لیژنە پەرلەمانیەكە: پشتگیری لە بەیاننامەكەی ئاساییشی هەولێر دەكەین
2020-01-30 14:07:22
درەو:
لیژنە پەرلەمانییەكەی تایبەت بە گیان لەدەستدانی ( مەجید ئیبراهیم) كە سەرۆكی لیژنەكە یەكێتیە ئەنجامی بەدواداچونەكەی راگەیاندوو پشتگیری لە بەیاننامەكەی ئاسایشی گشتی دەكات كە دەڵێت "مەجید ئیبراهیم لە بەندیخانە خۆی كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە".
ئەمڕۆ لیژنەی تایبەت بە گیان لەدەستدانی هاوڵاتی ( مەجید ئیبراهیم) پێشمەرگەی یەكێتی یەكێتی ئەنجامی بەدواداچونەكانی بڵاوكردەوەو پشتیوانی خۆی بۆ بەیاننامەكەی ئاساییشی گشتی هەولیر دوپاتكردەوەكە لە رۆژی 16/1/2020 بڵاویكردەوە.
بەیاننامەكەی ئاساییشی گشتی هەولێر ئاماژە بەوە دەكات:
- مەجید ئیبراهیم لەناو بەندیخانە خۆی كوشتووە
- مەجید ئیبراهیم تۆمەتبار بووە بەوەی 60 كیلۆگرام مادەی هۆشبەری پێبووە
لەدوای گیان لەدەستدانی ( مەجید ئیبراهیم) لە زیندانی ئاساییش لە 16/1/2020 یەكێتی نیشتیمانی كوردستان گومانی لەسەر دۆسیەكە بۆ درووست بوو، بەوهۆیەشەوە داوای لیژنەی لێكۆڵینەوەیان كردوو لیژنەیەكی لاوەكی لەپەرلەمانی كوردستان پێكهات بەسەرۆكایەتی ( عوسمان سێدەری) پەرلەمانتاری یەكێتی، سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەكانی كردووە:
- بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش
- بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانیان
- لیژنەی پزیشكی دادی لە هەولێر
- ماڵی مەجید ئیبراهیم
لە كۆتاییدا لیژنە پەرلەمانییەكە ئەنجامی بەدواداچونەكانی خستە روو :
- پشتگیری لە بەیاننامەی ئاسایشی گشتی دەكەین
- هیچ خالێكی وا تێبینی نەكراوە كە پێچەوانەی راگەیێندراوی ئاسایش بێت،
بەو پێیەی لیژنە پەرلەمانیەكە پشتیوانی لە بەیاننامەكەی ئاساییش دەكات كە دەڵێت" مەجید ئیبراهیم لە زیندان كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە" واتا لیژنە پەرلەمانیەكەش گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی كە مەجید ئیبراهیم خۆی خۆی خنكاندووەو كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە
ئەندامانی لیژنە پەرلەمانیەكە
-عوسمان كەریم سوارە( عوسمان سێدەری) سەرۆك
-رۆمیۆ هەكاری
-رزگار محمد محمود
-سەعید هەركی
-حەسیبە گەردی
-هیمداد سەباح
-زكری زێباری
-شادی نەوزاد
-د. وەعدی سلیمان علی
رۆژی 16/1/2020 ئاساییشی گشتی هەولێر راگەیەنراوێكی لەسەر گیان لەدەستدانی مەجید ئیبراهیم بڵاوكردەوە:
دوابەدوای دەست بەسەرداگرتنی بڕی (٦٠) كیلوگرام ماددەی هۆشبەر لە لایەن مەفرەزەیەكی ئاسایشەوە و وەرگرتنی زانیاری لەسەر ئەوەی كە خاوەنداریەتی مادەكە دەگەرێتەوە بۆ هاولاتی (مەجید ئیبرایم عەبدوڵا) ، ڕەزامەندی بەڕێز دادوەر وەرگیرا بۆ دەستگیركردن و پشكنینی ماڵی ناوبراو لە گوندی سیساوەی سەربە شاروچكەی هەریر، لە كاتی دەستگیركردن و پشكنینی ماڵی ناوبراو لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە و بە ئامادەبوونی ئەندامانی خێزانەكەی، كەسێكیتر لەسەر هەمان دۆسیە دەستگیركرا و بڕێكی دیكی ماددەی هۆشبەریش دەستی بەسەرداگیرا، بەداخەوە لە رۆژی ١٦-١-٢٠٢٠، ناوبراو لەناو بەندیخانە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، دوای ئاگاداركردنی بەڕێز دادوەر، تەرمی ناوبراو ڕەوانەی پزیشكی دادی هەولێر كرا، شایانی باسە تەواوی بەڵگەنامەكان لەسەر ئەم دۆسیە و ڕێكارە یاساییەكان بەردەستن".