پەیڕەو دوو جێگری بۆ سەرۆك یەكلاكردەوە
2020-01-27 19:04:55
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆتایی هات، بەڵام هێشتا رێژەی 75%ی كارەكانی كۆنگرە تەواونەبوون، كۆنگرەی راستەقینە ئەو رۆژە دەستپێدەكات كە دەسەڵاتی ئۆرگانەكانو پۆستی سەرۆكو جێگرانی سەرۆكی حزب یەكلادەبێتەوە، چەند رۆژێكە ململانێی نێوان جەمسەرەكان لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستو دەسەڵاتەكان چڕبووەتەوە، لیژنەی هەمواری پەیڕەو (2) جێگری بۆ پۆستی سەرۆكی حزب دیاریكردووە، بەڵام (5) كەس چاویان لە وەرگرتنی ئەو پۆستەیە، (درەو) لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر بڵاودەكاتەوە.
بچوككردنەوەی بازنەی گەمەكە
دوای پێنج ساڵ دواكەوتن لەوادەی دیاریكراوی خۆی، دواجار كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2019 یەكێتی كۆنگرەی چوارەمی خۆی لە شاری سلێمانی گرێدا، كۆنگرەیەك كە دوای زیاتر لە مانگێك هێشتا نەیتوانیوە سەرۆكێك هەڵبژێرێتو پەیڕەوێكی نوێ ئامادە بكاتو حزبەكە لەكێشەی نەبوونی ناوەندی بڕیاردان رزگاربكات.
سەركردەكانی یەكێتی كە لەژێر فشاری توندی بنكەی جەماوەری حزبەكەیاندا بوون بۆ سازدانی كۆنگرە، بەناچاریو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی كرچو كاڵدا رۆژی 21ی كانونی یەكەمی رابردوو كۆنگرەیان سازكرد، لەو كۆنگرەیەدا بەبێ یەكلاكردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبو دەسەڵاتی ئۆرگانەكان، سەركردایەتییەكی نوێیان بۆ حزب هەڵبژارد كە ژمارەیان (121) ئەندامە، كۆنگرە هەموو كاروبارەكانی تری وەكو هەڵبژاردنی سەرۆكو جێگرەكانیو دەسەڵاتی ئۆرگانەكانو هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی دایە دەست سەركردایەتییە نوێیەكە، بەم هەنگاوە سەركردەكانی یەكێتی لە قۆناغی یەكەمدا خۆیان لە ناڕەزایەتیو توڕەیی بنكەی جەماوەری حزب پاراستو ئاستی ململانێو ناكۆكییەكانیان جارێكی تر لەناو بنكەی جەماوەرییەوە هەڵدایەوە بۆ ناو سەركردایەتیو بازنەی گەمەكەیان بچوككردەوە.
هەمواری پەیڕەو
دوای (24) رۆژ لە بەڕێوەچوونی كۆنگرە، رۆژی 14ی ئەم مانگە ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی لیژنەیەكی (19) كەسی راسپارد بۆ پێداچوونەوەو هەمواركردنی پەیڕەوی ناوخۆی حزب، بەجۆرێك هەموارە نوێیەكە لەگەڵ دەرەنجامەكانی كۆنگرەو دۆخی نوێی یەكێتیدا بگونجێت.
بڕیاربوو لیژنەكە دوای دەستبەكاربوونی لەماوەی (10) رۆژدا هەموار پەیڕەو تەواوبكاتو بیخاتە بەردەم ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی بۆ دەنگدان لەسەریو پەسەندكردنی، بەڵام ئەمڕۆ سێ رۆژ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕیو هێشتا پەیڕەوی نوێ نەخراوەتە بەردەم ئەنجومەنی سەركردایەتی.
هەندێك لە ئەندامانی لیژنەی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ باسلەوەدەكەن زۆربەی كارەكانیان تەواوكردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لەسەروو لیژنەكەو لەنێوان جەمسەرەكانی یەكێتیدا هەندێك بابەت هەن كە هێشتا ناكۆكییان لەسەرەو یەكلانەكراونەتەوە، بەشێوەیەكی گشتی دەتوانرێت بوترێت ئەوەی یەكێتی كردی رێژەی 25%ی كۆنگرە بوو، ئێستا رێژەی 75%ی كارەكانی كۆنگرە ماونو تەواو نەبوون.
بابەتە كێشەلەسەرەكان
بەشێوەیەكی گشتی ئێستا دوو بابەتی سەرەكی لەنێوان جەمسەرەكانی یەكێتیدا كێشەیان لەسەرە، كە بریتین لە:
• دابەشكردنی دەسەڵات لەنێوان ئۆرگانەكاندا
• پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكو ژمارەی جێگرەكانی
بەر لە بەڕێوەچوونی كۆنگرەی چوارەم، ئەم دوو بابەتە مشتومڕیان لەسەر بوو، كۆنگرە نەیتوانی چارەسەریان بكات، بۆیە ئێستا جارێكی تر یەخەی سەركردایەتی نوێی یەكێتی گرتوەتەوە.
كۆنگرە تەنیا ناوی (دوو) ئۆرگانی نوێی بۆ یەكێتی پەسەندكرد كە یەكێكیان (ئەنجومەنی باڵای سیاسی)یەو ئەوی تریان ناوی لێنراوی (ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی).
ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی كە لە (121) كەس پێكدێتو هەمویان بە دەنگی كۆنگرە سەركەوتوون، ئەركی گەورەیان لەسەر شانە، لەپێش هەموشیانەوە دەنگدان لەسەر هەمواری پەیڕەو و هەڵبژاردن دەستەی راپەڕاندنو سەرۆكو جێگرانی سەرۆكی حزب.
ئێستا ئەنجومەنی سەركردایەتی چاوەڕوانی ئەوە دەكات لیژنەی هەمواری پەیڕەو هەموارە نوێیەكەی بخاتە بەردەم بۆ دەنگدان لەسەری، بڕیارە رۆژی چوارشەممە لیژنەی هەموار رەشنوسەكە بخاتەبەردەم ئەنجومەنی سەركردایەتی، ئەمە دووەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی دەبێت لەدوای هەڵبژاردنییەوە، ئەگەر لەوادەی دیاریكراودا بەڕێوەبچێتو دوانەخرێت.
كێشەی دەسەڵات
یەكێك لە كێشە یەكلانەكراوەكانی كۆنگرە، پرسی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی حزبە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ئەم ئەنجومەنە نوسراوێكی لەبارەی دیاریكردنی دەسەڵاتەكانییەوە ئاڕاستەی لیژنەی هەمواری دەستور كردووە، یەكێك لە داواكارییەكانی ناو نوسراوەكە ئەوەیە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی جێگرێكی هەبێت، دەوترێت ئەمە خواستی مەلا بەختیارەو چاوی لەوەیە ببێت بەجێگری كۆسرەت رەسوڵ، سەرباری ئەوە داواكراوە هەندێك دەسەڵات بە ئەنجومەنەكە بدرێت.
ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی (كۆسرەت رەسوڵ عەلی) سەرۆكایەتی دەكاتو بەدەنگدانی راستەوخۆی كۆنگرە هەڵبژێردراوە، ئەندامانی ئەنجومەنەكە كە بریتین لە هەریەكە لە (مەلا بەختیار، ئەرسەلان بایز، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، عومەر فەتاح، حاكم قادر، دلێری سەید مەجید، عەدنان موفتی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) ئەمانە كۆنگرە دەنگی پێنەداونو بە تەعین دانراون.
ئەوانەی لە پشت كۆسرەت رەسوڵەوەن، جگە لە دلێری سەید مەجید، هەمویان لەو كەسانەن كە پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبەكەو بڕیاربەدەست بوون، ئەمانە لە كۆنگرەدا لەسەردەستی گەنجەكان گورزی گەورەیان بەركەوت، ئێستا دەیانەوێت لە گەڕی نوێی یارییەكەدا لەڕێگەی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆوە جارێكی تر پێگە لەدەستچووەكەیان بگەڕێننەوە، بۆ ئەمەش بەچڕی كار لەسەر ئەوە دەكەن ئەنجومەنەكەیان دەسەڵاتی هاوشێوەی مەكتەبی سیاسی پێشووی هەبێتو لە بارەگا كۆنەكەی مەكتەبی سیاسی دەوام بكات، لەناو ئەمانەدا زیاتر (مەلا بەختیار، حاكم قادر، دلێر سەید مەجید) كارەكە دەكەنو ئەوانی تر تاڕادەیەك بێئومێد بوون لەوەی جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆ پێگە سیاسییەكەی پێشتریان، هەندێك لەمانە نیگەرانن لەوەی لەناو سەركردایەتی نوێی حزبدا وەكو خانەی "پیران" ناوی ئەنجومەنەكەیان دەهێندرێت.
