Draw Media

چالاكی موهەندیس.. دواین قوربانی چەكی "ڤیتۆ"

چالاكی موهەندیس.. دواین قوربانی چەكی "ڤیتۆ"

2020-01-30 15:55:39


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
"ڤیتۆ".. ئەو چەكەی پارتی دیموكراتی كوردستانە، كە ئەم ساڵانەی دوایی، بۆ لێدانی نەیارە سیاسییەكان كاراكراوە، (چالاكی موهەندیس) ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دواین كەس بوو كە چووە ناو لیستی "ڤیتۆكراوان"ی پارتییەوە، ئێستا ژمارەیەك پۆستی حكومەتی هەرێم بەهۆی "ڤیتۆ"ی پارتییەوە بەبەتاڵی ماونەتەوە، هەندێك لە پۆستەكان پشكی یەكێتی-ن، (درەو) لەم راپۆرتەدا لیستی ناوی ئەو كارەكتەرە سیاسییەكان بڵاودەكاتەوە كە پارتی "ڤیتۆ"ی لەسەر داناون‌و رێگری دەكات لەوە لە هەرێمی كوردستان‌و عێراق هیچ پۆستێك وەربگرن. 

سیاسەتی "ڤیتۆ"كردن
سیاسەتی سەپاندنی "ڤیتۆ"، یەكێك لە دیارترین سیاسەتە كارپێكراوەكانی ئەم ساڵانەی دوایی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ روبەڕووبونەوەی ئەوانەی بەزمانی توند رەخنە لە سیمبولەكانی پارتی دەگرن یاخود نەیاری سیاسەتی سەركردەكانی پارتین.
پارتی، ئەم سیاسەتە لەناو حكومەتی هەرێم‌و دامەزراوە فەرمییەكاندا جێبەجێ دەكات، ئەوانەی كە لە لیستی "ڤیتۆكراوان"دان، رێگەنادات نە لە هەرێمی كوردستان‌و نە لەسەر پشكی كورد لە عێراق، هیچ پۆستێك وەربگرن، تەنانەت هەندێكجار دەگاتە ئاستی ئەوەی رێگرییان لێدەكاتە بچنە ناوچەكانی قەڵەمڕەویی پارتییەوە.
ئەم سیاسەتەی پارتی، بەمدواییە كاریگەری خۆی لەسەر لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دروستكردووە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەناو زۆرێك لە پارتە سیاسییەكاندا ئێستا قسەكردن لەسەر پارتی لەلایەن سیاسییەكانەوە وەكو جۆرێك لەسەرچڵیكردن لێكدەدرێتەوە‌و ئاماژەی باشی بۆ ناكرێت، ئەمەش دۆخێكی بێدەنگیی لەناو لایەنەكان بەرامبەر بە سیاسەتەكانی پارتی لە حكومەت‌و دەرەوەی حكومەت دروستكردووە.

گۆڕان‌و دواین كارتی "ڤیتۆ"
چالاكی موهەندیس.. دواین ناو كە چووە ناو لیستی "ڤیتۆكراوەكان"ی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە.
چالاكی موهەندیس ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، كە لەلایەن بزوتنەوەكەیەوە كاندیدكراوە بۆ پۆستی (بریكاری وەزیری شارەوانی)، دوێنێ لەلایەن حكومەتی هەرێم‌و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە "ڤیتۆ"ی لەسەر دانراو دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان كاندیدبوونی بۆ پۆستەكە بكێشێتەوە‌و لەبری ئەو كەسێكی تر كاندید بكات.
موهەندیس لە لێدوانێكدا بۆ سایتی (ناس كورد) وتی:" ئێمە بەنیازو ئامانجی چاكسازیكردن چوینە حكومەت، بۆ ئەوە نەچووین ببینە شەریكە دز، یان ئێمە بكەنە داردەست و ئابڕومان ببەن لەناو خەڵك‌و بڵێن گۆڕانیشمان لەگەڵە، بۆیە ئێمە هەڵوێستی خۆمان دەبێت لە ئێستادا و لەشەش مانگی داهاتووشدا هەڵوێستی روونمان دەبێت".
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی نیگەرانی خۆی نیشاندا بوو لەوەی" سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی حكومەت كەسانێك لە پۆستەكاندا دادەنێن، كە بۆ گۆڕان وروژێنەرن"، لەمەشدا نمونەی بەدانانی (محەمەد حاجی)‌و (رێباز حەملان) هێنابووەوە، كە پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان بوون‌و ئێستا پەیوەندییان لەگەڵ گۆڕاندا نەماوە‌و مەسرور بارزانی وەكو یاریدەدەری خۆی لە پۆستی سەرۆك وەزیران دایناون.
ئەم قسانە پارتی توڕەكرد، پێدەچێت بەرپرسانی پارتی لەبارەی قسەكانی چالاكی موهەندیس توڕەیی خۆیان بە بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاندبێت، چونكە بە چەند كاتژمێرێك دواتر، بزوتنەوەی گۆڕان لەڕێگەی ژوری رۆژنامەوانی خۆیەوە، رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە‌و تێیدا رایگەیاند" گۆڕان لەگەڵ ئەم شێوازی دەربڕینە نیەو ناوەڕۆكی قسەكانی ناوبراو، گوزارشت لە هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان ناكات‌و رای كەسیی خۆیەتی".
رونكردنەوەكەی گۆڕان، توڕەیی پارتی هێورنەكردەوە، جوتیار عادل وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە سەربە پارتییە، دواتر راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و تێیدا رایگەیاند:
•    حكومەتی هەرێم قبوڵ ناكات خەڵكانێكی هاوشێوەی چالاكی موهەندیس، بەشداری لە حكومەتدا بكەن.
•    چالاكی موهەندیس‌و هاوشێوەكانی بە فیتی كەسانی تر هەڵدەسوڕێندرێن.
ئەم راگەیەندراوە، چانسی چالاكی موهەندیسی لە وەرگرتنی پۆستی بریكاری وەزیری شارەوانی سوتاند، ئەمە لەكاتێكدایە ماوەی (3 مانگە) بزوتنەوەی گۆڕان ناوی موهەندیس‌و سێ كەسی تری بۆ وەرگرتنی چوار پۆست، ئاڕاستەی حكومەت كردووە‌و تائێستا دەستبەكارنەبوون، سەرباری ئەوە، راگەیەندراوەكەی وتەبێژی حكومەت لەلایەن هەندێك لە بەرپرسانی گۆڕانەوە وەكو پەیامێكی هەڕەشە لێكدەدرێتەوە بۆ ئەو پەرلەمانتارو بەرپرسانەی بزوتنەوەكە كە هێشتا پابەندنەبوون بەرێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی‌و بەزمانی توند رەخنە لە پارتی‌و سیاسەتەكانی دەگرن.
دیارنییە بزوتنەوەی گۆڕان چۆن چارەسەری ئەم كێشەیە دەكات، بەڵام پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، گۆڕان كاندیدبوونی چالاكی موهەندیس بۆ پۆستی بریكاری وەزیری شارەوانی بكێشێتەوە‌و كەسێكی تر كاندید بكات.
لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا چەندین كارەكتەری تر هەن كە لەماوەی رابردوودا بەهۆی هەڵوێست‌و لێدوانە سیاسییەكانیانەوە، لەلایەن پارتییەوە "ڤیتۆ"یان لەسەردانراوە، رەنگە دیارترینیان (یوسف محەمەد سادق) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بێت.

ڤیتۆكانی پارتی لەسەر یەكێتی
لەگەڵ دەستپێكردنی دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لە كۆتاییەكانی ساڵی 2018دا، پارتی هەرزوو لەڕێگەی وەفدی دانوستانكاری خۆیەوە "ڤیتۆ"ی لەسەر هەندێك لە كاندیدەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ وەرگرتنی پۆستە حكومییەكان، دانا.
ئەوانەی "ڤیتۆ"یان لەسەر دانرابوو، ئەو كەسانە بوون كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ناوی لێنابوون "گروپی 16ی ئۆكتۆبەر"‌و لە فەرهەنگی سیاسی پارتیدا بە "ئۆكتۆبەرچییەكان" ناودەبرێن.
مەبەستی پارتی لە "ئۆكتۆبەرچییەكان" ئەو بەرپرسانەی یەكێتی نیشتمانییە، كە پارتی تۆمەتباریان دەكات بەوەی لە هێرشی حەشدی شەعبیدا بۆسەر كەركوك لەدوای ریفراندۆمەكەی ساڵی 2017، هێزی پێشمەرگەی یەكێتییان لە كەركوك كشاندوەتەوە‌و بەرگرییان نەكردووە.
لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، یەكێتی پرسی یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوكی بەستەوە بە بەشداریكردنی لە كابینەكە، پارتی لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا داواكارییەكەی یەكێتی قبوڵ كرد، بەڵام ئێستا كە شەش مانگ بەسەر دەستبەكاربوونی كابینەی مەسرور بارزانیدا تێپەڕدەبێت، هێشتا پارێزگارێكی نوێ لە یەكێتی نیشتمانی بۆ كەركوك دانەنراوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەماوەی رابردوودا یەكێتی زیاتر لە (40) كاندیدی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك خستوەتە بەردەم پارتی، بەڵام پارتی هەموو كاندیدەكانی رەتكردوەتەوە‌و زۆربەیانی تۆمەتباركردووە بەوەی سەربە "گروپی 16ی ئۆكتۆبەر"ن، دواجار هەردوولا لەسەر ناوی (تەیب جەبار) رێككەوتن، ئەویش تائێستا دەستبەكارنەبووە.
لە پرسی دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك، "ڤیتۆ"كانی پارتی كاری خۆی كرد‌و پرۆسەكەی بەجۆرێك دواخست، كە چیتر لای یەكێتی دانانی پارێزگاری كەركوك لەڕێگەی هەماهەنگیكردن لەگەڵ پارتیدا بایەخێكی نەماوە‌و بەرپرسانی یەكێتی چاویان لەوەیە لەڕێگەی حكومەتی ناوەندی عێراقەوە لە بەغداد، دۆسیەكە چارەسەر بكەن.
هەر لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، بەهۆی "ڤیتۆ"ی پارتییەوە، (حاكم قادر حەمەجان) كاندید نەكرا بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم‌و لەبری ئەو، یەكێتی (جەعفەر شێخ مستەفا)ی كاندیدكرد، كە لەدوای رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەر"ەوە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ مەسعود بارزانیدا هەیە.
ئێستا پارتی "ڤیتۆ"ی لەسەر ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی تازەهەڵبژێردراوی یەكێتی هەیە كە (رەوەند مەلا مەحمود)ە‌و لەلایەن یەكێتییەوە كاندیدكراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی (سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم)، پارتی (رەوەند مەلا مەحمود) تۆمەتبار دەكات بەوەی سەربە "گروپی 16ی ئۆكتۆبەر"ەو رەخنەی توندی لە سەركردەكانی پارتی گرتووە، بەهۆی رەوەند مەلا مەحمودەوە یەكێتی تائێستا سێ پۆستی سەرۆكی دەستەی پڕنەكردوەتەوە، كە لە كابینەی نوێدا وەریگرتووە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، یەكێتی تا دواین سات ئامادەنەبووە لەسەر "ڤیتۆ"ی پارتی، كاندیدبوونی رەوەند مەلا مەحمود بۆ پۆستی سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بكێشێتەوە‌و دیارنییە لەداهاتوودا ئەم كێشەیە چۆن چارەسەر دەكرێت.
هەر لەناو یەكێتیدا چەندین كارەكتەری تر هەن سەرباری ئەوەی تائێستا خۆیان بۆ هیچ پۆستێكی حكومی كاندیدنەكردووە، بەڵام بەهۆی لێدوانە توندەكانیانەوە لەدژی پارتی‌و بنەماڵەی بارزانی، خراونەتە لیستی "ڤیتۆكراوەكان"ەوە، لە نمونەی (مەحمود سەنگاوی)‌و (ئاراس شێخ جەنگی)‌و (شاناز ئیبراهیم ئەحمەد)‌و (قادر عەزیز) ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی‌و هەندێك لەو فەرماندە سەربازییانەی یەكێتی كە لە رۆژانی شەڕی ناوخۆیدا رۆڵیان هەبووە، (حاكم قادر) یەكێك لەو بەرپرسانەی یەكێتییە كە "ڤیتۆ"كردنەكەی لەلایەن پارتییەوە مێژووەكەی بۆسەردەمی شەڕی ناوخۆیی دەگەڕێتەوە.

بەرهەم ساڵح لە بازنەی ڤیتۆكراواندا
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كە ئێستا كاندیدی بەهێزە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی داهاتووی یەكێتی، یەكێك لەو كارەكتەرە سیاسییانەی كە بەمدواییە كەوتووەتە ناو بازنەی "ڤیتۆ"ی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییەوە.
ساڵی 2018 یەكێتی نیشتمانی لەدەرەوەی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی، بەرهەم ساڵحی كرد بە سەرۆك كۆماری عێراق، ئەمە مەسعود بارزانی توڕەكرد، بارزانی فوئاد حسێن-ی كاندید كرد بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، بەڵام لەناو پەرلەمانی عێراق كاندیدەكەی بارزانی سەرنەكەوت.
ئەمە، پەیوەندییەكانی بەرهەم ساڵحی لەگەڵ بارزانی تێكدا، دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆك كۆمار، بەرهەم ساڵح هەوڵی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی خۆیدا لەگەڵ بارزانی، ئەم كارەشی لەڕێگەی مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانییەوە كرد، تاڕادەیەك سەركەوتوو بوو لە ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بارزانی‌و خۆدەربازكردن لە "ڤیتۆ"كە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییە لە كۆبونەوەیەكدا ئاڵۆزی كەوتوەتەوە نێوان بارزانی‌و بەرهەم ساڵح، لەدوای ئەو گرژییە بوو كە چەند رۆژێك دواتر پارتی لە بازگەی "سماقوڵی" رێگری لە مەحمود سەنگاوی ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كرد بچێتە شاری هەولێر.

بازگەكان‌و ڤیتۆ
سەرباری "ڤیتۆ" بۆ رێگریكردن لە وەرگرتنی پۆستی حكومی، پارتی شێوازێكی تری "ڤیتۆ" بۆ لێدانی نەیارە سیاسییەكانی بەكاردەهێنێت، كە بریتییە رێگریكردن لە سەردانی ئەو كەسانە بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی.
چیرۆكی رێگریكردن لە بەرپرسە سیاسییەكان لە بازگەی (دێگەڵە‌و پردێ‌و سماقوڵی)، بۆ زۆرێك لە خەڵكی كوردستان بابەتێكی ئاشكرایە، پارتی لەماوەی رابردوودا لە (دێگەڵە) رێگری لە كۆسرەت رەسوڵ كرد، لە (پردێ) رێگری لە گەڕانەوەی یوسف محەمەد سەرۆكی پێشووی پەرلەمان كرد بۆ شاری هەولێر، بەمدواییەش لە بازگەی (سماقوڵی) رێگری لە مەحمود سەنگاوی كرد.
لیستی سزاكانی پارتی لە شێوەی "ڤیتۆ"دا، ئەمساڵانەی دوایی تەنانەت راگەیەندكارو دەزگا میدیاییەكانیشی گرتوەتەوە، چەندین چیرۆكی ئاودیوكردنی رۆژنامەنوس‌و پەیامنێران لە هەولێرەوە بەرەو سلێمانی لەو بازگانەدا، تۆماركراون.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand