Draw Media

دوو كۆریاكە"مێژوییەكی نوێ" دەستپێدەكەن

دوو كۆریاكە"مێژوییەكی نوێ" دەستپێدەكەن

2018-04-27 10:40:00


سەرۆكی كۆریای باكور و كۆریای باشور ئێمزایان لەسەر رێككەوتنێكی مێژویی كرد بۆ "داماڵینی تەواوەتی نیمچەدورگەی كۆریا لە چەكی ئەتۆمی".
بەیانی ئەمڕۆ مون جای ئین سەرۆكی كۆریای باشور گەیشتە سەر سنوری وڵاتەكەی بەمەبەستی پێشوازیكردن لە كیم جۆن ئون سەرۆكی كۆریای باكور.
كیم جۆن ئون یەكەم سەرۆكی كۆریای باكورە كە لەدوای كۆتایهاتنی جەنگی كۆریاوە لە 1953 سەردانی كۆریای باشور دەكات.
هەردوو سەرۆك لە ناوچەی سنوری لە چەكداماڵراو چاویان بەیەكتر كەوت، لە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵی رابردوودا ئەمە یەكەم دیداری نێوان سەرۆكی دوو كۆریاكە بووە.


دیمەنی دیداری دۆستانەوە و پیاسەكردن و گفتوگۆی دۆستانەی ئەمڕۆی سەرۆكی هەردوو كۆریا بەتەواوەتی جیاواز بوو لەگەڵ دیمەنەكانی ساڵی رابردووی تاقیكردنەوە ئەتۆمییەكانی كۆریای باكور و مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەكانی كۆریای باشور لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
دیداری ئەمڕۆی نێوان سەرۆكی كۆریای باشور لەگەڵ سەرۆكی كۆریای باكور بەر لە چەند هەفتەیەك دێت لە كۆبونەوەیەكی چاوەڕوانكراوی نێوان سەرۆكی كۆریای باكور لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا.


بەر لەوەی گفتوگۆكانی لەگەڵ سەرۆكی كۆریای باشور دەستپێبكات، كیم جۆن ئون سەرۆكی كۆریای باكور لە وتەیەكدا رایگەیاند" ئێمە ئەمڕۆ لە هێڵی سەرەتاداین، ئاشتی و خۆشگوزەرانی و پەیوەندی نێوان هەردوو كۆریا باڵ بەسەر مێژووی نوێدا دەكێشێت".
دوای كۆبونەوەكانیان هەردوو سەرۆك بەیاننامەیەكی هاوبەشیان خوێندەوە و تێدا جەختیان كرد لەسەر " كۆتایهێنان بە جەنگی كۆریا لەمساڵدا" و گۆڕینی " رێككەوتنی ئاگربەست بۆ رێككەوتنی ئاشتی".
لەبەیاننامەكەی سەرۆكی هەردوو كۆریادا هاتووە: جەنگی تر لە نیمچەدورگەی كۆریا هەڵناگیرسێت، رێككەوتین لەسەر راگرتنی تەواوەی هەموو كردەوەیەكی دوژمنكارانە زەمینی و دەریایی و ئاسمانی.
بەیاننامەكە ئاماژە بەوەشدەكات، هەردوو كۆریا كاردەكەن بۆ ئەوەی ناوچەی لە چەكداماڵراوی سنوری نێوان هەردوو وڵات بكرێت بە ناوچەی ئاشتی، كاردەكەن بۆ سنورداركردنی خۆپرچەككردن و بنیادنانی متمانە و كەمكردنەوەی ئاڵۆزی سەربازی.


ئەم رێككەوتنە مێژوییە لە گوندی (بانجیمون) لەسەر سنور ئیمزا كرا، دوای ئیمزاكردنی هەردوو سەرۆك درەختێكی یادەوەرییان ناشت.
بەر لە بەڕێوەچونی كۆبونەوەی لوتكەی ئەمڕۆ، كیم جۆن ئون سەرۆكی كۆریای باكور هەڵپەساردنی تاقیكردنەوەی ئەتۆمی و موشەكە دورمەوداكانی وڵاتەكەی راگەیاند و بەڵێنیدا ناوچەی تاقیكردنەوە ئەتۆمییەكان هەڵوەشێنێتەوە.
ساڵانی 2000 و 2007 دووجاری تر كۆبونەوەی لوتكە لەنێوان سەرۆكی هەردوو كۆریا رویدا، بەڵام ئەو كۆبونەوانە نەیانتوانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی كۆریای باكور رابگرن یاخود پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات بەرەو باشی ببەن.
لەكاتی گەیشتنی بۆ ناو خاكی باشور، كیم جۆن ئون سەرۆكی كۆریای باكور داوای لە مون جای ئین سەرۆكی كۆریا باشور كرد بۆ ماوەیەكی كەم لە سنوری بپەڕێتەوە، هەردوو سەرۆك چونەناو خاكی باكور و دواتر گەڕانەوە بۆ باشور.
كۆبونەوەكانی هەردوو سەرۆك لە كۆشی ئاشتی بەڕێوەچوو، سەرۆكی كۆریای باكور لە دەفتەری یادەوەری كۆشدا نوسی "لە ئێستاوە مێژوییەكی نوێ دەستپێدەكات. سەردەمی ئاشتی".


هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچونی كۆبونەوەی نیوان سەرۆكی هەردوو كۆریا، كۆشكی سپی ئەمریكا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ئەمریكا ئومێدەوارە گفتوگۆكانی نێوان كیم و مۆن بەرەوپێشون بەدی بهێنن لەرێگای بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی.
كۆشی سپی ئاماژەی بەوەكرد، ئەمریكا چاوی لەوەیە گفتوگۆكانی كۆریای باكور لەگەڵ كۆریای باشور بەردەوام بێت وەكو ئامادەكارییەك بۆ كۆبونەوەی چاوەڕوانكراوی نێوان دۆناڵدد ترەمپ و كیم جۆن ئون لە چەند هەفتە داهاتوودا.
(28 هەزارو 500) سەربازی ئەمریكا لە كۆریای باشوردا هەن.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand