لاهور شێخ جەنگیی لەیەكەم ئەركدا وەكو هاوسەرۆك
2020-02-18 13:58:01
(درەو):
دوای هەڵبژاردنی وەكو هاوسەرۆكی یەكێتی، لاهور شێخ جەنگی لە یەكەمین ئەركیدا وەكو هاوسەرۆك، بە سەرۆكایەتی وەفدێك بەرەو بەغداد بەرێكەوت.
وەفدەی هاوڕێی لاهور شێخ جەنگی پێكهاتوون لە هەریەكە لە سەعدی ئەحمەد پیرەو ئاڵا تاڵەبانی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتیو جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق.
سەردانی هاوسەرۆكو وەفدی یەكێتی بۆ بەغداد بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد تۆفیق عەلاوی.
لە كابینەی عادل عەبدولمەهدیدا لە كۆی سێ وەزارەت كە بەر كورد كەوت، یەكێتی تەنیا یەك وەزارەتی وەرگرت كە وەزارەتی داد بوو، فاروق ئەمین شوانی پۆستەكەی وەرگرت.
رۆژی یەكشەممە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە سەربە پێكهاتەی سوننەكانە سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەوەو دواتریش سەردانی سلێمانی كردو لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی كۆبووەوە.
سەردانی وەفدی یەكێتی بۆ بەغداد لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەكاتێكدایە، پێَشتر سەرۆكایەتی هەرێمو لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئەوە رێككەوتن دانوستانی كورد لەگەڵ بەغداد لەڕێگەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە بێت.
پێشتر مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە دەرەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم دانوستانی لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی دەستپێكرد، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە یەكێتیش بەشێوەی سەربەخۆ دانوستان دەستپێدەكات.
بارزانیو محەمەد حەلبوسی دانانی كاندیدی سەربەخۆ بۆ پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكان رەتدەكەنەوە، ئەمە ئاستەنگی بۆ كارەكانی محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق دروستكردووە.
سەرچاوەكان باسلەوەدەكەن، عەلاوی كاندیدی زۆربەی وەزارەتەكانی یەكلاكردوەتەوە، تەنیا پۆستەكانی كوردو پێكهاتەی سوننە ماون، كە بەهۆی ناڕەزایەتی حەلبوسیو بارزانییەوە تائێستا كاندیدەكانیان یەكلانەبوەتەوە.
نازانرێت هاوسەرۆكە نوێیەكانی یەكێتی چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسەكە دەكەن، لە دوای سەردانی ئەمڕۆی لاهور شێخ جەنگییەوە بۆ بەغداد، مامەڵەی یەكێتی لەگەڵ كەیسی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق روون دەبێتەوە.
پێشتر كە یەكێتی هاوسەرۆكەكانی هەڵنەبژاردبوو، دۆسیەی بەغداد لای بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بوو كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییە، بەڵام بە رۆیشتی لاهور شێخ جەنگی بۆ بەغداد، چیتر دۆسیەكە بەتەنیا لای بەرهەم ساڵح نامێنێتەوە.