەزارەتی (دارایی‌و ئاوەدانكردنەوە)ی وەرگرت، یەكێتیش وەزارەتی داد.
لەكابینەی عەبدولمەهدیدا كورد بە پەرتەوازەیی گفتوگۆی كرد، پۆستی سەرۆك كۆمار كە بەر كورد كەوتەوە، لە دەرەوەی رێككەوتنی سیاسی لایەنە كوردییەكان بەدیاریكراویش پارتی‌و یەكێتی یەكلاكرایەوە، پۆستە وزارییەكانیش دوای ناكۆكییەكی زۆر لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا یەكلاكرانەوە، وەزارەتی داد كە بەر یەكێتی كەوتبوو، بەهۆی ناڕەزایەتی پارتییەوە، كاندیدەكەی دوای شەش مانگ دەستبەكاربوو.
دیارنییە وەفدی لایەنە كوردییەكان تا چ كاتێك بە یەكگرتوویی دەمێننەوە لە دانوستانی ئەمجارەیاندا لە بەغداد.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand