دەنگدەرانی عێراق: تاقیكراوە تاقیناكرێتەوە

2018-04-28 10:10:05
دوای نزیكەی 10 ساڵ لە یەكەم هەڵبژاردن كە دوای روخانی رژێمی پێشوو، عێراق بەخۆیەوە بینی، عێراقییەكان بێئومێدی خۆیان لە دەموچاوە دووبارەكان نیشان دەدەن، وای دەبینن كە جێگرەوەی سەددام حسێن چینێكی سیاسییە كە ناكرێت لاببرێن، دەسەڵاتیان دابەشكردووە لەپێناو بەرژەوەندییەكانیاندا.
لە وڵاتێكدا كە ماوەی چەندین ساڵ بە دەست تائیفیەت و جەنگ و ئابڵوقەوە ناڵاندوویەتی، زیاتر لە 24 ملیۆن دەنگدەر دەنگ دەدەن كە دابەشبوون بەسەر 18 پارێزگادا كە هەریەكەیان بازنەیەكی هەڵبژاردنە، نزیكەی 7 هەزار كاندید ركابەرێتی دەكەن لەسەر 329 كورسی پەرلەمان، لەنێویاندا نزیكەی 2 هەزار كەسیان چونەتە ناو پێشبڕكێ بۆ بردنەوەی 71 كورسی بەغداد بەتەنیا.
لەدوای روخانی رژێمی سەدامەوە ژمارەیەك كەس دەسەڵاتیان گرتوەتەدەست كە ناوەكانیان لەسەر دڵی هەموو عێراقییەكان چەسپیوە، ئەوانە و حزبەكانیان بەشێوەیەكی تەواوەتی هەژمونیان بەسەر جومگەكانی دەسەڵاتدا سەپاندووە.
مەیدان حەمدانی (40 ساڵ) بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت" لە كەیەوە ئێمە ئیبراهیم جەعفەری و نوری مالیكی و ئەیاد عەلاوی و حەیدەر عەبادی دەبینین، جارێك پەرلەمانتار و جارێكی تر وەزیر. هەمان تاس و حەمام".
ئاماژە بەوەدەكات لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو" ئەو حزبانە هەر خۆیان و هەمان كەسەكانیان جارێكی تر دەگەڕێنەوە بۆسەر حوكم، بمانەوێت یان نا".
ئەوەی ئەم هەستكردنە زیاتر دەكات، بڵاوبونەوەی گەندەڵییە لە وڵاتدا كە زۆربەی كات ئەنجامدەرەكانی لە سزادان رزگاریان دەبێت لەكاتێكدا هاوڵاتیان سود لە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكانی وەكو ئاوی خواردنەوە و كارەبا و ئامرازەكانی هاتوچۆكردنی گشتی، ئەمە لەكاتێكدا نرخی نەوت كە بە سەرچاوەی سەرەكی داهاتی وڵات دادەنرێت بەردەوامە لە بەرزبونەوە.
هیچ گۆشەیەك لە بەغدادی پایتەخت نەماوەتەوە كە لافیتەی گەورەی وێنەی كاندیدەكانی پێوە هەڵنەواسرابێت، هەندێكی تر ستونی كارەبا و دارخورماكانیشیان داپۆشیوە، تەنانەت تێیاندایە كە وێنەی لە شوێنی وێنەی "شەهیدان"ی هێزە ئەمنییەكان و حەشدی شەعبی هەڵواسیوە، كە لە شەڕەكانی دژ بە رێكخراوی داعش كوژراون كە لە سەرەتای 2014وە دەستیپێكرد.
لەبەردەم ئەو لافیتانەدا لە شەقامی سەعدون كە شەقامێكی بەناوبانگە لە ناوەڕاستی بەغداد حەیدەر شەمەری (35) ساڵ راوەستاوە، توڕەیی بە روخسارییەوە دیارە و وتی" هەموویان دەموچاوەكانی پێشوون، تاكە خەمیان بەدەستهێنانی پارەیە نەك خزمەتكردنی گەل".
ئەوەی بێئومێدی عێراقییەكان زیاتر دەكات، ئەو قسانەیە كە لە هەموو هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا دووبارە دەبنەوە، خەڵك پرسیار لەو بەڵێنانە دەكەن كە كاندیدەكان جێبەجێیان نەكرد دوای ئەوەی بوون بە پەرلەمانتار.
هەست بەو توڕەییە دەكرێت لە سەرتاسەری وڵات، بەتایبەتی لە شاری موسڵ كە لەكاتی شەڕەكان بۆ سەندنەوەی لەدەستی "خەلافەت"ی داعش تا ئاستێكی زۆر وێران بووە.
دایكی یوسف (54 ساڵ) لە موسڵ دەپرسێت " مانای گۆڕانكارییە چییە ئیتر ؟ با لانی كەم دەموچاوەكان بگۆڕین! بێزاربوین لە درۆ".
لەبارەی دەستەواژەی " المجرب لایجرب- تاقیكراوە تاقی ناكرێتەوە) مشتومڕ هەیە، هەندێك كەس ئەم قسەیە دەدەنە پاڵ مەرجەعیەتی ئاینی نەجەف، بەڵام فرانس پرێس نەیتوانی ئەمە پشتڕاستبكاتەوە.
" 40 دز"
سەرەڕای ئەوە ، واقیعەكە جیاوازە بە گوێرەی داتاكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان زیاتر لە 20%ی كاندیدەكانی عێراق دەموچاوی نوێن و جەختدەكەوە لەسەر ویستیان بۆ گۆڕانكاریی.
هالە كەریم ( 30 ساڵ) كە فەرمانبەرە لە وەزارەتی تەندروستی و لەم هەڵبژاردنەدا كاندیدە دەڵێت:" بێزاربووین، 15 ساڵ تێپەڕی و هیچ گۆڕانكارییەكمان نەبینی، لە خراپەوە بۆ خراپتر."
وتیشی :" ئەمە وڵاتە وڵاتی شارستانێتییەكانە، وڵاتی رافیدەینە، ئەوەی لە 15 ساڵی رابردوودا روویدا تائیفیەت و لێژبوونەوە بوو."
سەركەوتنی كاندیدە نوێكان ئاڵنگارییەكی گەورەیە لە كێبركێ لەگەڵ ئەو حزبە گەورانەی كە ماوەی 15 ساڵە دەسەڵاتیان كۆنترۆڵكردووە، بەڵام سەركەوتن بۆ حەیدەر بەیزانی ( 38 ساڵ ) ئەستم بوو كە لە هەڵبژاردنی پێشوودا بە لیستێكی سەربەخۆ بەشداریكردبوون لەبەرئەوە ئەمجارە بڕیاریدا بچێتە لیستێكی گەورەو ناسراوەوە كە لیستی رەوتی حیكمەیە بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم.
بەیزانی بە فرانس پرێسی وتی: گەیشتمە ئەو باوەڕەی كە كاندید دەرناچێت ئەگەر نەچێتە لیستێكی گەورەوە، لە كوتلەی گەورەدا دەردەچێنێت و دەیبەیتەوە."
لە ناوەڕاستی بەغدا گۆڕەپانێكی ناسراو هەیە كە پەیكەری ژنێكی تێدا دانراوە بە " كەهەرەمانە" ناودەبرێت و لە چیرۆكەكانی هەزار و یەك شەوەوە وەرگیراوە و بەوە بەناوبانگە كە زەیتی قرچاوی كردوەتە ناو 40 گۆزەوە كە لە هەر یەكێكیاندا دزێك خۆی حەشارداوە و ژنە شاعیر و چالاكی عێراقی ئایە مەنسور وێنەیەكی گۆڕەپانەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بڵاوكردوەتەوە كە وێنەی كاندیدەكان پەیكەرەكەیان داپۆشیوە و نوسیوێتی " كوا كەهرەمانە؟ لە پشتی 40 دزەوەیە"!
