Draw Media

حزبەكان بۆ هەڵبژاردن قاسەكانیان دەخەنە سەرپشت

حزبەكان بۆ هەڵبژاردن قاسەكانیان دەخەنە سەرپشت

2018-04-26 18:32:37


راپۆرتی: درەو میدیا
پرۆسەی هەڵبژاردن یەكێكە لەو وێستگە گرنگانەی وێنەیەك لە قەبارەی ئەو گەندەڵییە گەورەیە ئاشكرادەكات كە پارتە سیاسەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی پێ تۆمەتباردەكرێت، ئەو پارە زەبەلاحەی كە هەندێك بە ماڵی سیاسی و هەندێكی تریش بە ماڵی ڕەش ناودێری دەكەن هاوشێوەی سەرچاوەكەی، بڕەكەشی نادیارە ، تائێستا هیچ پارتێكی سیاسی بەشێوەیەكی ڕوون و شەفاف بڕی ئەو پارەیەی ئاشكرانەكردووە كە بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان خەرجیدەكات، بەهۆی نەبوونی دەزگایەكی چاودێریش كە بەر لەوەی لەبڕی پارەی تەرخانكراو بكۆڵێتەوە، سەرچاوەكەی ئاشكرابكات، ئەم پرسە لە تاریكیدا ماوەتەوە.
زۆرینەی ئەو پارت و كەسایەتیە حزبیانەی كە پرسیاری سەرچاوەی داهاتی تەرخانكراویان بۆ بانگەشەی لێدەكرێت وەڵامەكەیان ئەوەیە كە لەڕێی ئابوونەی ئەندامان و هاوكارییەوە كۆیدەكەنەوە، بەڕای زۆرێك ئەم وەڵامە بۆ هەر جێگایەكی تر ڕاستبێت بۆ هەرێمی كوردستان كە زیاتر لە سێ‌ ساڵی ڕووبەڕووی قەیرانێكی دارایی قوڵ بوەتەوە نەك هەر بڕواپێكەر نیە بەڵكو ئەو بڕوایەش زیاتر تۆخدەكاتەوە كە سەرچاوەی ئەم داهاتانە ماڵی گشتین و لەدەستی حزبدا بووە بە ماڵی سیاسی یان وەك هەندێك ناویان ناوە ماڵی ڕەش و پارتەكان لەپێناو مانەوە و بەهێزكردنی هەژمونی خۆیان بەكاریدەهێنن.
ئەنجومەنی كۆمسیارانی عێراق پاڵپشت بە بڕگەی 8 لەمادەی 4 لەیاسای كۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان،  خەرجی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی بەپێی (سیستمی ژمارە  (1) بۆ ساڵی 2013)  ڕێكخستوە و بە كۆمەڵێك ڕێنمایی سنوری خەرجی قەوارە و كاندیدەكانی دیاریكردوە، بەكارهێنانی ماڵی گشتی و وەرگرتنی هاوكاریی دەرەكیشی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن قەدەغەكردوە، وێڕایی چەندین ڕێنمایی تر، بەڵام قەبارەی ئەو خەرجییە گەورەیەی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارت و قەوارە سیاسییەكاندا خەرجدەكرێت، ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ پابەندنەبوونی لایەنەكان بەو ڕێنمایانە.
خەرجی پارت و قەوارە  سیاسییەكان بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن تەنها لە چاپی فلێكس و پۆستەر و ئاڵا و لۆگۆی حزب و كاندیدەكانیان و ڕیكلامی كەناڵە جیاوازەكانی ڕاگەیاندن كورتنابێتەوە كە بەشی هەرە زۆری لە وڵاتانی دراوسێ‌ چاپدەكرێن و خەرجییەكەی بە چەندین ملیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت، بەڵكو پارەیەكی ئێجگار زۆریش لە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خەرجدەكرێت بۆ پڕوپاگەندە و هەزاران كەس بەناوی (سوپای ئەلیكترۆنی) خراونەتەگەڕ كە ئەركیان تەنها تەرویج و بانگەشەكردن نیە بۆ حزب و كاندیدەكان بەڵكو هێرشكردنە سەر لیست و قەوارەكانی تریش بەشێكی گرنگی ئەركەكانیانە.
ناڕوونی سەرچاوەی دارایی حزبەكان وایكردوە سەرچاوەی خەرجییەكانیشان نادیاربێت و هەرچی دەوترێت لە چوارچێوەی خەمڵاندندا بمێنێتەوە، بەڵام ئەوە مانای وانیە ئەو تەمومژە چڕە دەستكردەی بوەتە بەربەست لە ڕێی ڕونبونەوەی ئەم پرسە دروستكراوبێت و بوونی نەبێت ، نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا كە لە ساڵی 2006وە بۆ 2014 لە لوتكەی جێبەجێكردنی عێراقدا بووە و ئیئتیلافەكەشی یەكێكە لە قەوارە بەهێز و بە هەژموونەكانی عێراق، لە نوێترین لێدوانیدا ئەوەش ئاشكرادەكات" لێشاوێك پارەی سیاسی ڕژاوەتە ناو عێراق بەئامانجی ساختەكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، هاوكات قەحتان جبوری وتەبێژی هاوپەیمانی (سائرون) بە ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەتی وتوە، بەداخەوە زۆربەی قەوارە و پارتە سیاسییە گەورەكان كە لەساڵی 2003وە، هەژمونیان كردوە بەسەر پرۆسەی سیاسییدا خاوەنی سامانێكی زۆرن لە ماڵی سیاسی و لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا بەتەواوی ڕەنگدەداتەوە.        
ئەوەی بەرچاوە و لەسەر زەمینی واقیع دەبینرێت، پارتە دەسەڵاتدارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان پشكی شێری خەرجییەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردنیان بەردەكەوێت، بەهۆی ئەو دەسەڵات و هەژمون و توانا داراییەی هەیانە، كە وەك بەشێك لەچاودێران ئاماژەی بۆ دەكەن، تەنها بۆ پرسی بانگەشەكردن بەكاریناهێنن، بەڵكو كاریگەری لەسەر ڕای دەنگدەر و بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردنیش دروستدەكەن و بەشێكی گەورەی دەخەنە خزمەتی كڕینی دەنگ و چەواشەكردن و بەهەڵەبردنی هاوڵاتیان لەڕێی خستەگەڕی میدیای زەبەلاحەكانیان و كەرەستە جیاوازەكانی ئاڕاستەكردن كە خاوەندرێتی دەكەن تا دەگاتە بەكارهێنانی دامودەزگا جیاوازەكان دەوڵەت.
ئەوەی بۆ زۆرێك لە چاودێران مایەی هەڵوەسەتە لەسەركردنە، خاڵی هاوبەشی بەرنامەی هەڵبژاردنی تەواوی لیست و قەوارە سیاسییەكان قسەكردنە لەسەر ژیانی خەڵك و باشكردن و بەرەپێشبردنی گوزەرانیان، بەڵام تائێستا نەبانگەشەكان بونەتە بەشێك لە پرۆسەی گەشەدان بەژیانی سیاسی و هۆشیاركردنی هاوڵاتیان و پارێزگاریكردن لە ماف و ئیرادەیان، نە زۆرینەی بەڵێنەكانیش بوون بەكردار و شتێكی بەرجەستە لە ژیانی خەڵك بگۆڕێت، بەڵكو ئەوەی هەیە بەوشێوەیە پێناسە دەكرێت كە بانگەشەكان لە ناوەرۆكدا شەڕی كۆمەڵێك حزب و قەوارەی سیاسییە، هەندێكیان بۆ مانەوە و بەشێكیشان بۆ گەیشتن بەدەسەڵات لەژێر ناونیشانی خەڵك و بەپارەی خەڵك و خەڵكیشان كردوە بەكەرەستەی یەكلاكردنەوەی ململانێكانیان، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی پارتە سیاسیەكان مافی بانگەشە و ئیمكانیاتی دارایی و نمایشكردنی بەرنامە و دونیابینیەكانی خۆی نەبێت، بەڵكو قسەكە لەسەر ئەو پرۆسە ناتەندروستەیە كە لە تاریكیەكی تەواودا بەڕێوەدەچێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand