جارێكی دیكە یەكێتیی لەبەردەم قەیرانێكی ناوخۆیدایە
2020-02-01 20:18:52
راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم
ناكۆكییەكانی یەكێتیی لە دوای كۆنگرەی چوارەم، ڕۆژ دوای ڕۆژ روو لە زیادبون دەكات، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ شەممەی ئەنجومەنی گشتیی سەركردایەتی، بە تەواوی ناكۆكییەكان دەركەوتن، ئەمەش دوای ئەوەهات كە ( ماڵی كۆسرەت رەسول و ئەوانەی لە دلێری سەید مەجیدەوە نزیكن لەوانە عیماد ئەحمەد، هەریەك لە عەدنانی حەمەی مینە و رەفعەت عبداللە و ئاسۆ مامەند و چەند كەسێكی دیكە) بایكۆتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیان كرد.
زۆری نەمابوو ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی دیكەی سەركردایەتی كە سەر بە ماڵی مام جەلال نین نەچنە كۆبونەوەكە، بەڵام دواجار لەسەر داواكاری ئەو سەركردانەی كە نەچوونە كۆبوونەوەكە، داوایان لێكرا بچنە كۆبوونەوەكە، تاوەكو دۆخەكە لەوە زیاتر ئاڵۆزتر نەبێت.
ناكۆییەكانی ماڵی مام جەلال بە تایبەت باڤڵ تاڵەبانی لەگەڵ گشت باڵ و گروپەكانی دیكەی نێو یەكێتیی لەسەر هەیكەلی ئەو حزبەیە، هەموویان كۆكن لەسەر ئەوەی كە دەبێت هەیكەلی یەكێتی لە نێوان باڵەكان لەسەر بنەمایی تەوافوق و دادەپەروەری بێت، نەك ماڵی مام جەلال پۆستە باڵاكان بۆخۆیان ببەن، لە نێویشیان هەردوو جێگری سكرتێری گشتیی.
هەموو باڵەكان پێیانوایە، لە دوای كۆنگرەوە جۆرێك لە غروری ماڵی مام جەلالی گرتوە، سەرەڕای ئەوەی ئەوان لەرووی دارایی و ئابووری و ئەمنیەوە، دەستیان بەسەر حزب داگرتوەوە، لە ئێستاشدا دەیانەوێ جگە لەخۆیان هیچ كەسێك پۆستی جێگری سكرتێری گشتیی وەرنەگرێت، لەبەرامبەردا ماڵی كاك كۆسرەت و عیماد ئەحمەد و گروپی كەركووكییەكان و عدنانی حەمەی مینە داوای پۆستی جێگری سكرتێری گشتیی دەكەن و بە مافی خۆیان دەزانن.
هەرچەند ماڵی مام جەلال لە چەند ڕۆژی رابردوودا، پێشنیازی چەند پۆستێكی باڵایان لە نێویان پۆستی سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی و ژمارەیەك مەكتەب و سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارێزگاكان و چەند پۆستێك لە ئاستی مەكتەبی سیاسی كۆنیان داوەتە بە لایەن و باڵەكانی دیكە، بەڵام هەر هەموویان رەتكراونەتەوە و ئەوان سوورن لەسەر داواكارییەكانیان.
ئەو كەسانەشی لە بەرهەم ساڵحەوە نزیكن بەهەمان شێوە لەگەڵ ئەوەنین ماڵی مام جەلال هەردوو پۆستی جێگر بۆخۆیان ببەن، بۆیە سەرجەم ئەو گروپ و باڵانە دوو پێشنیازیان بۆماڵی مام جەلال كردوە، كە یەكەمیان ئەوەیە كە دەبێ لە نێوان ( لاهور شێخ جەنگی و باڤڵ تاڵەبانی) یەكێكیان ببنە جێگری سكرتێر. پێشنیازی دووەم ئەوەیە كە سەرۆك زیاتر لە چەند جێگرێكی هەبێت و ئەو جێگرانەش لە نێوان باڵەكان بە هاوسەنگی دابەشبكرێت.
دۆخی لاهور شێخ جەنگیش لەبەردەم دوو بژاردەیە، یان هەڵبژاردنی ئامۆزاكانی و یان باڵ و گروپەكانی دیكە، ناشزانێت كامیان هەڵبژێرێت، چۆن چارەسەری ئەو كێشەیە بكات؟چونكە لە هەر حاڵەتێكدا لایەنەكانی دیكە هەڵوێست بنوێنن رەنگە ئەو حزبە لە كێشەوە بەرەو قەیرانی ناوخۆیی ببات.
ئەگەر وابڕوات و لایەنەكان نەگەونە رێككەوتن ئەوا هەموو كات دۆخی یەكێتیی لەبەردەم دۆخی ئیفلیج بوون و دروستبوونی قەیرانێكی ناوخۆیی نوێدا دەبێت، یاخود دابەشبوون روودەدات.