باسی ئاری هەرسینو پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی مەسرور بارزانی دەكات
2020-01-04 20:34:06
(درەو):
ئاژانسێكی هەواڵی ئێران كە سەربە سوپای پاسدارانە دەڵێ:" قاسمی سلێمانی هەولێرى لە هێرشی داعش پاراست، بەڵام بەرپرسانی هەرێم تائێستا ئیدانەی كوژرانی سلێمانییان نەكردووە".
ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم) كە سەربە سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە راپۆرتێكدا هێرشی توندی كردەسەر حكومەتو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان.
لەو راپۆرتەدا كە لەژێر ناوی "سەرانی هەرێمی كوردستانی عێراقو شاردنەوەی راستییەكی ئاشكرا/ چیرۆكی هەڕەشەكردن لە بارزانی لەلایەن پۆمپیۆ-وە" بڵاوكراوەتەوە، سایتی سەربە سوپای پاسداران رەخنەی توند لە حكومەتو سەركردە سیاسییەكانی هەرێم گرتووە لەمەڕ بێدەنگییان سەبارەت بە كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران.
راپۆرتەكە باسلەوەدەكات، سەردار قاسم سلێمانی رۆڵی تایبەتی هەبووە لەرێگریكردن لە كەوتنی هەولێر لەبەردەم هێرشی "داعش"دا.
راپۆرتەكە دەڵێ:" رۆژی 8ی ئۆگۆست بوو كە هوشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەن بارزانییەوە راسپێردرا كە پەیوەندی بە جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكاوە بكاتو داوای لێبكات كە رێگری بكەن لە كەوتنی هەولێر، بەڵام بەر لەوەی فڕۆكەكانی ئەمریكا بگەن، یەكینەیەك لە هێزی تایبەت بە فەرماندەیی شەهید قاسم سلێمانی چوونە ناو بەرەكانی شەڕو لە هەرسێ میحوەری (خازر- گوێر- مەخمور)، ئامادەیی سەربازیی ئێران لەو ئۆپراسیۆنەدا لەسەر داوای راستەوخۆی مەسعود بارزانی بوو، دوای ئەوەش بەناردنی نامەیەك بارزانی سوپاسی سەرۆكی كۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد كە جارێكی تر لە سەختترین بارودۆخدا ئێران بەرگری لە هەرێمی كوردستان كردووە".
بەگێڕانەوەی ئەم چیرۆكە لەبارەی رۆڵی قاسم سلێمانی لە پارێزگاریكردن لە شاری هەولێر، سایتەكەی سەربە سوپای پاسداران "بارزانییەكان" تۆمەتبار دەكات بەوەی "دەبڵ مۆڕاڵ"ن كە بەزمانی فارسی پێی دەوترێت "رفتار دوگانە".
وەكو ئاماژەیەك بۆ ئیدانەكردنی هێرشكردنەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغداد لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە نوسویەتی:" لەحاڵێكدا بەرپرسانی فەرمی هەرێمی كوردستان خۆیان بەدورگرتووە لە ئیدانەكردنی دەستدرێژی ئەمریكییەكان بۆسەر بارەگای هێزەكانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار، نێچیرڤان بارزانی بەمەبەستی خزمەتكردن بە ئەمریكییەكان، ئیدانەی هەنگاوی خەڵكی عێراقی كرد كە ناڕەزایەتییان دژ بە تاوانەكانی ئەمریكا دەربڕی، ئەو، ئەمریكای وەكو دۆستو هاوپەیمانی خەڵكی كوردستانی عێراق ناوبرد".
ئاژانسەكەی سەربە سوپای پاسداران لەبەشێكی تری راپۆرتەكەیدا نمونەی بە هەواڵێكی سایتی (وشە) هێناوەتەوەو دەڵێ ئەو سایتە كە سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە راپۆرتێكدا وەكو ئاماژەیەك بۆ رووداوەكانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا رایگەیاندووە، كە كوردەكان جارێكی تر ئەمریكییەكانیان پەنا داوە.
تەسنیم دەڵێ، سایتەكەی پارتی رایگەیاندووە، هەوڵە هاوبەشەكانی هەرێمی كوردستانو ئەمریكا بۆ پەلەكردن لە پرۆسەی دروستكردنی گەورەترین كونسوڵگەری جیهان لە هەولێر پەیوەندیدارە بە رووداوەكانی بەغدادەوە.
هەروەها باسلەوەدەكات" سایتەكەی بارزانی هەرچەندە ئەمریكییەكانی بە هاوپەیمانێكی بێ وەفای كوردەكان لە عێراقو ناوچەكە ناوبردووە، بەڵام بە راشكاوی ئاماژەی بە هاوكاری هەرێم لەگەڵ ئەمریكا كردووەو وتویەتی بەشێكی زۆری كارەكانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد دەگوازێتەوە بۆ كونسوڵگەری هەولێر كە رووبەڕی كوسنوڵگەرییەكە 20 هێكتار زەوییەو لەلایەن بارزانییەكانەوە بەخشراوە بە ئەمریكاو بڕیارە بەبودجەی 795 ملیۆن دۆلار جێبەجێ بكرێتو لەماوەی سێ ساڵدا تەواو بكرێت".
لەبەشێكی تر راپۆرتەكەی تەسنیم- دا هاتووە :" دوو رۆژ تێپەرێوە بەسەر تیرۆركردنی قاسم سلێمانی فەرماندەیەك كە بەرگریكاری راستەقینەی هەولێر بووە لە شەڕی داعشدا، بەڵام بەرپرسانی فەرمی هەرێم هیچ جۆرە كاردانەوەیەكیان نیشان نەداوە، حكومەتو پەرلەمانی هەرێم بەیاننامەی فەرمییان دەرنەكردووە بۆ ئیدانەكردنی ئەو هەنگاوە تیرۆرستییەی ئەمریكا، تاكە بەیاننامەیەك كە دەرچووە بەیاننامەی سەرۆكایەتی هەرێمە كە بەبێ ئیدانەكردنی ئەو كارە باس لە رۆڵی دیاری شەهید سەردار سلێمانی دەكات".
راپۆرتەكە باس لە پۆستێكی ئاری هەرسین پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك كە تێیدا باسی رۆڵی سەردار سلێمانی دەكات لە پرۆسەی بەرگریكردن لە هەولێر، دەڵێت دەوترێت سەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو پۆستەیان بە ئاری هەرسین سڕیوەتەوە.
لە كۆتایی راپۆرتەكەیدا، سایتەكەی سەربە سوپای پاسداران بەپشتبەستن بە هەواڵێكی سایتی (شارپرێس) دەڵێ:" مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوی ئەمریكا دوای كارە تیرۆرستییەكەی فڕۆكەخانەی بەغداد بە تەلەفۆن لەگەڵ مەسرور بارزانی قسەی كردووەو هەڕەشەی لێكردووە كە لە پەرەسەندنەكانی ئێستای عێراقو ناوچەكەدا لایەنی ئێران نەگرێتو دەبێت هەرێمی كوردستان پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانی واشنتۆن بكات".