Draw Media

ئەنجومەنی باڵای سیاسی دەبێتە سەرپەرشتیاری گشتی هێزەكانی یەكێتی

ئەنجومەنی باڵای سیاسی دەبێتە سەرپەرشتیاری گشتی هێزەكانی یەكێتی

2020-02-01 22:04:46


درەو:
بەپێی پرۆژەكەی ئەنجومەنی باڵای یەكێتی كە ناوەرۆكەكەی دەست (درەو) كەوتووە، ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی باڵاترین دەسەڵاتی یەكێتی و سەرپەرشتیاری هەموو هێزەكانی یەكێتی دەبێت و دەسەڵاتی رەتكردنەوەی هەموو رێككەوتنێكی دەبێت كە ئەنجومەنی سەركردایەتی گستی دەیكات، بەپێی ئەو دەسەڵاتانە بێت كە ئەنجومەنی باڵای سیاسی بۆ خۆی نوسیوە، هەموو بڕیارو دەسەڵاتەكانی یەكێتی دەكەوێتە لای ئەو ئەنجومەنە باڵایە.
ئەمڕۆ مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی لە كرنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پرۆژەیەكمان داڕشتووە سەبارەت بە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و داومانە بە كاك كۆسرەت و ئەویش بەرەسمی ناردویەتی بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی بۆ پەسەندكردنی.
بەپێی ئەو پرۆژەیەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی كە ناوەڕۆكەكەی دەست ( درەو) كەوتووە،  ئەنجومەنی باڵای سیاسی وا پێناسە كراوە كە:
"ئەنجومەنێكی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە بەپێی بریاری چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی لە سەرۆك و هەشت هەڤاڵی بڕیار لێدراوی كۆنگرە پێكدێت ئەركی ئەنجومەنی باڵا سەرخستنی بڕیارەكانی كۆنگرەو راگرتنی هاوسەنگی  ئۆرگانەكان و لێپرسینەوەو چاودێری جێبەجێكردنی بڕیارەكانی یەكێتیە لە هەموو ئاستەكاندا"

دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵا
بەپێی ئەو پرۆژە نوسراوەی ئەنجومەنی باڵا  كە ئاراستەی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی كراوە، سەرۆكی ئەنجومەن و ئەنجومەنی باڵا، زۆرترین دەسەڵاتیان بۆخۆیان دیاریكردووەو بەپەسەندكردنی هەموو دەسەڵاتەكانی یەكێتی دەچێتەوە لای ئەنجومەنی باڵای سیاسی.
 دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵا پێكدێن لە:. 
•    سەرۆكی ئەنجومەنی باڵا سەرپەرشتیاری گشتی هەموو هێزە چەكدارەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە.
•    سەرۆكی ئەنجومەنی باڵا، باڵاترین پۆستی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی. 
•    ئەنجومەنی باڵا، باڵاترین ئەنجومەنی سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیە.
•    ئەنجومەنی باڵا دەسەڵاتی دارایی و موڵكداری تەنها دەداتە مەكتەبی دارایی 
•    دەسەڵاتی پەسەندكردنی پرۆژەو بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی دەبێت. 
•    سەرۆكی ئەنجومەن دەسەڵاتی رەتكردنەوەی هەر رێككەوتنێكی دوقوڵی یان چەند قۆڵی هەیە كە ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی دەیكات
•    لە كاتی سەرپێچیدا، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵا دەسەڵاتی سزادانی هەر ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی هەیە 
بەپێی پرۆژەكە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی جێگرێكی دەبێت، بەپێی زانیارییەكان ( مەلا بەختیار) چاوی لەو پۆستەیە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی ئەو پرۆژەیە بەو شێوەیەی نوسراوە پەسەند ناكات، چونكە بەپەسەندكردنی پرۆژەكە ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی هاوشێوەی ئەنجومەنی ناوەندی پێشوی یەكێتی لێدێت. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand