سەرۆكی لیژنەكە: ئەنجامی بڵاوكراوەی لیژنەكەی پەرلەمان رەتدەكەمەوە
2020-01-30 17:20:38
درەو:
عوسمان سێدەری سەرۆكی لیژنەی پەرلەمانی تایبەت بە گیان لەدەستدانی (مەجید ئیبراهیم) بێ ئاگایی خۆی لە بڵاوكردنەوەی راپۆرتی لیژنەكە لە سایتی پەرلەمان دەردەبڕێت و رەتی دەكاتەوە.
عوسمان سێدەری كە هاوكات ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیە لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو) ئاماژەی بەوەكرد" ئەمڕۆ لیژنەكە كۆبونەوە بۆ هەڵسەنگاندنی كارەكانی لیژنەكە بۆ ئەوەی لە بەدواداچونەكانماندا هەموو بابەت و بۆچونەكان كۆبكەینەوە، ئێمە رێككەوتن كە بڵاوكردنەوەی هەواڵی كۆبونەوەكە بەم شێوەیە بێت كە لیژنەكە كۆبوەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو كارانەی كەوا بۆ بەدواداچونی دۆسیەی مەجید ئیبراهیم كردویەتی، بەڵام بەداخەوە هەندێك برادەر بەو شێوەیە بڵاویان كردۆتەوە ئیتر ئێمە نازانین چۆن بڵاویان كردۆتەوە، زیاتر لە نیوەی برادەرانی لیژنەكە ئاگاداری بڵاوكردنەوەی هەواڵەكە نین، هەربڵاوكراوەیەكیش ئیمزای منی بەسەرەوە نەبێت، ئەو بڵاوكراوەیە مەقبول نیە"
سێدەری ئاماژەی بەوەشكرد كە " ئەو راگەیەنراوەی پەرلەمان رەت دەكەینەوە، بەتایبەتیش ئێمە ئاگاداری ئەوە نین كە لیژنەكە پشتگیری لە راگەیەنراوەكەی ئاساییشی گشتی هەولێر دەكات"
سەرۆكی لیژنەی بەدواداچونی گیان لەدەستدانی مەجید ئیبراهیم ئەوەشی خستە روو"ئەوە كاری ئێمە نیە كە روداوەكە چۆنەو چۆن نیە، كاری ئێمە ئامادەكردنی راپۆرتێك و چاودێربین بەسەر دۆسیەكەوە، مافی ئەوەشمان نیە هیچ راگەیەنراوێك بڵاوبكەینەوە جگە لە كۆبونەوەی ئاسایی"
ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێكدا لیژنەكەی پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە گیان لەدەستدانی هاوڵاتی ( مەجید ئیبراهیم) پێشمەرگەی یەكێتی ئەنجامی بەدواداچونەكانی بڵاوكردەوەو پشتیوانی خۆی بۆ بەیاننامەكەی ئاساییشی گشتی هەولێر دوپاتكردەوەكە لە رۆژی 16/1/2020 بڵاویكردەوە.
بەیاننامەكەی ئاساییشی گشتی هەولێر ئاماژە بەوە دەكات:
- مەجید ئیبراهیم لەناو بەندیخانە خۆی كوشتووە
- مەجید ئیبراهیم تۆمەتبار بووە بەوەی 60 كیلۆگرام مادەی هۆشبەری پێبووە