Draw Media

مەرجە پەرلەمانتارانی كورد لە بەغداد عەرەبی بزانن ؟

مەرجە پەرلەمانتارانی كورد لە بەغداد عەرەبی بزانن ؟

2018-04-26 14:31:30


راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت
" 30 پەرلەمانتاری خولی ئێستای پەرلەمانی عێراق زمانی عەرەبی نازانن و لەم خولەدا هیچ قسەیەكیان نەكردووە" ئەمە قسەی شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
ئایا مەرجە پەرلەمانتارانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەرپرسانی تری كورد لە دامەزراوەكانی عێراقدا زمانی عەرەبی بزانن ؟
(درەو) لەم راپۆرتەدا لەروانگەی یاساییەوە شیكاری بۆ پرسی زمان وەكو مافێكی بنەڕەتی دەكات لە دەستوری عێراقدا و وەڵامی ئەو پرسیارەش دەداتەوە ئاخۆ مەرجە نوێنەرانی كورد لە بەغداد عەرەبی بزانن و بە عەرەبی قسە بكەن یاخود نا ؟


پاشخانێكی مێژوویی كورت
بەر لەوەی باس لەوە بكرێت ئایا نوێنەرانی كورد مافی قسەكردنیان هەیە بە زمانی كوردی لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، گرنگە باس لە ریشەی مێژوویی كێشەی زمانی كورد لە عێراق بكرێت، بۆ ئەوەش تەماشاكردنی پێگەی زمانی كوردی لە دەستورە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق سەرەتایەكی گرنگە.

زمانی كوردی لە دەستورەكانی عێراقدا

• دەستوری بنچینەیی عێراق 
ئەم دەستورە لە ساڵی 1925دا نوسرایەوە، تاوەكو روخانی رژێمی پادشایەتی لە عێراق كاری پێكرا. 
لەم دەستورەدا بەشێوەیەكی فەرمی زمانی عەرەبی وەكو زمانی فەرمی قسەكردنی دەوڵەت دانراوە و بەهیچ جۆرێك باسی زمانی كوردی نەكراوە، بەڵام لە ماددەی (16)ی بەشی یەكەم "مافەكانی گەل" ئاماژە بەوەكراوە" تائیفە جیاوازەكان مافی ئەوەیان هەیە خوێندنگە دروستبكەن بۆئەوەی تاكەكانیان بە زمانی تایبەتی خۆیان بخوێنن".
• دەستوری كاتی عێراق 
دەستوری كاتی دوای شۆڕشی 14ی تەموزی 1958 و كەوتنی رژێمی پادشایەتی و راگەیاندنی رژێمی كۆماری لە عێراق نوسرایەوە، لەم دەستورەدا بۆ یەكەمجار و لە مادەی (3)ی بەشی یەكەمدا ئاماژە بەوەكراوە" عەرەب و كورد هاوبەشن لەم وڵاتەدا"، لەمە زیاتر دەستورەكە بەهیچ جۆرێك باسی زمانی كوردی نەكردووە.
• دەستوری 1960
شەستەكانی سەدەی رابردوو عێراق چەند كودەتایەكی سەربازی بەخۆوە بینیی، لەم ماوەیەدا دوو دەستوری كاتی بۆ عێراق نوسرانەوە، لە دەستوری ساڵی 1960 دان بەوەدا نرا كە لە چوارچێوەی یەكێتی نەتەوەییدا دان بەمافەكانی كورد دادەنرێت، بەڵام لە پرسی زماندا وەكو یەكێك لە مافە بنەڕەتییەكان دەستورەكە ئاماژەی بەوەكرد كە زمانی عەرەبی زمانی فەرمی وڵاتە.
• دەستوری 1968
لەم دەستورەشدا زمانی كوردی پشتگوێخرا، زمانی عەرەبی وەكو زمانی فەرمی دەوڵەت دیاریكرا، بەڵام لە دەستورەكەدا لە بەشی سێیەم "ماف و ئەركە گشتییەكان" لە مادەی (21) دا دان بەوەدا نراوە كە "عەرەب و كورد لە ماف و ئەركەكاندا هاوتان و هیچ جیاكارییەك ناكرێت لە نێوانیاندا بەهۆی رەگەز و ئیتنیك و زمان و ئاین..".
• دەستوری كاتی 1970
لەدوای قۆناغی كودەتاكانەوە ئەم یەكەمین دەستوری كاتی بوو كە بۆ عێراق نوسرایەوە، ئەم دەستورە تاوەكو ساڵی 1990 كاری پێكرا، ئەوەی ئەم دەستورەی لە دەستورەكانی پێش خۆی جیاكردەوە ئەوە بوو كە تێیدا جگە لە مافە نەتەوەییەكانی كورد، باسی لە مافی كەمە نەتەوایەتییەكانی تری عێراقیشی كردبوو.
لە خاڵی (ب)ی مادەی (5)ی بەشی یەكەمی دەستورەكەدا كە تایبەتە بە پێناسەكردنی كۆماری عێراق ئاماژە بەوەكراوە" گەلی عێراق پێكدێت لە دوو نەتەوەیی سەرەكی، كە ئەوانیش نەتەوەی عەرەب و نەتەوەی كوردن، ئەم دەستورە دان بە مافەكانی گەلی كورد و هەموو كەمە نەتەوایەتییەكانی تردا دەنێت..".
لەبارەی زمانەوە وەكو مافێكی بنەڕەتی، دەستورەكە لە دەستورەكانی پێش خۆی جیاوازترە و لە (ب)ی ماددەی (7)ی بەشی یەكەمدا بەڕونی نوسراوە"لە ناوچە كوردییەكاندا زمانی كوردی زمانی فەرمییە لە تەنیشت زمانی عەرەبیدا"، بەڵام سەرباری ئەمەش هێشتا هەر زمانی عەرەبی وەكو زمانی فەرمی وڵات دیاریكراوە.
• دەستوری 1991
ساڵی 1991 دوای راپەڕینی خەڵكی كوردستان و گەلی شیعە لە باشوری  دژی رژێمی عێراق، دەسەڵاتدارانی ئەوكاتی بەغدا پرۆژەی دەستورێكی نوێیان نوسییەوە، بەڵام ئەم دەستورە بەشێوەیەكی كرداری كاری پێنەكرا و تەنیا وەكو بانگەشەیەك مایەوە.
لەم دەستورەدا زمانی عەرەبی وەكو زمانی فەرمی دەوڵەت دیاریكراوە، زمانی كوردی تەنیا لەو ناوچانە قسەی پێدەكرێت كە كوردنشینن.

