عەلاوی جێی مشتومڕە، تاقیكراوەتەوە..شەقام قبوڵی دەكات؟
2020-02-01 19:40:18
راپۆرتی: درەو
سیناریۆیەكی وردو دەرهێنانێكی جوان، بەمشێوەیە درامای دۆزینەوەی بەدیلێك بۆ شوێنەكەی عەبدولمەهدی پێشكەشەكرا، بەگەڕانەوە بۆ شریتی ڕووداوەكانی 72 كاتژمێری ڕابردوو:"سەرۆك كۆمار لەنامەیەكدا بۆ كوتلەكانی پەرلەمانی عێراق هەڕەشەی بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی خۆی دەكات بۆ دیاریكردنی كەسایەتیەك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە لەلایەن كوتلەكانو شەقامیشەوە قبوڵكراوبێت، ئەگەر كوتلەكان تا ڕۆژی یەكی شوبات لەسەر كەسێك ڕێككنەكەون. كوتلەكان بێدەنگی هەڵدەبژێرن، چەند كاتژمێرێكی دەمێنێت بۆ تەواوبونی وادەكەی سەرۆك، كەسێك وەك كاندیدی ڕاسپێردراو خۆی بە شەقامی عێراقی دەناسێنێت".
ئەمە بەشێكی ئەو پرۆسە چنراوەیە كە بەلێزانییەكی زۆرەوە كاری بۆ كراوە، ڕۆڵەكانیش بەوردی دابەشكراون، هەنگاوی دوای ئەمە پرۆسەی ڕاسپاردنەكە بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو بەڕێوەچوو، لەمەشدا زۆر بەووردی هەوڵدراوە شەقام توڕە نەكرێت، بۆ ئەوەی واپیشاننەدرێت كە كەسی ڕاسپێردراو كاندیدی هێزو لایەنێكی سیاسی دیاریكراوە، ئەوەش خۆپیشاندەران توڕەبكاتو دۆخی عێراق بەرەو ئاڵۆزی زیاتر بچێت.
خۆناساندن
"محەمەد تۆفیق عەلاوی" كەماوەیەك بوو لەمیدیا عێراقییەكاندا ناوی دەهاتو، دەوترا "سەدرو عامری" وەك سەركردەی دوو جەمسەرە گەورەكەی ناو پەرلەمانی عێراق ڕەزامەندیان لەسەر ڕاسپاردنی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەربڕیوە، لەگرتەیەكی ڤیدیۆیدا بە بەرگێكی سادەو نافەرمیو بەزمانی شەقامی عێراقی، خۆی وەكو كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ناساند. "عەلاوی" سەرەتای قسەكانی بەوە دەستپێكرد"بڕیارمداوە سەرەتا لەگەڵ گەلی عێراق قسەبكەم پێشەوەی لەگەڵ هیچ كەسێكی تری قسەبەكەم".
ئەو لەقسەكانیدا خۆی وەك كابرایەكی بێ پشتوپەنا پیشانداو بەخۆپیشاندەرانی وت "ئەگەر ئێوە پشتم نەگرن هیچم بۆ ناكرێت"، وتی "من فەرمانبەری ئێوەم"، لەبەشێكی تری قسەكانیدا بێمەنتی لەهێزە سیاسییەكان پیشانداو وتی" ئەگەر كاندیدی خۆیانم بەسەردا بسەپێنن ئەوا پێتان ڕادەگەیەنمو ئەو ڕاسپاردەنەش ڕەتدەكەمەوە".
بەڵگەكان شتێكی تر دەڵێن
بەپێی بەڵگەنامەیەك كە "درەو" لە سەرچاوەیەكی باڵا عێراقییەوە دەستیكەوتووە، " محەمەد تۆفیق عەلاوی" لەلایەن هێزو لایەنەكانی ناو هاوپەیمانی (فەتح) بەسەرۆكایەتی (هادی عامری) بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕاسپێردراوەو، پابەندكراوە بە كۆمەڵێك مەرج لەناو كارنەمەیەكدا كە بە "كارنامەی ڕێككەوتن" ناوی هاتووەو "عەلاوی" واژوی قبوڵكردنی لەسەر كردووە.
مەرجەكان:
1-پابەندبوون بەدەستورو یاساو پارێزگاریكردن لەیەكێتی خاكی عێراق.
2-گێڕانەوەی شكۆ و هەیبەت بۆ دەوڵەت.
3-پابەندبوونی تەواو بە بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان.
4-تەواوكردنی گرێبەستی چینی-عێراقی.
5-بەشداریپێكردنی هێزە سیاسییەكان لەپێكهێنانی حكومەت بەمەرجی پشتیوانیكردنی.
6-بەشداریپێكردنی هێزەكانی ناوجوڵەی میللی بە چەند پێگەو پلیەكی تایبەت.
7-سەرۆك وەزیران لەماوەی ساڵێكدا دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەشدەكات ئەگەر نەیتوانی هەڵبژاردن ئەنجامبداتو سەقامگیری بگێڕێتەوە.
لەگەڵ ئەوەی ئەم مەرجانە لەگەڵ قسەكانی "محەمەد عەلاوی" یەكناگرنەوە، بەڵام ئەوەی گومانێك بۆ ڕێككەوتنی پێشوەختەی هێزە سیاسییەكانی عێراقو بەتایبەت "سەدرو عامری" ناهێڵێتەوە ئەوەیە، دوابەدوای بڵاوبونەوەی هەواڵی ڕاسپاردنی "محمەد تۆفیق عەلاوی" بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران "موقتەدا سەدر" ڕابەری ڕەوتی سەدر لەتویتێكدا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ موبارەكەی هەنگاوەكەی كردو وتی:" ئەمڕۆ لەمێژووی عێراقدا تۆمار دەكرێت، وەك ڕۆژێك كەتێیدا گەلی عێراق خۆی سەرۆك وەزیرانی دیاریكرد نەك كوتلەكان". ئەو پەیامەی سەدر لەكاتێكدایە، خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانەكانی عێراق بەدرێژایی چوار مانگی ڕابردوو هیچ ناوێكیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران پێشنیازنەكردووەو،پشتیوانی هیچ كاندیدێكیان نەكردووە.
"سەدر" هەر بەوەشەوە نەوەستاوە بەڵكو داوای لە سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو كردووە گوێ بە فشار ناوخۆیی و دەرەكییەكان نەدات، ئەمەش ئاماژەیەكی ڕوونە كە ناوبراو بەلای "سەدر"ەوە قبوڵكراوەو ئیتر ئەو لەقۆناغی دوای پێكهێنانی حكومەت دەڕوانێت، قۆناغی دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی تێپەڕاندووە.
تاقیكراوەو تاقیناكرێتەوە
"محەمەد عەلاوی" كێیە:
• لەساڵی 2005وە جارێكی تر گەڕاوەتەوە بۆ ناوی گۆڕەپانی سیاسی عێراق لەچوارچێوەی لیستەكەی ئەیاد عەلاویدا وەكو كەسایەتییەكی لیبراڵ بەشداربووە.
• لە سەرەتای ساڵی 2006وە وەكو ئەندامی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردراوە، لەناوەڕاستی ساڵی 2006دا بووە بە وەزیری پەیوەندییەكان تاوەكو كۆتایی ساڵی 2007.
• جارێكی تر لە ساڵی 2008دا بووەتەوە بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەوەش لە شوێنی عایدە عسیران- پەرلەمانتاری كۆچكردوو، تاوەكو 2010 لە پەرلەمان ماوەتەوە.
• ساڵی 2010 جارێكی تر وەكو ئەندامی پەرلەمان هەڵبژێردراوەتەوە، دواترو لە كۆتایی ساڵی 2010دا كراوەتەوە بە وەزیری پەیوەندییەكان، لە كۆتایی ساڵی 2012دا بەهۆی ناكۆكییەكانی لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق، دەستی لە پۆستی وەزیری پەیوەندییەكان كێشاوەتەوە.
ئەم سیڤییەی عەلاوی لەدووباردا لەگەڵ خواستی مەرجەعەتو داواكاری خۆپیشاندەرانیشدا ناگونجێت، "عەلاوی" پێشتر تاقیكراوەتەوەو دژی بنەمای (تاقیكراوە تاقیناكرێتەوە)، دووەمیشیان كەسێكە جێگەی "مشتومڕە" بەوپێیەی لەحكومەتەكانی پێشودا پۆستی هەبووە، بەڵام پێدەچێت "عەلاوی"لەم قۆناغەدا باشترین بژاردەبێت، بەوپێیەی كەسێكی تەكنۆكراتەوەو هاوشێوەی زۆرێك لەوانەی پێشتر وەك كاندید ناویان دەهات شەقامی عێراقی تێبینیان لەسەری نەبێت، بەڵام تائێستا دیارنییە خۆپیشاندەران قبوڵی دەكەن یان نا، ڕووداوەكان ڕابردوو و لەكارخستنی حكومەتەكەی "عەبدولمەهدی" و ڕەتكردنەوەی چەندین كاندیدی هێزەكان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ئەو ڕاستییەی سەلماند دواجار خۆپیشاندەران قسەی كۆتایی دەكەن، دوورنییە ئەوەی سیاسییەكان بەووردی چنیویانە، لێیان نەكەنەوە بەخوری.