ئەمانە لەناوخۆی یەكێتیدا تاڕادەیەك پێگەی جەماوەرییان لاواز بووە، بەڵام بە دەرەوەی یەكێتیدا هێشتا پێگەیان بەهێزە، بەتایبەتیش لای پارتی دیموكراتی كوردستانو حزبە سیاسییەكان.
سەرباری مەكتەب سیاسییەكانی پێشوو، كۆسرەت رەسوڵ كە بەدەنگدانی راستەوخۆی گۆنگرە بووە بە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، نایەوێت ئەنجومەنەكەی بێ دەسەڵات بێت، بەر لە كۆنگرەش جەختی لەسەر ئەوە كردووە كە ئەو پۆستو ئەنجومەنێكی بێدەسەڵاتی ناوێت، تەنانەت بەر لە كۆنگرە باسی لەوە كردووە دەبێت ئەنجومەنەكەی مافی "ڤیتۆ"ی لەسەر بڕیارەكانی یەكێتی هەبێت، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەو نامەیەدا كە ئاڕاستەی لیژنەی پەیڕەو كراوە، باسی بابەتی مافی "ڤیتۆ" نەكراوە.
سەرۆكی حزب
بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی حزب، تاڕادەیەك یەكلابووتەوە بۆ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق.
بەرهەم ساڵح هەرچەندە لە كۆنگرەدا بەهۆی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە، بە "تەزكیە" هەڵبژێردرا بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتیو دۆستو لایەنگرەكانی لە پێگەیان درا، بەڵام هێشتا كاندیدی بێ ركابەرە بۆ پۆستی سەرۆكی حزب.
بەرهەم ساڵح بەمدواییە كە سەردانی داڤۆسی كرد بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندی ئابوری جیهان، لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ خۆیدا برد، دەركەوتنی لاهور شێخ جەنگی لە داڤۆس هێندە وەكو پەیامێك بۆ ناوخۆی یەكێتی لێكدرایەوە، هێندە مانای تری پێنەدرا، لاهور شێخ جەنگی ئێستا خاوەنی زۆرترین دەنگە لە ئەنجومەنی سەركردایەتی، بەرهەم ساڵح دەیەوێت لەو رێگەیەوە پۆستی سەرۆكی حزب بۆخۆی زامن بكات.
جێگرانی سەرۆك.. كێشە گەورەكە
كێشەی گەورەی پێش سازدانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، پرسی جێگرانی سەرۆكی حزب بوو، كۆنگرە ئەم كێشەیەشی بەلادا نەخست.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لیژنەی هەمواری دەستور، لە هەموارەكەیدا (دوو) جێگری بۆ پۆستی سەرۆكی حزب دیاریكردووە، هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی چاویان لەو پۆستەیە، بافڵ تاڵەبانی خوازیارە سەرۆك یەك جێگری هەبێتو خۆی ئەو پۆستە وەرگرێت، بەڵام لاهور شێخ جەنگی ئەمە رەتدەكاتەوە، لاهور كە براوەی یەكەمی كۆنگرە بوو، دەیەوێت خۆی پۆستی جێگری سەرۆكی حزب وەرگرێت.
ناكۆكی ماڵباتی تاڵەبانی لەبارەی پۆستی جێگری سەرۆكی حزبەوە تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە یەكلانەبووەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) قوباد تاڵەبانی دەستپێشخەرییەكی لەنێوان بافڵی برایو لاهور شێخ جەنگی ئامۆزایدا كردووە بۆ ئەوەی یەكێكیان بۆ ئەوی تر بكشێتەوەو ماڵباتی تاڵەبانی لەم قۆناغەشدا بە یەكگرتوویی لەبەرامبەر جەمسەرەكانی تری یەكێتیدا بمێننەوە.
لەكاتێكدا هێشتا لەناو ماڵباتی تاڵەبانی كێشەی جێگرانی سەرۆكی یەكێتی یەكلانەبووەتەوە، جەمسەرەكانی تری حزب-یش بەهەمان شێوە چاویان لە وەرگرتنی پۆستی جێگرە، پێشنیازێك هەیە بۆ ئەوەی سەرۆك (5) جێگری هەبێت، گروپی كەركوكییەكان كە لە كۆنگرەی چوارەمدا لەدوای لاهور شێخ جەنگی براوەی دووەم بوون، (رەفعەت عەبدوڵا)یان كاندیدكردووە بۆ وەرگرتنی یەكێك لە پۆستەكانی جێگری سەرۆكی حزب، گروپی دلێر سەید مەجید كە بە گروپی كۆمپانیای نۆكانو ئیدارەی گشتی یەكێتی ناسراوەو لە كۆنگرەی چوارەمدا سەریهەڵدا (عیماد ئەحمەد)یان كاندیدكردووە بۆ پۆستی جێگری سەرۆك، بەهەمان شێوە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ چاویان لەوەیە (شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ) ببێت بە جێگری سەرۆك.
ئەگەر سەركردایەتی لە هەمواری پەیڕەودا (دوو) جێگر بۆ سەرۆكی حزب پەسەند بكات، ماڵباتی تاڵەبانی یەكێكیان چانسی وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حزبیان دەبێت، واتە بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی دەبێت یەكێكیان بۆ ئەوی تر بكشێتەوە، گروپی كەركوكییەكانیش كە لە كۆنگرەی چوارەمدا بەپێگەیەكی بەهێزەوە دەركەوتن، پۆستێكی باڵایان دەوێتو رەنگە (رەفعەت عەبدوڵا) بكرێت بە سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی، لەم حاڵەدا شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ چانسی گەورەی دەبێت پۆستی یەكێك لە جێگرەكانی سەرۆكی حزب وەرگرێت.
ناكۆكی لەبارەی جێگرانی سەرۆكەوە، جارێكی تر بیرۆكەی بەڕێوەبردنی یەكێتی بەشێوەی هاوسەرۆكایەتی هێناوەتە پێشەوە، دیارنییە لە رۆژانی داهاتوودا یەكێتی ئەم كێشەیە بە چ شێوەیەك یەكلادەكاتەوە.
جەمسەرەكانی یەكێتی
كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لەبری كاڵكردنەوەی جەمسەربەندیو باڵباڵێن لەناوخۆی حزبەكە، جەمسەرو باڵی نوێی بۆ حزب پەیداكرد، ئێستاو لەبەر رۆشنایی ئەنجامەكانی كۆنگرەی چوارەمدا... جەمسەر دەبینرێت، كە ئەمانەن:
• ماڵی كۆسرەت رەسوڵ، لە كۆنگرەی چوارەمدا پاشەكشێیەكی چاوەڕوان نەكراویان بەخۆوە بینی، بەڵام هێشتا كوتلەیەكی یەكگرتوونو لەناو سەركردایەتی نوێیی یەكێتییەوە هەوڵی گەڕاندنەوەی پێگە بەهێزەكەی جاران دەدەن.
• ماڵباتی تاڵەبانی: بەر لە كۆنگرە پەرتو ناكۆك بوون، لە رۆژانی پێش كۆنگرە یەكیان گرتەوە، ئێستا سەرلەنوێ ناكۆكن، ناكۆكییەكە بەشێوەیەكی سەرەكی لەنێوان بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگیدایە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جارێكی تر لە ماڵباتی تاڵەبانی دوركەوتووەتەوەو بەپێی دواین زانیارییەكان ئێستا لە جەمسەری كۆسرەت رەسوڵ نزیك بووەتەوە، تا ئەو رادەیەی لە جەمسەری كۆسرەت رەسوڵەوە بەڵێنی پێدراوە ئەگەر یەكێك لە جێگرانی سەرۆكی حزب بدرێت بە ژنێك، ئەو كاندید بكرێت بۆ ئەو پۆستە.
• گروپی كەركوكییەكان: ئەمانە بریتین لە ئەندام مەكتەب سیاسییەكانی پێشتری یەكێتی لە سنوری كەركوك كە پێكهاتوون لە هەریەكە لە (رەفعەت عەبدوڵا، ئاسۆ ئەڵمانی، رزگار عەلی، خالید شوانی، وەستا رەسوڵو چەند كەسێكی تر)، ئەمانە بەر لە كۆنگرەی چوارەم خاڵی پارسەنگ بوون لەنێوان ماڵباتی تاڵەبانیو كۆسرەت رەسوڵدا، لە كۆنگرەدا لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی، پێگەی خۆیان بەهێزكردو بوون بە براوەی دووەمی هەڵبژاردن لەدوای لاهور شێخ جەنگی، ئەمانە رەفعەت عەبدوڵایان كردووە بە كاندیدی بەهێزی خۆیانو چاویان لە یەكێك لە پۆستەكانی جێگری سەرۆكەو لەسەر بنەمای ئەو پۆستە باڵایە دەچنە رێككەوتنی نوێ لەگەڵ جەمسەرەكانی تردا.
• جەمسەری دلێری سەید مەجید: دلێری سەید مەجید كە پێشتر لە سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا هیچ پۆستێكی نەبوو، لە كۆنگرەی چوارەمدا بوو بە ژمارەیەكی گەورە، ئەوانەی كە ناویان لێنراوە گروپی ئیدارەی گشتی یەكێتیو كۆمپانیای نۆكان، بە پاڵپشتی دلێر سەید مەجید ژمارەیەكیان سەركەوتن بۆ سەركردایەتی یەكێتی، دلێر سەید مەجید كە رۆژگارێك ناوی لێنرابوو "قاسەكەی یەكێتی" ئێستا دەیەوێت لەپاڵ رۆڵ و پێگە داراییەكەیدا، پێگەیەكی سیاسیشی لەناو حزبدا هەبێت، ئەو (عیماد ئەحمەد)ی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حزب كاندید كردووە، ئەمە دلێر سەید مەجید دەباتە ناو مامەڵەی نێوان جەمسەرەكانو دەیكات بە بەشێك لە گەمە گەورەكەی ناو حزب.
• ناڕازییەكان: سەرباری ئەوەی رەوتی ناڕەزایەتی لەناو یەكێتیدا مێژوویەكی كۆنی هەیە، بەڵام لەدوای كۆنگرەی چوارەمەوە بەفەرمی رەوتێكی ناڕەزایەتی نوێ دژ بە شێوازی بەڕێوەچوونی كۆنگرەكە دروستبووە، ئەمانە زۆربەیان ئەو كەسانەن كە لە هەڵبژاردنی كۆنگرەدا بۆ سەركردایەتی سەرنەكەوتوون، چارەنوسی ئەم رەوتە نوێیە پابەندە بە یەكلابوونەوەی ناكۆكی نێوان جەمسەرەكانی ترو كامڵبوونی تەواوەتی پەیكەری نوێی حزب، رەنگە ئەوكات جەمسەرەكان بەشی زۆری ناڕازییەكان بگەڕێنەوە بۆ ناو چوارچێوە حزبییەكەو لە پێگەو پۆستی جۆراوجۆردا شوێنیان بۆ بكرێتەوە.
یەكێتیو چیرۆكی كۆنگرە
یەكێتی ساڵی 1975 دامەزراوە، لە 44 ساڵ تەمەندا تەنیا (3) كۆنگرەو دوو پلینیۆمی كردووە.
كۆنگرە بەردەوام لەناو یەكێتی نیشتمانیدا سەرچاوەی ترسو دابەشبوونو لێكترازانی نێوان هاوڕێو هاوخەباتەكان بووە، كۆنگرەی ئەمجارەش بەدوو نییە لەو مەترسییانە.
یەكێتی لە سازدانی كۆنگرەدا تەمەڵترین حزبی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەم حزبە هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، هێڵی گشتی) دروستبووەو هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەدا پارسەنگ تێكبچێتو حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە، ئێستا ئەو ئاڕاستە سیاسییانە لەناو یەكێتیدا نەماون، ئاڕاستەی نوێ پەیدابوون كە زیاتر بزنس رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینێت.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كۆنگرە "بەرزترین دەسەڵاتە" لەناو حزبدا، كۆنگرە دەبێت (سێ ساڵ جارێك) سازبدرێت، بەڵام یەكێتی لە ساڵی 2010وە تاوەكو ئێستا كۆنگرەی نەبەستووە، واتە ماوەی (سێ) خولی لەسەریەك كۆنگرەی یەكێتی دواكەوتووە.
نەخۆشكەوتنو دواتریش مردنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی حزبەكەو كارەكتەری بەهێزو كۆكەرەوەی یەكێتی، پاڵنەری سەرەكی دواكەوتنی كۆنگرەكانی یەكێتی بوو، هەندێك لە یەكێتییەكان باس لە هۆكاری تریش دەكەن لە نمونەی قەیرانی داراییو شەڕی "داعش"و دواتریش ریفراندۆمو تێكچونی بارودۆخی ناوچە جێناكۆكەكان.