شەڕەكەی پەرلەمان لەسەر چی بوو؟
2020-01-13 20:34:04
درەو:
هێڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت" سپیان ئامێدی جنێوی بەخۆم و بابم داوە"و سیپان ئامیدی پەرلەمانتاری نەوەی نوێش دەڵێت" هێڤیدار ئەحمەد هەڕەشەی كردوو وتی هەردوو چاوت دەردەهێنم".
هێڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ "روداو" روداوی شەڕەكەی ناو پەرلەمان دەگێرێتەوەو دەڵێت" من ویستم بچمە لای وەزیری دارایی، فراكسیۆنی یەكگرتوو و نەوەی نوێ سەغڵەت بوون بە دۆخەكە بەتایبەت نەیانزانی كە فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ فراكسیۆنەكانی تر رێككەوتووە لەسەر پرۆژەكەو كەمكردنەوەی موچەی پلە تایبەتیەكان لە 80%ەوە بۆ 15%.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژە بەوەش دەكات" من وەكو هاوڕیەتی لەگەڵیان قسەمكرد خۆیان شاهیدن، چومە لایان وتم نەرم نەرم لەسەرخۆتان وەزعەكە تێدەپەڕێت، ئەو كابرایەی پێی دەڵێن ئەبوبەكر هەڵەدنی لە كۆنگرەی یەكگرتووش بووە بەسەركردایەتی، وتی تۆ بۆ هاتووی لێرە هەڕەشە لە ئێمە دەكەیت، دواتر د. شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو، هاواری كرد سەرۆكی پەرلەمان ئەوە هاتووە هەڕەشە لە ئێمە دەكات، منیش لەوكاتەدا گەڕامە دواووە، لەكاتی مناقەشەدا سیپان ئامێدی جنێوی بەخۆم و بابمدا، دوای ئەوەی چومە سەرەوە دانیشتم هەر جنێوی بە بابمدا، دواتر قەڵەمێكی تێگرتم و بەر جەنابی وەزیری دارایی كەوت"
سەبارەت بە چارەسەری كێشەكەش هێڤیدار ئەحمەد دەڵێت"بۆیە سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی كردووەو منیش داوا لە مامۆستا سەڵاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو دەكەم خۆی دادوەرییەكە بكات من پێی رازیم"
بەڵام سیپان ئامێدی پەرلەمانتاری نەوەی نوێ چۆنیەتی روداوەكە بۆ ئێن ئاڕتی دەگێڕیتەوەكە" لەگەڵ ئەبوبەكر هەڵەدنی پەرلەمانتاری یەكگرتوو گفتوگۆمان دەكرد لەسەر مادەی 7 و موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان، هێڤیدار ئەحمەد هات و پێی وتین، قسەكردن رابگرن، لە كاتێكدا مافی ئەو نیە پێمان بڵێت قسە مەكەن"
دەشڵێت" هێڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتاری پارتی هەڕەشەی لێكردم وتی هەردوو چاوت دەردەهێنم، من بۆ بەرگری لەخۆم قەڵەمەكەم گرتە هێڤیدار ئەحمەد، بەڵام ژمارەیەك پەرلەمانتاری پارتی پەلاماریان داین و بە بۆكس و شەق هێرشیان كردە سەر سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ، سوپاسی جوامێری هەموو پەرلەمانتاران دەكەم كە بەرگرییان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ كرد بە هەندێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی پارتیش
عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ بۆ ئێن ئاڕتی، ئاڵۆزیەكە پەیوەندی بە لەسەر مادەكە نەبوو كە چۆن تێپەر دەبێت لەسەر شێوازی گفتوگۆ بوو، بەشێكی لێكتێنەگەیشتن بوو، داواكراوە لیژنەیەك درووست بكرێت لەپەرلەمانی كوردستان و دواتر ئەنجامەكەی ئاشكرا بكرێت.
كە ئەمە ناخۆش بوو پەلاماردان و قسەبەیەك وتنی تیا روودا.
ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی بۆ روداو، ئەو جۆرە روداوانە زۆر ئاساییەو لە پەرلەمانەكانی جیهان روودەدەن، بەڵام ئەو كێشەی هیچ پەیوەندی بەو مادەیەی تایبەت بە پلە باڵاكانەوە نەبووە.