Draw Media

دەوڵەت‌ و پارە بەرامبەر ئاشتی‌ و دانپێدانان

دەوڵەت‌ و پارە بەرامبەر ئاشتی‌ و دانپێدانان

2020-01-29 18:38:40


راپۆرتی: درەو
دەوڵەتێكی داماڵڕاو لەچەك، بەگەڕخستنی 50 ملیار دۆلار بۆ بوژاندنەوەی ئابوری، ملیۆنێك هەلی كارو كەمكردنەوەی ڕێژەی هەژاری و كۆمەڵێك بەڵێنی تر لەهەگبەی "ترەمپ"دایە بۆ فەلەستنیەكان ئەگەر پلانەكەی بۆ ئاشتی قبوڵبكەن. 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كورتكراوەی تێڕوانینی "دۆناڵد ترەمپ"سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای سەبارەت بە كێشەی (فەلەستین-ئیسرائیل) بڵاوكردەوە، كە لەمیدیاكاندا بە "گرێبەستی سەدە" ناویدەهێنرێت.
وەزارەتی دەروەی ئەمریكا لەژێری ناونیشانی (تێڕوانێكی ئازایانە بۆ ئاشتی) نوسیویەتی:"سەرۆك ترەمپ دەزانێت كاتی لێكنزیكبونەوەیەكی نوێ‌ هاتووە لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی‌و ئاسایش‌و شكۆو دەرفەت بۆ ئیسرائیلییەكان‌و گەلی فەلەستین".
تێڕوانینەكەشی بە نمونەیترین پلان وەسفدەكات كە تائیستا پێشكەشكرابێت بەوپێیەی زۆرترین جدیەت‌و واقیعیبون‌و تێروتەسەلی لەوردەكارییەكانیدا هەیە، كە دەكرێت وا لە فەلەستین‌و ئیسرائیل‌و ناوچەكە بكات سەقامگیرترو گەشەسەندوتربێت. 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی پلانەكەی"ترەمپ" بۆ ئاشتی دەڵێت: ئەم تێڕوانینە هەنگاوی یەكەمە‌و بنەمایەك دەستەبەردەكات بۆ بەرەوپێشچونێكی مێژوویی بە ئاراستەی ئاشتی، ویلایەتە یەكگرتووەكان هیواخوازە ئەم تێڕوانینە ببێتە هۆی ئەنجامدانی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئیسرائیل‌و فەلەستینیەكان.
ئەگەر فەلەستینیەكان مەترسیان لەم تێڕوانینە هەبێت، پێیوستە لەچوارچێوەی دانوستانەكاندا بەنیەتێكی باش لەگەڵ ئیسرائیلییەكان پێشكەشی بكەن‌و، هاوكاربن لەبەدیهێنانی پێشكەوتن بۆ ناوچەكە، نەیاریكردنی ئەم تێڕوانینەش هێشتنەوەی دۆخی خراپی ئێستایە كە بەرهەمی دەیان ساڵ بیركردنەوەی نەرێنیە.

دەستكەوتەی دیبلۆماسییەكان 
•    سەرۆك "ترەمپ" ڕكابەرە سیاسیە ئیسرائیلییەكان كۆدەكاتەوە بۆ پشتیوانیكردنی تێڕوانیەكانی بۆ ئاشتی‌و ئاسایكردنەوەی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل لەگەڵ هاوسێكانی.
•     سەرۆك "ترەمپ" توانی هەریەك لە "بینیامین ناتانیاهۆ"سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل‌و جەنەڕاڵ "بینی گانتس" سەرۆكی ئۆپۆزسیۆن ڕازیبكات سەردانی واشنتۆن بكەن.
•     ڕێكبكەون لەسەر ئەوەی ئەم تێڕوانینە بكەنە بنمایەك بۆ دانوستان.
•    سەرۆك "ترەمپ" بۆ یەكەمجارە لەم ململانێیەدا بگاتە لێكگەیشتن لەگەڵ ئیسرائیل لەوەی پەیوەستە بەو نەخشەیەی كە سنوری هەردوو وڵات دیاریدەكات.
•    سەرۆك "ترەمپ"دوژمنە مێژووییەكان لەناوچەكە كۆدەكاتەوە، ئەم كارانەشی دەبێتەمایەی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل لەگەڵ هاوسێكانی.

دانپێدانی دوولایەنەو سەربەخۆیی
•     ئەم تێڕوانینە پێشنیازی چارەسەری دوو دەوڵەت دەكات بە شێوەیەكی واقیعی.
•     ڕێگایەك دەستەبەر دەكات كە قابیلی بەردەوامیبێت بەرەو دروستكردنی دەوڵەتی فەلەستینی.
•     ئیسرائیل ڕەزامەندی دەربڕیوە بەمەرجەكانی دروستبونی دەوڵەتی فەلەستین لە ئایندەدا.  
•    ئەم تێڕوانینە ئامانجی بەدیهێنانی دانپێدانانی دوو لایەنەیە.
•     دەوڵەتی ئیسرائیل وەك دەوڵەتی گەلی یەهودو دەوڵەتی فەلەستینیش وەك دەوڵەتی گەلی فەلەستین.
•     سەرجەم هاوڵاتیانی ناو ئەم دەوڵەتانە سەرجەم مافێكی مەدەنی هاوتایان هەبێت.
•     ئەم تێڕوانینە گەرەنتی هەڵنەكەندنی هیچ فەلەستینی‌و ئیسرائیلییەك دەكات لەماڵەكەی خۆی.

ئاسایشی ئیسرائیل 
•    ئەم تێڕوانینە ڕاستییەكان لەسەر زەمینی واقیع بەهەند وەردەگرێت‌و پارێزگاری تەواوەتی لە ئاسایشی ئیسرائیل دەكات.
•     سەرجەم پێداویستیە ئەمنیەكانی دەوڵەتی ئیسرائیل لە خۆدەگرێت، داوا لە ئیسرائیل ناكات مەترسی ئەمنیی زیاتر بۆخۆی دابین بكات، هاوكاری ئیسرائیل دەكات بۆ پارێزگاریكردن لەخۆی دژی هەر هەڕەشەیەك. 
•    دەوڵەتێكی داماڵڕاو لەچەك بۆ فەلەستینیەكان دروستدەكات كە بە ئاشتی لەتەنیشت ئیسرائیلەوە بژی.
•     بەپرسیارێتی پاراستنی ئاسایش دەداتە دەست ئیسرائیل لە خۆرئاوای دەریاچەی ئوردون.
•    فەلەستنییەكان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو ئیسرائیل كاردەكەن بۆ وەگرتنی بەپرسیارێتی ئەمنیی زیاتر بە تێپەڕبونی كات‌و، بەرپرسیارێتی ئەمنییەكانی ئیسرائیل كەمتردەبێتەوە.  

قودس‌و ناوچە پیرۆزەكان
•    ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ناوچە پیرۆزەكان لەگەڵ زامنكردنی پاراستنی پەرستن بۆ یەهودو مەسیحی و مسوڵمانەكان.
•    دۆخی ئێستای "جەبەل هەیكەل"/"مزگەوتی ئەقسا" وەك ئەوەی ئێستا دەمێنێتەوە.
•    پاراستنی ئەو ڕۆڵە تایبەت‌و مێژووییەی كە پادشای ئوردون دەیگێڕێت لەپاراستنی ناوچە پیرۆزەكان لە قودس.
•    پێشوازی لەسەردانی سەرجەم زیارەتكارانی مسوڵمانان دەكرێت بۆ مزگەوتی ئەقسا بەشێوەیەكی ئاشتیانە.

دەوڵەتی فەلەستین لەئایندەدا
•     ئەم تێڕوانینە فراوانبونێكی هەرێمایەتی گەورە بە فەلەستنیەكان دەبەخشێت لەپێناو دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین. 
•    ئیسرائیل ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر سڕكردنی خاك بۆ ماوەی چوار ساڵ بەئامانجی زامنكردنی سەركەوتنی چارەسەری دوو دەوڵەت.
•    قودس بە یەكگرتوویی دەمێنێتەوە‌و پایتەختی ئیسرائیل دەبێت، ناوچەكانی قودسی خۆرئاوا دەكەوێتە چوارچێوەی پایتەختی دەوڵەتی فەلەستینەوە.
•    ئەم تێڕوانینە دوو هێندەی قەبارەی ئەو زەوییانەیە كە ئێستا بەدەست فەلەستینیەكانەوە.
•    هاوشانی خاك، ئەم تێڕوانینە ئەگەری بەكارهێنانی دامەزراوەكان لە بەندەرەكانی "حەیفاو ئەشدود" ئیدارەدان‌و پێشخستنی ناوچەی هاوینەوارەكان لەباكوری دەریای مردوو و چالاكی كشتوكاڵ لە غەوری ئوردون دەستەبەردەكات.
•    ئەم تێڕوانیە پێشنیازی هێڵی گواستنەوەی تازەو چالاك بۆ زامنكردنی گەشت‌و گواستنەوەی شتومەك دەكات لەناوچە جیاوازەكانی دەوڵەتی فەلەستین، بە كەرتی غەزەو كەناری خۆرئاوای فەلەستنیشیەوە.

ئاسایكردنەوە
•     ئەم تێڕوانیە كۆتایی دێنێت بە دۆخی ئێستای پەنابەرەكان‌و ڕێگە دەدات بە گۆڕانكارییەكی ڕاستەقینە لەناوچەكە، دۆخێك كە ئاسایش‌و سەقامگیری و دەرفەتی زۆر پێشكەوتن دەڕەخسێنێت.
•    بەپێی ئەم تێڕوانینە، بژاردەی گەڕانەوە دەدات بە پەنابەران بۆ دەوڵەتی فەلەستین یان توانەوە لەناو ئەو دەوڵەتانەی ئێستا تێیدا دەژین، یان لەوڵاتی سێیەم نیشەجێبكرێنەوە.

پێشكەوتن لەناوچەكە
•     كاتێك ئەم تێڕوانینە لایەنی ئابوری بەپلانی ئاشتی گرێدەدات" ئاشتی بەرەو پێشكەوتن" وزەو تواناكانی ئەم ناوچەیە دەكەونەگەڕ كە بەدرێژایی چەندین دەیە بەهۆی ململانێكانەوە سڕبوون.
•    ئەم تێڕوانیە، پلانی لەئاشتی بۆ پێشكەوتنی مەزن لەخۆدەگرێت بە بڕی 50 ملیار دۆلار بۆ پێشخستنی ئابوری فەلەستین.
ئەم تێڕوانیە ئەگەر بەشێوەیەكی ڕاست‌و دروست جێبەجێبكرێت:
•    زیاتر لە یەك ملیۆن درەفەتی نوێی كار دەڕەخسێنێت.
•    دوو هێندە زیاتر كۆی بەرهەمی فەلەستین زیاتر دەكات.
•    بێكاری بۆ 10% زیاتر كەمدەكاتەوەو ڕێژەی هەژاری بۆ نیوە دادبەزێنێت.           
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand