پارتی واژۆ لەسەر داوایەكی گۆڕان دەكات
2020-01-29 16:35:33
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
بزوتنەوەی گۆڕان سبەینێ هەڵسەنگاندن بۆ رێككەوتنە سیاسییەكەی لەگەڵ پارتی دەكات، لەكۆی (67) پۆست، دوای شەش مانگ لە دەستبەكاربوونی حكومەت تائێستا گۆڕان تەنیا (5) پۆستی وەرگرتووە، دوێنێ پارتی وەكو نیشاندانی نیازپاكی، داواكارییەكی بزوتنەوەی گۆڕانی جێبەجێكرد، چاوەڕوان دەكرێت بزوتنەوەی گۆڕان لە چەند رۆژی داهاتوودا پەیامێكی نوسراو بۆ پارتی بنێرێت، (درەو) لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر بڵاودەكاتەوە.
هەڵسەنگاندنی شەش مانگ
شەش مانگ بەسەر دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی تێپەڕی، بزوتنەوەی گۆڕان وەكو یەكێك لە لایەنە پێكهێنەرەكانی كابینەكە، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی حكومەتو رێككەوتنی بەشداربوونی لە كابینەكە دەكات.
سەرچاوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو)ی راگەیاند، سبەینێ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە، لە كۆبونەوەكەدا لەبارەی دوو تەوەرەوە گفتوگۆ دەكرێت:
تەوەری یەكەم: ئامادەكارییەكان بۆ سازدانی كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەكە
تەوەری دووەم: هەڵسەنگاندنی بەشداریكردنی گۆڕان لە حكومەت دوای شەش مانگ.
رۆژی 9ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، لەناو جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا وەكو سەرەتایەك گفتوگۆكرا لەبارەی بەشداربوونی گۆڕان لە حكومەت، بەڵام ئەوكات لەسەر داوای عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە بڕیاردرا، بابەتەكە بەكراوەیی بهێڵدرێتەوە تا ئەوكاتەی حكومەت شەش مانگی یەكەمی تەمەنی خۆی تەواو دەكات.
بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ بەشداربوونیدا لەكابینەی نوێی حكومەت، بەهۆی فشاری لایەنگرانییەوە بڕیاریدا دوای شەش مانگ لە دەستبەكاربوونی كابینەی نوێ هەڵسەنگاندن بۆ بەشداربوونەكەیو جێبەجێكردنی بڕگەكانی ئەو رێككەوتنە سیاسییە بكات كە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كردوویەتی، پاشان دوای شەش مانگی تر بڕیار لەسەر مانەوە یاخود دەرچوونی لە حكومەت بدات.
رۆژی 16ی شوباتی 2019 گۆڕانو پارتی لەمەراسیمیێكدا رێككەوتنی سیاسی نێوانیان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ئیمزا كرد، بزوتنەوەی گۆڕان كە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا (12) كورسی بردەوە، بەپێی رێژەی كورسییەكانی، (12%)ی كۆی پۆستەكانی حكومەتی بۆ دیاریكرا.
پشكی گۆڕان لە حكومەت
دوای شەش مانگ لە دەستبەكاربوونی كابینەی نوێ، تائێستا گۆڕان تەنیا پێنج پۆستی وەرگرتووە كە ئەمانەن:
• جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان- مستەفا سەید قادر
• وەزیری داراییو ئابوری- ئاوات شێخ جەناب
• وەزیری ئاوەدانكردنەوە- دانا عەبدولكەریم
• وەزیری بازرگانیو پیشەسازی- كەمال موسلیم
• وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی- كوێستان محەمەد
هێمن شێخانی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێددوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو) وتی:" تائێستا رێككەوتنی بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رێژەی 5%ی جێبەجێكراوەو هەست دەكەین پارتی كات دەكوژێت".
شێخانی دەڵێ:" پێدەچێت دوای كۆبونەوەی سبەینێی جڤاتی نیشتمانی، بزوتنەوەی گۆڕان نامەیەك ئاڕاستەی پارتی بكات لەبارەی جێبەجێ نەكردنی رێككەوتنەكەوە، چونكە ئێمە نەچووینەتە حكومەتەوە بۆ پەردەپۆشكردنی عەیبی هیچ لایەنێكی سیاسی".
پۆستە پڕنەكراوەكان
بەپێی ئەوەی رێككەوتنی لەسەر كراوە، دەبوو بزوتنەوەی گۆڕان پۆستێكی باڵای تر بەناوی (یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری چاكسازی) وەرگرێت، بەڵام ئەم پۆستە تائێستا پڕنەكراوەتەوەو بزوتنەوەی گۆڕانیش دڵی لە وەرگرتنی پۆستەكە ساردبووەتەوە.
لە سەرەتای دانوستانەكانیدا لەگەڵ پارتی، بزوتنەوەی گۆڕان داوای پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی دەكرد، بەهۆی ناڕەزایەتی یەكێتیو بەدیاریكراویش قوباد تاڵەبانی، پارتی ئامادەنەبوو جێگری دووەم بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت زیاد بكات، بەڵام گۆڕانی قایل كرد بەوەی پۆستی پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی پێدەداتو ئەو پۆستە هاوشێوەی جێگری سەرۆك وەزیران دەبێت، گۆڕان بە پێشنیازەكەی پارتی قایل بوو.
پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی وا رێككەوتنی لەسەر كراوە كە دەبێت لە پەرلەمانی كوردستانەوە یاسایەكی تایبەتی بۆ دەربچێت، بەڵام لەدوای دەستبەكاربوونییەوە مەسرور بارزانی (چوار) كەسی وەكو یاریدەدەر بۆخۆی دامەزراندووە بەبێ هیچ پشتیوانییەكی یاسایی لە پەرلەمانەوە، زۆربوونی یاریدەدەرەكانی سەرۆكی حكومەت، گۆڕانی نیگەران كرد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، پارتی پێشتر بە فەرمی وەڵامی نیگەرانییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی دانانی ئەو یاریدەدەرانەوە بۆ سەرۆكی حكومەت داوەتەوەو وتویەتی:" ئەو یاریدەدەرانە بۆ ئەو وەزارەتانە دانراون كە لای پارتینو هیچ یاریدەدەرێكیان كارەكەیان پەیوەندیدار نییە بە وەزارەتەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە" ئەم بەهانەیە، نیگەرانییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی رەواندوەتەوە.
سەرەتا پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا وەكو پۆستێكی باڵا تەماشا دەكرا، جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندن كە خۆی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی ئیمزاكرد، خۆی بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە كاندیدكردبوو، بەڵام كە مەسرور بارزانی یاریدەدەری تری بۆخۆی دامەزراند، جەلال جەوهەر لە كاندیدبوونی بۆ پۆستەكە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان كشایەوە، ئێستا ئەم پۆستە بە هەڵواسراوی ماوەتەوەو دیارنییە كەی بزوتنەوەی گۆڕان پڕی دەكاتەوە، بەپێی زانیارییەكان (شوان قلیاسانی) ئێستا تاكە كاندیدە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە.
سەرباری پۆستە باڵاكان، بەپێی رێككەوتنەكە، دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان ژمارەیەك پۆستی تری حكومی وەرگرێت كە تائێستا وەرینەگرتووە، سەرەتای تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بزوتنەوەی گۆڕان ناوی چوار كاندیدی خۆی بۆ وەرگرتنی (4) پۆستی بریكاری وەزیر رەوانەی حكومەت كرد، بەڵام تائێستا ئەو چوار كەسە دەستبەكارنەبوون كە بریتین لە هەریەكە لە:
* كامیل قەزاز- بریكاری وەزیری كارەبا
* د. سەیوان عەلی- بۆ بریكاری وەزیری پەروەردە
* مستەفا سەلیم- بۆ بریكاری وەزیری ناوخۆ
* چالاك موهەندیس- بۆ بریكاری وەزیری شارەوانی
هەر بەپێی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی، بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت لەكابینەی نوێدا (48) پۆستی بەڕێوەبەری گشتیو راوێژكار وەرگرێت، تائێستا ئەم پۆستانەش پڕنەكراونەتەوە.
بەپێی قسەی بەرپرسانی گۆڕان، پارتیو مەسرور بارزانی هۆكاری پڕنەكردنەوەی پۆستەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەكێتی نیشتمانی دەگەڕێننەوە، بەوپێیەی بەشێك لەو پۆستانەی كە بە گۆڕان دراون، ئێستا لای یەكێتی-نو پارتی چاوەڕوانی ئەوە دەكات ئەنجامی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی یەكلابكرێتەوە تاوەكو لەسەر ئەو پۆستانە رێككەوتنی كۆتایی بكرێت.
بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی ئەم پۆستانەوە پێشتر پێشنیازی سازدانی كۆبونەوەیەكی سێ قۆڵی كرد لەنێوان (پارتی- یەكێتی- گۆڕان)، پارتی قایل بووە بە پێشنیازەكە، بزوتنەوەی گۆڕان چاوەڕوانە بەمنزیكانە دوای هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری نوێی یەكێتی، ئەو كۆبونەوە سێقۆڵییە بەڕێوەبچێت.
هەندێك پۆستی تر هەن كە بەهەمان شێوە لە كابینەی نوێدا بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتوونو هێشتا پڕنەكراونەتەوە، لەوانە:
• دوو ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان
• دوو نوێنەرایەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، پێشتر لەبارەی دوو پۆستەكەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە، پارتی بەفەرمی بزوتنەوەی گۆڕان ئاگاداركردووە لەوەی بابەتی پۆستەكانی ئەنجومەنی ئاسایش دوابخات بۆ كاتێكی تر، چونكە ئەوان خۆیان لەدوای دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت، هێشتا پۆستی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشیان پڕنەكردوەتەوە، كە پێشتر ئەو پۆستە بەدەست مەسرور بارزانییەوە بووە.
هەندێكی پۆستی تریش هەن كە بەهەمان شێوە هێشتا پڕنەكراونەتەوە، لەوانە:
• ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە
• سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان
• بەڕێوەبەری گشتیو بەرپرسی دیوانی هەموو ئەو وزارەتو دەستانەی كە گۆڕان وەریگرتوون یان وەریاندەگرێت
بەپێی قسەی هێمن شێخانی، لەكۆی (67) پۆست كە لە كابینەی نوێی حكومەت بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە تەنیا (5) پۆستیان وەرگیراونو ئەوانی تر هێشتا پڕنەكراونەتەوە.
چاكسازیو بەرنامەی حكومەت
سەرباری پۆستەكان، بەپێی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی، بزوتنەوەی گۆڕان هەندێك پرۆژەی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی پێشكەشكردووە، بەڵام دوای شەش مانگ ئەو پرۆژانە هێشتا شتێكی ئەوتۆیان لێ سەوز نەبووە.
یاسای چاكسازی لە موچەی پلەباڵاكان كە بەمدواییە لە پەرلەمان پەسەندكرا، لە بنەڕەتەوە پرۆژەی بزوتنەوەی گۆڕان نەبوو، بەڵام هەندێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بەرگرییان لێكرد، پرۆژەكە پەسەندكرا، بەڵام لە شەقامدا وەكو دەستكەوتێك نەچووە گیرفانی بزوتنەوەی گۆڕانو كۆتایی بەو رەخنانە نەهێنا كە دەنگدەرانی بزوتنەوەكە لە بەشداریكردنی بزوتنەوەكەیان لە حكومەت، هەیانە.
پرسی جێبەجێكردنی بەرنامەی هاوبەشی لایەنەكان بۆ چاكسازی، یەكێكی ترە لە سەرچاوەكانی نیگەرانی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت، بەمدواییە جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان كە خۆی ئیمزای لەسەر رێككەوتنە سیاسییەكە كردووە، لە وتارێكدا لە مێرگەسور وتی:" ئێمە كاتی خۆی رێككەوتین كە قانونێكی شاملو كامل هەبێت بۆ ئیسڵاحی سیاسیو یاساییو ئابوریو داراییو كارگێڕیو ئەمنیو سەربازی، بەڵام ئێستا مەعلوماتەكان وایە كە ئەم حكومەتە دەیەوێت ئیسڵاح تەنیا لە موچەو هەندێك بابەتی خانەنشینیدا كورتبكاتەوە".
پەیامێك لە پارتییەوە بۆ گۆڕان
هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، حكومەتی هەرێم لەڕێگەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە یەكێك لە داواكارییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی لەبارەی بەشداریكردن لە حكومەت جێبەجێ كرد كە تایبەت بوو بە گەڕاندنەوەی سزادراوە سیاسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆسەر كارەكانیان.
هێمن شێخانی بە (درەو)ی رایگەیاند، دوێنێ ئێوارە حكومەت واژۆی لەسەر لیستی گەڕانەوەی سزادراوە سیاسییەكانی گۆڕان كردووە بۆسەر كارەكانیان.
بەپێی قسەی شێخانی، بزوتنەوەی گۆڕان نزیكەی (هەزار) كەسی هەیە كە لە ساڵی 2009و دوای دروستبوونی بزوتنەوەكەوە، بەهۆی گۆڕانبونیانەوە لەدامودەزگاكانی حكومەت دورخراونەتەوەو موچەیان بڕدراوە.
بابەتی گەڕاندنەوەی سزادراوە سیاسییەكان بۆسەر كارەكانیان یەكێك لەو بڕگانەیە كە لەرێككەوتنی نێوان گۆڕانو پارتیدا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، رێككەوتنی لەسەركراوە.
پرسی سزادراوانی سیاسی لەكابینەی پێشووی حكومەتدا بەهەمان شێوە یەكێك لە مەرجەكانی بەشداربوونی گۆڕان بوو لە كابینەی نێچیرڤان بارزانیدا، بەڵام تا ئەوكاتەی گۆڕان لە حكومەت دەركرا، ئەم داواكارییەی گۆڕان بەتەواوەتی جێبەجێ نەكرا.
ئیمزاكردنی لەسەر گەڕاندنەوەی لیستی سزادراوانی گۆڕان لەلایەن حكومەتەوە لەم كاتەدا، وەكو پەیامی نیازپاكی پارتی لەبەرامبەر بزوتنەوەی گۆڕان لێكدەدرێتەوە.
لە هەرێم دەسەڵاتو لە بەغداد ئۆپۆزسیۆن
بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی دوو فراكسیۆنی پەرلەمانییە، یەكێكیان لە هەرێمو ئەویتر لە بەغداد.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەغداد نیگەران لە رێككەوتنەكەی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتیدا، لەماوەی رابردوودا فراكسیۆنی بەغداد چەندجارێك نیگەرانی خۆیان بە جڤاتی نیشتمانیو خانەی راپەڕاندن گەیاندووە لەبارەی ئەوەی پارتی لە بەغداد هیچ هەماهەنگییەكیان لەگەڵدا ناكات.
(درەو) زانیویەتی، بەمدواییە فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق كۆبونەوەیەكی لەگەڵ خانەی راپەڕاندن كردووەو تێیدا ئەندامانی فراكسیۆن باسیان لەوەكردووە كە پارتی لە بەغداد هەموو پۆستەكان بۆ خۆی دەباتو لەژێرەوە دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان دەكات بەبێ ئەوەی ئەوانی لێ ئاگاداربكاتەوە، لە كوردستانیش داوای یەكڕیزی دەكات، بۆیە ئەوان پابەندنابن بە رێككەوتنەكەی هەرێمو ئەو جۆرە یەكڕیزییەی كە پارتی داوای دەكات.
لەبەرامبەردا بەرپرسانی گۆڕان باسلەوەدەكەن، رێككەوتنی ئەوان لەگەڵ پارتی رێككەوتنێكی گشتگیر نییەو تەنیا بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێمە، هەندێك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی گۆڕان بەبێ گوێدانە رێككەوتنەكەی هەرێم، بەردەوام بە زمانی توند رەخنە لە پارتی دەگرن.