هـــــەڵبژاردن چــــی لــــــە دونیای ئێمە گۆڕیوە
2018-04-27 18:24:35
راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف
ئێستا پرسیاری جەوهەری لای هاوڵاتیانی كوردستان ئەوەیە، ئایا هەڵبژاردن گرنگی ماوە، ئایا هەڵبژاردن چی لەژیانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی خەڵكی گۆڕیوە، لەكاتێكدا هەڵبژاردنەكان گۆڕانیان لە ئاست و رێژەی دەنگ و كورسی هێزەكاندا درووست كردووە، بۆچی گۆڕانگاری لە نەخشەی سیاسی و پێگەو دەسەڵاتی هێزەكاندا درووست نەكردووە. سەرەرای ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن بەهۆی ساختەكاری و ناوی دوبارەو مردوو، ناشرین كراوە، بەڵام هەڵبژاردنەكان كاریگەریان لەسەر زیادكردن و كەمكردنی دەنگ و كورسی حیزبە سیاسیەكان درووست كردووەو نەخشەی سیاسی هێزەكان گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا هاتووە، ئەگەرچی ئەو گۆڕانكاریانەی كە هەڵبژاردنەكان دروستیان كردوون كاریگەری زۆریان لەسەر سیستمی حوكمرانی و دەمو چاوی حكومەت درووست نەكردووە.
هەڵبژاردن و نەخشەی سیاسی هێزەكان
لە هەرێمی كوردستان سەرەرای سێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دوهەڵبژاردنی پارێزگاكان، چوار هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوە ( 1992 ، 2005 ، 2009 ، 2013 )، لێرەدا بەووردی ئاستی دەنگ و كورسی هێزە سیاسیەكان دەخەینە روو لەو چوار هەڵبژاردنەی پەرلەمانی كوردستاندا، كە لەماوەی 21 ساڵەدا چی گۆڕانكاریەك بەسەر دەنگ و كورسی ئەو هێزانەدا هاتووە، لە هەڵبژاردنی 1992 دا كە ( 1 ملیۆن و 112 هەزار ) كەس مافی دەنگدانی هەبوو ( 971 هەزارو 953 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی ( 87.4% )، هەرچەندە (لە هەڵبژاردنی 1992 لە پارێزگای دهۆك 178 هەزار كەس مافی دەنگدانی هەبوو 198 هەزار كەس دەنگیدا واتا رێژەكە 111% بوو ) بەڵام بەهۆی دیاریكردنی رێژەی 7% بۆ چونە پەرلەمان ئەویش بەپێی بڕگەی 3 لەمادەی 36ی یاسای ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردستان، 7 لیست بەشداریان تێدا كردوو تەنها لێستی یەكێتی و لیستی پارتی ئەو رێژەیەیان تێپەراندوو چونە پەرلەمانەوەو دواتر دەنگەكانی ئەو لیستانەشیان بەسەر خۆیاندا دابەشكرد كە رێژەی 7% یان نەهێنابوو لە هەڵبژاردنی 1992 دا لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان ( 438339) بەدەستهێنابوو بەرێژەی (44.517% ) و لیستی یەكێتی (423682 ) بەرێژەی ( 44.033% ) بەڵام ئەو لیستانەی نەچونە پەرلەمانەوە لیستی بزووتنەوەی ئیسلامی (49073 ) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (5.100% ) و كە زۆرترین دەنگی دوای لیستی یەكێتی و پارتی هێناو نەچووە پەرلەمانەوە دواتریش لیستی سۆسیالیست (24867 ) دەنگ بەرێژەی( 2.584% ) بەدەستهێناو لیستی پارتی گەل (21106 ) بەرێژەی ( 2.193% )، لیستی حیزبی شیوعی( 9902 ) بەرێژەی (1.029% ) بەدەستهێناو لیستی دیموكراتخواز و بێلایەنەكانیش (500 ) بەرێژەی (0.519% ) بەدەستهێنا كۆی گشتی دەنگی ئەو لیستانەی كە نەچونە پەرلەمانەوە ( 105517 ) دەنگ بوو كە بەهۆی یاسای هەڵبژاردنەوە فەوتان و خرانە سەر دەنگی یەكێتی و پارتی.
كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستانیش بەسەر یەكێتی و پارتی ( 50 بە 50 ) دابەشكران، بەو پێیەش رێژەی كورسیەكانی پارتی و یەكێتی لە پەرلەمان 50% و رێژەی دەنگەكانیشیان بە نزیكەی 44% بووە. بەڵام بەهۆی شەری ناوخۆو دوو ئیدارەییەوە دوای 13 ساڵ لە ساڵی 2005 هەڵبژاردنێكی تر كرایەوەو لە هەڵبژاردنی 2005 ی پەرلەمانی كوردستاندا كە (13) پارتی سیاسی بەشداریان تێداكردوو، هەڵبژاردنی 2005 دا ( 2 ملیۆن و 290 هەزارو 736 ) كەس مافی دەنگدانی هەبووە ( 1 ملیۆن و 753 هەزارو 919 ) كەس دەنگیانداوە بەرێژەی ( 75.6% ) ، بە بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی یەكەم كە لە ساڵی 1992 بەڕێوە چوو (1112000) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە، واتا لە نێوان ساڵی 1992 بۆ 2005 (1178736) كەس زیادیكردووە، واتا بە رێژەی (51.5%) ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە زیادیكردووە
رێژەی (75.6%) دەنگیاندا بەبەراورد بە هەڵبژاردنی 1992 (10%) كەمی كردووە بەو پێیەی لە هەڵبژاردنی 1992 دا ئاستی بەشداریكردن (87.4%) بووە واتا لە نێوان هەڵبژاردنی 1992 بۆ 2005 ئاستی بەشداری هاوڵاتیان نزیكەی (12%) دابەزیوە
لەو هەڵبژاردنەدا 13 لیست بەشداری كردبوو لیستی نیشتیمانی دیموكراتی كوردستان كە لە یەكێتی و پارتی و یەكگرتوو شیوعی و چەند لایەنێكی تر پێكهاتبوو (1570663 ) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (89.55% ) و لەكۆی 100 كورسی بێ كۆتاكان ئەو لیستە ( 93 كورسی ) بەدەستهێنا بەو شێوەیە یەكێتی ( 38 كورسی ) پارتی ( 37 كورسی ) یەكگرتوو ( 9 كورسی ) شیوعی ( 3 ) یەكێتی نەتەوەیی ( 1 كورسی ) سۆسیالیست ( 2 كورسی ) پارتی كرێكاران و رەنجدەران ( 1 كورسی ) هەریەك لە كۆمەڵی ئیسلامی كە لەدەرەوەی ئەو لیستە هاوبەشە بوو ( 6 كورسی ) بەدەستهێناو لیستی زەحمەتكێشانیش ( 1 كورسی ) بەدەست هێنا، بەو پێەیەش رێژەی دەنگەكانیان ئەگەرچی بە تێكەل و پێكەوەیە بەڵام دابەزیوە بەهۆی دەنگی یەكگرتوو لایەنەكانی ترەوە، بەڵام ئاستی كورسیەكانی پارتی و یەكێتی بەراورد بە هەڵبژاردنی 1992 كە ( 50 بە 50 ) بوو دابەزی بۆ ( 38 بە 37 ) واتا لە 100 كورسیەوە بۆ 75 كورسی واتا 25 كورسی كەمیان كرد، بەرێژەی 25% ی كورسیەكانی پارلەمانی كوردستان.
بەڵام لە هەڵبژاردنی 2009 دا بەهۆی درووست بوونی لیستی گۆڕانەوە گۆڕانكاریەكان زیاتر دەركەوتن لە نەخشەی سیاسی هێزەكاندا، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی 25/7دا كە (24) لیست و هاوپەیمانێتی و كەسایەتی بەشداریان تێدا كرد و لە هەڵبژاردنی 2009 دا كە ( 2 ملیۆن و 518 هەزارو 793 ) كەس مافی دەنگدانی هەبووە، ( 1 ملیۆن و 876 هەزارو 196 ) كەس دەنگیانداوە بەرێژەی ( 74.5 % ) ، تیایدا لیستی كوردستانی كە (یەكێتی و پارتی و چەند هێزێكی تری لە خۆ دەگرت) لە پلەی یەكەمدا هات بە (1076370) بە رێژەی (57.37%) و بەدەستهێنانی (59) كورسی، لیستی گۆڕان لە پلەی دووەم هات بە (445024) بەڕێژەی (23.72%) و بەدەستهێنانی (25) كورسی، لیستی خزمەتگوزاریی و چاكسازیی كە (لە یەكگرتووی ئیسلامیی و كۆمەڵی ئیسلامیی و زەحمەتكێشان و سۆسیالیست پێكهاتبوو) بەبەدەستهێنانی (240842) لە پلەی سێیەمدایە بەڕێژەی (12.84%) و (13) كورسی، هاوكات لیستی بزووتنەوەی ئیسلامیی (27147) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی (1.45%) و (2) كورسی بەدەستهێنا، لیستی ئازادی و عەدالەتی كۆمەڵایەتیی (حیزبی شیوعی و چەند گرووپێك)، (15028) دەنگ بەڕێژەی (0.80%) و (1) كورسی بەدەستهێنا.
گەر بەراوردی بكەین بە دەنگ و كورسیەكانی هەڵبژاردنی 1992 و 2005 گۆڕانكاریەكە زیاتر دەردەكەوێت، لەبەر ئەوەی یەكێتی و پارتی بە لیستی هاوبەش بوون بۆیە ئاستی دەنگەكانیان بەجیا ئەژمار ناكری بەلام ئاستی كورسیەكانیان 59 كورسی بوو بەرێژەی 59%ی كورسیەكانی پەرلەمان بەبێ كۆتاكان، بەو پێیەش بە بەراورد بە هەڵبژارندنی 1992 یەكێتی و پارتی پێكەوە 41 كورسی بەرێژەی 41%ی كۆی كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستان كەمیان كرد، رێژەی دەنگەكانیشیان كە لە هەڵبژاردنی 1992 پێكەوە 89% بوو دابەزیوە بۆ 57% واتا 32% دابەزیوە.
لە هەڵبژاردنی 2013 ی پەرلەمانی كوردستاندا ( 2 ملیۆن و 654 هەزارو 696 ) كەس مافی دەنگدانی هەبوو كە ( 73%) یان دەنگیاندا واتا ( 1 ملیۆن و 945 هەزارو 124 ) كەس، لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان (743984 ) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی ( 37.8% ) و 38 كورسی پەرلەمان و لیستی گۆڕان (476736 ) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی ( 24.4 ) و 24 كورسی و یەكێتی (350500 ) بەرێژەی( 17.8% )و 18 كورسی و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش (186741 ) دەنگ و بەرێژەی 9.6% و 10 كورسی و كۆمەڵی ئیسلامیش ( 118574 ) بەرێژەی 6% و 6 كورسی و بزوتنەوەی ئیسلامیش ( 21834 ) دەنگ و بەرێژەی 1% و 1 كورسی و سۆسیالیست ( 12501 ) دەنگ و بەرێژەی 0.6% و 1 كورسی و لیستی ئازادی ( 12392 )دەنگ و بەرێژەی 0.6% و 1 كورسی و ئاراستەی سێیەم ( 8681 ) دەنگ و بەرێژەی 0.4% و 1 كورسی.
بەراوردی نێوان دەنگ و كورسیەكانی یەكێتی و پارتی لەنێوان 1992 و 2013 گۆڕانگاریەكی زۆر رویداوە هەم لە دەنگ و هەم لە كورسیەكانی پەرلەمان، بە جۆرێك پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 1992 دا ( 438339) بەدەستهێنابوو بەرێژەی (44.517% ) و 50 كورسی پەرلەمانیش بەڵام لە 2013 و لە دوایین هەڵبژادرنی پەرلەمانی پەرلەمانی كوردستاندا (743984 ) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی ( 37.8% ) و 38 كورسی پەرلەمان واتا رێژەی دەنگەكانی 6.5% دابەزیوەو رێژەی كورسیەكانیشی 12 كورسی 12% كورسیەكانی دابەزیوە، هەرچی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە لە هەڵبژاردنی 1992دا (423682 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 44.033% ) و لەگەڵ 50 كورسی بەڵام لە هەڵبژاردنی 2013 دا یەكێتی (350500 ) بەرێژەی ( 17.8% )و 18 كورسی، بەو پێیەش رێژەی دەنگەكانی 26% كەمی كردووەو كورسیەكانیشی لە 50 كورسیەوە بۆ 18 كورسی واتا 32 كورسی كەمی كردووە بەرێژەی 32%.
بەهەردوكیشیان یەكێتی و پارتی، رێژەی كورسیەكانیان كە ( 50 بە 50 ) بووە واتا 100 كورسی بەهەردوكیان بووە بە ( 38 بە 18 ) واتا 56 كورسی واتا 44 كورسی كەمی كردووە بە رێژەی 44% ی كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستان و دەنگەكانیشیان كە پێشتر ( 89%) بووە دابەزیوە بۆ ( 38% بە 18% ) واتا 56% دەنگەكانیان هەیە واتا بەرێژەی 33%ی دەنگەكانیان كەمیكردووە، لێرەدا بۆیە زیاتر تەركیز لەسەر بەراوردی دەنگ و كورسی یەكێتی و پارتیە، لەبەر ئەوەی لە یەكەم خول تا دوایین خولی پەرلەمان ئەوان لیستیان هەبووەو لە هەمانكاتیشدا ئەو دوو هێزە لە 1992 تا ئێستا خاوەنی زۆن و ناوچەی جێدەسەڵاتی خۆیانن.
ئەوە جەوهەری گۆڕانكاریەكەیە لە كوورسی و دەنگداندان رویداوە كە لەماوەی 21 ساڵی نێوان چوار خولی هەڵبژاردن روویداوەو بەڵام، بەهۆی ئەوەی یەكێتی و پارتی پرسی هێز و پارەو پۆستەكانی لەدەست خۆیاندا هێشتۆتەوە، بۆیە هەڵبژاردنەكان كاریگەری زۆری لەسەر پێگەو دەسەڵاتی ئەو هێزانە درووست نەكردووە، سەرەرای ئەوەی گۆڕانكاری گەورە لە كورسی و دەنگەكانیان رویداوە.