دەستوری هەمیشەیی 2005 و گۆڕانكارییە گەورەكە
ساڵی 2003 رژێمی عێراق بە سەرۆكایەتی سەددام حسێن روخێنرا، ساڵی 2005 دەستورێكی نوێ بۆ عێراق نوسرایەوە، ئەم دەستورە قەڵەمبازێكی گەورەی تێدایە بۆ مافە نەتەوییەكانی كورد بەتایبەتی زمان.
لە مادەی بڕگەی (یەكەم)ی مادەی (4)ی بەشی یەكەمی دەستورەكەدا كە تایبەتكراوە بە "بنەما سەرەكییەكان" بەتەواوەتی دانراوە بە زمانی كوردیدا وەكو زمانی فەرمی وڵات و هاتووە" زمانی عەرەبی و كوردی دوو زمانی فەرمی وڵاتن..".

مەرجە نوێنەرانی كورد زمانی عەرەبی بزانن ؟
لەبەر رۆشنایی ئەو مادەیەی دەستوری عێراق كە زمانی كوردی وەكو زمانی فەرمی وڵات دیاریكردووە، نوێنەرانی كورد دەتوانن لە دامودەزگاكاندا بە زمانی رەسەنی خۆیان قسە بكەن و لە مەرجەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیشدا بۆ كاندیدبوون هیچ مەرجێكی زمان دیارینەكراوە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەكو یەكێك لە دامەزراوە سەرەكییەكانی دەوڵەتی نوێی عێراق سیستمێكی تەكنیكی جێبەجێكردووە كە دەرفەت لەبەردەم نوێنەرانی كورد دەڕەخسێنێت بە زمانی كوردی قسە بكەن و راستەوخۆ قسەكانیان وەربگێڕدرێتە سەر زمانی عەرەبی.
لە خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەشی وەرگێڕانی راستەوخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەران (4) كارمەندی هەبوو، بەڵام لە لێدوانێكدا بۆ (درەو)، محەمەد ئەبو بەكر بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی راگەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەران وتی: لەو چوار كارمەندە (2) كارمەندیان دوورخراونەتەوە و كارمەندێكیش كۆچی كردووە بۆ دەرەوەی وڵات و ئێستا بەشی وەرگێڕانی راستەوخۆ (1) كارمەندی هەیە كە فریای كارەكەی ناكەوێت.
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی راگەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەكرد، داوای دامەزراندنی كارمەندی نوێی كردووە بۆ بەشی وەرگێڕانی راستەوخۆ، بەڵام بەبیانوی ئەوەی پلەی وەزیفی و دامەزراندن نییە، تائێستا هیچ كارمەندێك بۆ بەشەكەیان دانەمەزرێندراوە.
سەرباری سیستمی تەكنیكی قسەكردن، ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر سایتی فەرمی خۆی هەموو هەواڵ و بابەتەكانی تایبەت بە ئەنجومەن لە پاڵ زمانی عەرەبی بە زمانی كوردیش بڵاودەكاتەوە، لە ماددەی (149)ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا زمانی كوردی وەك زمانی فەرمی ناسێندراوە.
لە توركیا بەپێی دەستور زمانی توركی زمانی فەرمی قسەكردنە لە دامودەزگاكانی دەوڵەتدا، بەڵام سەرباری ئەوەش نوێنەرانی كورد بۆ بەرگریكردن لە زمان و ناسنامەی خۆیان زۆرجار یاساكان پێشێل دەكەن و بەزمانی كوردی قسە دەكەن، رەنگە چیرۆكەكەی (لەیلا زانا) باشترین نمونەبێت، بەڵام لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی یاسا نوێنەرانی كورد بۆیان هەیە بە زمانی خۆیان قسەبكەن، كەچی كەمتەرخەمن.
لە بری كاركردن بۆ جێبەجێكردنی مافی دەستوری كورد لەڕوی زمانەوە لە بەغداد، بەمدواییانە هەندێك لە حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەر لە دیاریكردنی كاندیدەكانیان، تاقیكردنەوەی زمانی عەرەبییان پێدەكەن، وەكو ئەوەی زمانی كوردی لە بەغداد یاساغ بێت، رەنگە لەمڕوەوە بەرپرسانی بەغداد خۆشحاڵ بن.
لەبەرامبەردا هەندێك لە چاودێران بە باشی دەزانن نوێنەرانی كورد زمانی عەرەبی بەباشی بزانن، ئەمە نەك تەنیا بۆ قسەكردن، بەڵكو بۆ ئەوەی بەتەواوەتی زاڵ بن بەسەر كێشەی زمان و ئاستەنگەكانی تێگەیشتن لە یاساكان.
 
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand