"ئەنجامدانی چاكسازیو دەركردنی ئەمریكا كاری پەرلەمانی داهاتووە"
2020-01-31 18:12:31
راپۆرتی: درەو
ئەوەی لەمێژبوو خۆپیشاندەرانی عێراق چاوەڕێیان دەكرد بیبیستن، ئەمڕۆ سیستانی وتیو بوارێكی بۆ لێكدانەوەو شرۆڤەكردن نەهێشتەوە، سەرجەم هێزە سیاسییەكانی عێراقی ڕەوانەی بەردەم سندوقەكانی هەڵبژاردنو تاقیكردنەوەی خەڵك كردەوە، وەك بژاردەیەكی گونجاو بۆ ئەو دۆخەی عێراقی تێكەوتووە. وتارەكەی ئەم هەینییەی گەورە مەرجەعی شیعەكانی عێراق، چی لەڕووی ناوەرۆك هەم لەڕووی پەیامی سیاسیشەوە یەكێك بوو لەوتارە گرنگو ڕاستەوخۆو یەكلاكەرەوەكان، بەتایبەت كە چەند هەینیەك بوو خۆی لەپەیامی سیاسی بەدوور گرتبوو، تەنانەت لەسەروبەندی خۆپیشاندانی گروپەكانی حەشدی شەعبیشدا دژی بوونی سوپای ئەمریكا لە عێراق، پەیامێكی ڕوونی نەبوو بۆ پاڵپشتیكردنیان.
دەستپێكی وتارەكەی "عەلی سیستانی" كە لەلایەن "عەبدولمەهدی كەربەلائی" نوێنەری مەرجەعی ئاینی لە كەربەلا خوێندرایەوە، پەژارەو توڕەیەكی زۆری لەخۆگرتبوو و تێیدا دەڵێت" چوار مانگ تێپەڕی بەسەر جوڵەی میللی داواكار بۆ چاكسازیو ڕزگاركردنی وڵات لەگەندەڵی و شكست، كە دامەزراوەو فەرمانگە جیاوازەكانی دەوڵەتی گرتوەتەوە، لەو ماوەیەدا خوێنێكی زۆر ڕژراو دەیان هەزاران هاوڵاتی برینداربوون، هێشتا لێرەو لەوێ پێكهەڵپژان هەیەو قوربانی زیاتری لێدەكەوێتەوە ".
سیستانی، وێڕای ئەوەی جارێكی تر بەتوندی ئیدانەی بەكارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەرانو پرۆسەی كوشتنو ڕفاندن دەكات، پەلاماردانی هێزە ئەمنییەكانو كاری تێكدەرانەش دژی دامەزراوەكانی دەوڵەت ڕەتدەكاتەوە.
دواتر دێتە سەر پەیامە سیاسییەكانیو، پەلەكردن لەپێكهێنانی حكومەتێكی نوێ بەهەنگاوێكی گرنگ دەزانێت بۆ دورخستنەوەی عێراق لەهەڕەشەو مەترسییەكان، مەرجەعی شیعەكان لەوتارەكەیدا خەسڵەتەكانی ئەو حكومەتەشی دیاركردووە:
• جێگەی متمانەی گەل بێت.
• توانای هێوركردنەوەی دۆخەكەی هەبێت.
• هەنگاوە پێویستەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ئازادو بێگەرد لەنزیكترین دەرفەتدا ئەنجامبدات.
لەكۆتایی پەیامەكەشیدا بۆ هێزە سیاسییەكانی عێراق، سیستانی بەڕاشكاوی داوای پەلەكردن لەئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكاتو دەشڵێت:"ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوو كە لەبەرمەبنای ئیرادەی ئازادی خەڵك دروست دەبێت، بەرپرسیار دەبێت لەگرتنەبەری هەنگاوە پێویستەكان بۆ چاكسازیو دەركردنی بڕیارە چارەنوسسازەكان كە ئایندەی وڵات دیاریدەكات، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە پارێزگاریكردن لەسەروەریو سەربەخۆیی بریارە سیاسییەكانیو یەكێتی خاك و گەلی".
سەدریش هاتە سەرخەت
دوابەدوای پەیامەكەی سیستانی "موقتەدا سەدر" ڕابەڕی ڕەوتی سەدر كە هەفتەیەك بوو لایەنگرانی بارەگەو بنەیان لەگۆڕەپانی خۆپیشاندان پێچابوەوە بەهۆی نیگەرانی سەدر لێیانو، بەشدارینەكردنیان لەخۆپیشاندانی گروپە شیعییەكان بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان لەعێراق.
سەدر لەتویتێكدا بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ پاڵپشتی خۆی بۆ پەیامەكەی مەرجەعی باڵای شیعەكان دەربڕی و ڕایگەیاند: جارێكی تر سیاسییەكان شكستیانهێنا لەپێكهێنانی حكومەتێك كە جێگەی مشتومڕ نەبێتو، هێشتا هەندێكیان دەستی دەستی دەكەن لە بەدیهێنانی داواكاری ڕەوای خۆپیشاندەران بۆیە من بەبەرژوەندی دەزانم كە شۆڕشی چاكسازی ئاشتیخوازانە تازەبكەینەوە لەڕێی:
1- خۆپیشاندانێكی میللی ئاشتیخوازانەی فراوان لەپایتەخت بەوپێیەی ناوەندی بڕیارە، بۆ فشاركردن لە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت بەوشێوازەی مەرجەعییەتو گەل لێدەڕوانن.
2- ئامادەكاریكردن بۆ مانگرتنی ئاشتیانەی فراوان نزیك ناوچەی سەوزی بەغدادو بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان.
ئەم داوایەی سەدر لەگەڵ ئەوەی وەڵامدانەوەیەكی خێرایە بۆ داواكەی مەرجەعییەت، ئاشتبونەوەیەكی ڕاستەوخۆشە لەگەڵ خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانەكان كە لەهەفتەی ڕابردودا هێرشێكی توندیان كردە سەر سەدرو تۆمەتباریان كرد بە بەجێهێشتنی خۆپیشاندەرانو، هەڵكردنی گلۆپی سەوز بۆ هێزە ئەمنییەكان تا لەڕێی هێزو توندوتیژییە خۆپیشاندانەكان سەركوت بكەن.
مۆڵەتەكەی سەرۆك كۆمار
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو "بەرهەم ساڵح" سەرۆك كۆماری عێراق لەنامەیەكدا كە ئاراستەی پەرلەمانی عێراقی كرد، هۆشداریدا بە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانو ڕۆژی شەممە یەكی شوباتی وەك دواین مۆڵەت دیاریكرد تا كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران پێشكەش بكەن.
لەنامەكەی سەرۆك كۆماردا ئەوە بە فراكسیۆنەكان ڕاگەیەندراوە كە:
• ئەو فراكسیۆنانەی پەرلەمان كە پەیوەندیدارن بە كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران دەست بە گفتوگۆی بنیاتنەرانەو جدی بكەن لەپێناو ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێكی نوێ بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كە لەئاستی میللیدا ڕەزامەندی لەسەربێت.
• ناوی كاندیدەكە بەرزبكەنەوە بۆ سەرۆكایەتی كۆمار بۆ ئەوەی فەرمانی ڕاسپاردنی بۆ دەربكرێت.
• ئەگەر فراكسیۆنە پەیوەندارەكان نەیانتوانی لەماوەیەكدا كە لەڕۆژی یەكی شوبات تێپەڕنەكات، كاندید یەكلابكەنەوە، دەسەڵاتی دەستوری خۆم بەكاردەهێنم بۆ كاندیدكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كە لەسەر ئاستی پەرلەمانو لەسەر ئاستی میللیش قبوڵكراوبێت.