Draw Media

دوو ژنە داعشی ئەڵمانی لە هەولێرەوە رەوانەی فرانكفۆرت كرانەوە

دوو ژنە داعشی ئەڵمانی لە هەولێرەوە رەوانەی فرانكفۆرت كرانەوە

2018-04-28 12:12:14


وەرگێڕان و ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ

رۆژنامەی " دی ڤێڵت"ی ئەڵمانیی چیرۆكی ئەو دوو ژنە ئەڵمانییەی ریزەكانی داعش دەگێڕێتەوە كە لە گرتوخانەیەكی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستاندا بوون و رۆژی پێنجشەممە بە فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانیی عێراق گەیەنرانەوە فڕۆكەخانەی فرانكفۆرت و حكومەتی ئەڵمانیا رێگەی پێداون سێ‌ منداڵەكەشیان لەگەڵ خۆیاندا ببەن، ئەوەش دوای سەلماندنی دایكایەتییان لەڕێگەی پشكنینی (DNA) وە.
رۆژنامەكە لە راپۆرتێكیدا ئاشكرایكردووە، ئەو دوو ژنە داعشە بە یاوەری پۆلیسی تاوانەكانی فیدراڵی ئەڵمانیا گەیەنراونەتەوە فرانكفۆرت و خۆیان و منداڵەكانیان رەوانەی لیژنەیە ئامۆژگاری تایبەت دەكرێن كە فەرمانگەی گەنجان بە یاوەری دەسەڵاتی دادوەری پێكیانهێناوە.

رۆژنامەی دی ڤێڵت: رۆژی پێنج شەممە دوو ژنە داعشە ئەڵمانیی و سێ‌ منداڵیان لە هەولێرەوە بە فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانی عێراق گەیەنرانە فرانكفۆرتی ئەڵمانیا


گەڕانەوەی ئەم ژنە داعشانە بۆ ئەڵمانیا لە كاتێكدایە ساڵی رابردوو پیتەر فرانك داواكاری گشتی ئەڵمانیا جەختیكردەوە كەمتەرخەم نابێت بەرامبەر ئەو ژنە ئەڵمانیانەی خۆبەخشانە پەیوەندییان كردووە بە ریزی رێكخراوە تیرۆریستییەكان و دواتر لە سوریا و عێراقەوە گەڕاونەتەوە بۆ وڵات، بەڵام دادگای فیدراڵی داواكارییەكی بۆ دەستگیركردنیان رەتكردەوە بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست لەسەریان.
دادگای ئەڵمانیا جیاكاری دەكات لەنێوان ئەو پیاوانەی كە پەیوەندییان بە داعشەوە كردووە و لە ریزەكانیدا جەنگاون، لەگەڵ ئەو ژنانەی كە زۆربەیان لەناو داعشدا كاری ناوماڵیان كردووە و سەرقاڵی بەخێوكردنی منداڵەكانیان بوون و بڕوای وایە لەسەر ئەم بنەمایە یاساكانی سزادانی ئەڵمانیا لەسەر ئەم جۆرە لە هاوكاری جێبەجێ ناكرێت.
پیتەر فرانك كانوونی دووەمی رابردوو تانەی لەم بڕیارەی دادگا دا، بەڵام دادوەرانی دادگای فیداڵی ئەڵمانیا تا ئێستا و دوای گەڕاندنەوەی ئەو دوو ژنەش ئەو كارەیان بە هەند وەرنەگرتووە، هەروەك چۆن خودی نەتەوە یەكگرتووەكانیش  لە بڕیارێكی پێشوودا داوایكرد مامەڵەی توند لەگەڵ ئەو ژنە داعشانەدا بكرێت كە هاوكارییان پێشكەشی رێكخراوی تیرۆریستییەكان كردووە.

" دی ڤێڵت":  زیاتر لە 80 ژنی ئەڵمانی كە لە ریزەكانی داعشدا بوون، ئێستا لە گرتوخانەكانی رۆژئاوای كوردستان و هەرێمی كوردستان و عێراقن و ئەم ژنانەش منداڵیان هەیە و هەندێك لە منداڵەكانیان لە سوریا و عێراق لە دایكبوون


بە گوێرەی راپۆرتەكەی " دی ڤێڵت" زیاتر لە 80 ژنی ئەڵمانی كە لە ریزەكانی داعشدا بوون، ئێستا لە گرتوخانەكانی رۆژئاوای كوردستان و هەرێمی كوردستان و عێراقن و ئەم ژنانەش منداڵیان هەیە و هەندێك لە منداڵەكانیان لە سوریا و عێراق لە دایكبوون و تا ئێستا 10 منداڵ دوای ئەنجامدانی پشكنینی (DNA) بۆ چەساندنی بنەچەیان بۆ ژنە ئەڵمانیا دەستگیركراوەكان گەڕێنراونەتەوە بۆ ئەڵمانیا.
ئەو دوو ژنە داعشەی كە رۆژی پێنجشەممە گەیەنرانەوە فڕۆكەخانەی فرانكفۆرت بریتین لە، (سیبیل . ه)  بە رەگەز تورك كە خەڵكی شاری ئۆفنباخی ویلایەتی هیسنە، ئەوتریشیان (زابینە .س) لە ویلایەتی بادن ڤۆرتمبێرگە كە لەم چەند ساڵەی دواییدا موسوڵمان بووە.
بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەك لە داواكاری گشتی ئەڵمانیا، (سیبیل . ه) دوای باوەڕهێنان بە ئایدیۆلۆژی داعش ساڵی 2013 لەگەڵ هاوسەری یەكەمیدا (عەلی .س) لە ئۆفنباخ پەیوەندیی بە رێكخراوی داعشەوە كردووە و ساڵی 2014 دوای كوژرانی هاوسەری یەكەمی لە شەڕەكانی عێراق و سوریا گەڕاوەتەوە ئەڵمانیا و پاشان ساڵی 2016 لەگەڵ ئەندامێكی تری داعش لە فرانكفۆرت بەناوی (دینیس. ب)  هاوسەرگیری كردووە و جارێكی تر لەگەڵ ئەو هاوسەرەیدا گەڕاوەتەوە بۆ سوریا و عێراق و لەكاتی شەڕ لەگەڵ داعشدا لە عێراق دەستگیركراون و براون بۆ گرتووخانەیەكی هەولێر.
(سیبیل) لەگەڵ منداڵە یەك ساڵانەكەیدا لە گرتوخانەی تەلەعفەری باكوری عێراق بوون و لە كانوونی دوومی رابردوودا لەو گرتوخانەیەدا منداڵی دووەمیشی بووە.
شوباتی رابردووش وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا سەركەوتوو بوو لە گەڕاندنەوەی منداڵێكی 14 مانگ كە بە یاوەری باپیری ( باوكی باوكی) لە عێراقەوە گەیشتەوە ئەڵمانیا و دەركەوت ئەو منداڵە، منداڵی (سیبیل .ه) 30 ساڵە و هاوسەری دووەمی (دینیس ب) كە وەك فریاگوزارێك لە داعشدا كاریكردووە لەكاتی گەمارۆی سەر موسڵ خۆی رادەستی هێزەكانی پێشمەرگە كردووە.
داواكاری گشتی ئەڵمانیا لەماوەی رابردووودا سەركەوتوو لە دادگاییكردنی سێ‌ ژنی ئەڵمانیی بە تۆمەتی هاوكاریكردنی رێكخراوێكی تیرۆریستی، بەڵام دووان لەوانە بە تۆمەتی رفاندنی منداڵەكانیان بۆ عێراق و سوریا چونە بەردەم دادوەر و سێیەمیش ژنێكی ئەڵمانی بە رەگەز پۆڵەندی بوو كە داواكاری گشتی توانی تۆمەتی هاوكاریكردنی داعش بسەلمێنێت.
ئەو ژنە ئەڵمانیایە بە رەگەز پۆڵەندییە ناوی (كارۆلینا ب) ە، هاوسەرگیری لەگەڵ داعشێك كردووە بەوتەی " فرێد. س) " دادگا ئەوەی بۆ دەركەوت كە پارەی كۆمەك و كامێرای گەیاندوەتە رێكخراوی داعش لە سوریا و عێراق و بەو هۆیەوە دادگا سزای سێ‌ ساڵ و نۆ مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپاند و ئێستا دوای تەواوبوونی حكومەكەی ئازادكراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لیژنەیەی تایبەتی پێكهێناوە كە ژمارەیەك پسپۆری ئاسایش و هەواڵگری تێیدا بەشدارن و ئەركیان دانوستان و گفتوگۆكردنە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق دەربارەی ئەو ژنە ئەڵمانیە داعشانەی لەگەڵ منداڵەكانیان لە زیندانەكانی عێراقدان و لە ماوەی رابردوودا دادگاكانی عێراق سزای توندیان بەسەر دوو ژنی ئەڵمانیدا سەپاند بە تۆمەتی ئەندامێتی داعش.
ئەو دوو ژنە ئەڵمانیا بریتی بوون لە (لیندا. ف) لە ویلایەتی سەكسۆنیا  و ( لەمیا. ك ) ئەڵمانیی بە رەگەز مەغریبی لە مانهایم و باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە بەغداد نامەیەكی ناڕەزایی ئاڕاستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق كرد بەهۆی سەپاندنی بڕیاری لەسێدارەدان بەسەر (لەمیا. ك) دا رۆژی 22ی كانوونی دووەمی 2018.
(لەمیا. ك)ی ( 50 ساڵ ) لە ریباتی پایتەختی مەغریب لەدایكبووە لە شاری مانهایمی ئەڵمانیا گەورەبووە و ساڵی 2014 لە رێگەی توركیاوە لەگەڵ دوو كچەكەیدا چووتە سوریا و لەوێ‌ شویان بە تیرۆریستانی داعش كردووە و چەند راپۆرتێكیش باس لە كوژرانی یەكێك لە كچەكانی دەكەن لە شەڕی دژ بە تیرۆر لە سوریا و عێراق.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand