توركیا: عەبدوڵا گویل ركابەریی ئەردۆغان دەكات
2018-04-27 18:18:29
فەهمی كۆرۆ بەرپرسی راگەیاندنی عەبدوڵا گویل سەرۆكی پێشووی توركیا رایگەیاند، گویل بەنیازی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 24ی حوەزیرانی داهاتوو كاندید بكات.
رونیشیكردەوە گویل دەیەوێت جارێكی تر وڵات بگەڕێتەوە بۆ سیستمی پەرلەمانیی و نیازی بۆ خۆكاندیدكردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی راگەیاندووە.
فەهمی كۆرۆ راشیگەیاند گویل هەمیشە بیروڕای خۆی دەربارەی سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات ئاشكراكردوو و خۆكاندیدكردنیشی بۆ هەڵبژاردن رادەگەیەنێت.
ئەو بەرپرسە نزیكەی سەرۆكی پێشوو توركیا وتیشی:" وڵاتەكەمان ساڵێك لەمەوبەر و پێش راپرسییەكە بۆ هەمواری دەستور زۆر لە ئێستا باشتربوو، هیچ شتێك نییە ئاماژەبەوەدات كە دۆخەكە دوای جێبەجێكردنی هەمواری دەستور باشتردەبێت."
فەهمی كۆرۆ جەختیشیكردەوە گەنجانی توركیا كەچینێكی بەرفراوانی هاوڵاتیان زۆر بێ هیوا و بێ ئومێدن و چاویان لە دەرەوەی وڵاتە.
16ی نیسانی رابردوو لە راپرسییەكدا هەمواری دەستوری توركیا پەسەندكرا و بڕیادرا سیستمی وڵات بكرێت بە سیستمی سەرۆكاتی و لە دوای ئەم هەڵبژاردنەی مانگی حوزەیرانەوە ئەو هەموارە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.