رێگریەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان
2018-04-28 19:59:36
بەپێی بڕگەی دووەمی مادەی دووەمی پەیڕوی بانگەشەی هەڵبژاردن كەلەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە دانراوە، تیایدا هاتووە: ( بانگەشەی هەڵبژاردن ئازادە بۆ تەواوی لیست و قەوارە سیاسی و هاوپەیمانێتیەكان و كاندیدەكان ) .
بەڵام زۆرێك لە لیست و قەوارە سیاسی و كاندیداكانی هەڵبژاردن روبەرووی رێگریكردن و سوكایەتی پێكردن دەبنەوە لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا، بەتایبەتیش لە هەولێرو دهۆك و سنوری ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان، رێگری لەبەردەم لیستە نەیارەكانی درووست دەكرێت و بانگەشەی هەڵبژاردنیان لێبەرتەسك دەبنەوە، لە كاتێكدا بەرپرسیارێتی حكومەت و دەزگا ئەمنیەكانە ئەركی رەخساندنی ژینگەیەكی لەبار برەخسێنن تا لیستەكان بە ئاسایی بتوانن بەرنامەی خۆیان بگەیننە هاوڵاتیان.
پشێوی تەنها لە كوردستان
لە ئێستادا لیستە كوردیەكان لە شاری كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان بانگەشەی خۆیان دەكەن، لە كاتێكدا بەشێك لە حزبەكان ئەو ناوچانە بە داگیركراو لەقەڵەم دەدەن و بەشداری هەڵبژاردنیان لەو ناوچانە نەكردووە، بەڵام ئەگەرچی تا ئێستا بارودۆخی روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لەسەر ئەو ناوچانە ماوەو بەتەواوی ئاسایی نەبۆتەوە، بەڵام بەبەراورد بە خراپی بارودۆخەكە ئاستی بانگەشەی لیستەكان ئاساییە.
بەڵام ئێستا ململانێ و رێگریەكان لە هەرێمی كوردستان لە چاو تەواوی پارێزگاكانی تری عێراق جیاوازە، زۆرێك لە لیستەكان نیگەرانیەكانیان ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستان و دەسەڵاتە ئەمنیەكانی ژێر كۆنترۆڵی ئەو حزبەیە، لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەكانەوە رێگریەكانی ئەو هێزە بۆ لیستەكانی دیكە دەركەوتوون،
لەیەكەم شەوی بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەرپرسانی نەوەی نوێ رایان گەیاند: "لەلایەن چەكدارانی پارتیەوە" لە سۆران هێرشكراوەتە سەر بارەگاكەیان و هونەر جاسم، ئەندامی ئەنجومەنی نەوەی نوێ لە سۆران رایگەیاندووە، بە مەبەستی رێگری لە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ لیستی نەوەی نوێ، "ژمارەیەك چەكداری پارتی هەڵیان كوتاوەتە سەر بنكەیەكی نەوەی نوێ لە سۆران و دەستیان بەسەر كەل و پەل و بنكەكەدا گرتووە". بەرپرسانی نەوەی نوێ دەڵێن پێش دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن پێشێلكارییەكان بەرامبەر لیستی نەوەی نوێ دەستیانپێكرد، پێش كاتژمێر١٢ی شەوی ١٤ مانگ، بۆ رێگریكردنی لە بانگەشەكردن بۆ لیستی نەوەی نوێ، ژمارەیەك چەكدار لە سۆران دەستیان بەسەر بارەگاكە و كەلوپەلەكانی ناویدا گرت. هاوكات بەرپرسانی نەوەی نوێ دەڵێن، یەكێتیش لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بەشێك لە پۆستەرەكانی نەوەی نوێی لێكردووەتەوە. لە سلێمانی، كادیرانی پارتی بەشێك لە پۆستەرەكانی لیستی نەوەی نوێیان لێكردەوە و دڕاندیان كە لە نزیك بارەگای لقی چوار پارتیەوە هەڵواسرابوون.
هاكات بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان رایانگەیاند كە لەحاجی ئۆمەران ئۆفیسی (بزوتنەوەی گۆڕان) كە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاقی كرابووەوە بەدەستی چەند كەسێكی تاریك بیری نەناسراوەوە سوتێنرا، كە ڕاسپێردراوی دەستەڵات بوون.
بەڵام لە دوو رۆژی رابردوودا لە قەزای شەقڵاوە گرژی درووست دەبێت لە نێوان لایەنگرانی گۆڕان و پارتی ، كاوە محەمەد سەرۆكی لیستی بزتنەوەی گۆڕان لە هەولێر لە نوسێنێكدا سەبارەت بەو روداوە دەنوسێت، لەگەڵ ژمارەیەك لەكاندیدانی لیستەكە و هەڵسوڕاوان، دوای كردنەوەی بنكەی بانگەشە لەشەقڵاوە، سەردانی ناو بازاڕی شارۆچكەكەمان كرد، ئێمە بە هێمنیەوە دەستمانكرد بە بانگەشە بۆ بەرنامەی لیستەكەمان، بەڵام دواتر هەروەك پیشەی هەمیشەییان، چەند شەڵاتییەكی دەسەڵاتدارانی شكستخواردوو، بە قسەی ناشیرین و نابەجێ و هەندێ كاری منداڵبازاڕیانەی دیكە پشێویان خستە ناو بازاڕی شەقڵاوەوە و جارێكی دیكە بۆ هەموو لایەكیان سەلماند كە لە چ مەدرەسەیەك پەروەردە كراون و خاوەن چ ئاكار و رەفتارێكی (دیموكراتیانە)ن !
جگە لەوە، ئەوەی ئەمڕۆ لەشەقڵاوە روویدا و ئەوەی پێشتریش لەحاجی ئۆمەران و گەڕەكی (تەیراوە)ی هەولێر روویاندا، دەرخەری ئەو راستیەشن كە ئەو دەسەڵاتە ترسنۆك و خۆفرۆش و خاكفرۆشە بە تەواوی ئیفلاسی سیاسی و ئەخلاقی كردووە و لەكاتێكدا لەهەولێر فەرشی سوور بۆ عەبادی رادەخات، هاوكات بێ رێزی بەرامبەر مامۆستایان و مووچەخۆران و هێزی كوردستانیی ئۆپۆزسیۆن و رەخنەگری خاوەن ئیرادەی وەك گۆڕان دەكات، چونكە عەبادی بە رزگاركەری خۆی دەزانێت و گۆڕان و گۆڕانخوازان و خەڵكی تووڕە و ناڕازی هەرێمیش بە هەڕەشەی گەورەی سەر وجودی خۆی دەزانێت..
ئەم روداوو رێگری و پشێویانە چاوەڕوان دەكرێت لە رۆژەكانی كۆتایی هەڵمەتی هەڵبژاردن چڕترببنەوەو ململانێی توند لە نێوان لایەنەكان درووست بێت و رێگری و پێشێلكاریەكانیش زیاتر بن، بەو پێیەی چاوەروان دەكرێت لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا گۆڕانكاری لە رێژەی دەنگ و كورسیەكان رووبدات، بەو پێیەی لە چوار ساڵی رابردوو كۆمەڵێك گۆڕانكاری گەورە رویانداوەو كاریگەریان لەسەر ئەنجامی دەنگەكان دەبێت و لیستی نوێش درووست بووە، كە هەموو ئەوانە كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەكان دەبێت و هاوكات سەنگی هێزەكان دەخاتە روو.