توركیا بۆچی سەرچڵی دەكات لە ململانێی لیبیادا ؟
2020-01-04 17:16:25
راپۆرت: جۆناسان ماركۆس- پەیامنێری كاروباری دیپلۆماسیو بەرگری لە بی بی سی
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت
توركیا دەستی بە سەرچڵیەك كردووە كە دەبێتەهۆی قوڵكردنەوەی تێوەگلانی لە ململانێی لیبیادا، بەتایبەتی دوای بڕیاری ناردنی هێز بۆ پاڵپشتی حكومەتی ویفاق لە تەرابلوس، كارێك كە وەكو قۆناغێكی نوێیە لە بەنێودەوڵەتیكردنی شەڕ لەوێ.
ئەنكەرە ئۆتۆمبیلی زرێپۆشی داوە بە حكومەتی ویفاق لە تەرابلوسی پایتەخت كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراوە، هەروەك فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانیش لەبەرژەوەندی حكومەتی لیبیا كاردەكات.
پێدەچێت رۆڵی هێزەكانی توركیا لە لیبیا جەخت لەسەر ئەركی "راهێنانو راوێژكردن"بكات، بەڵام وەسفێكی فشەڵ بۆ ئەم رۆڵە، ئەگەر حكومەتی لیبیا خۆی لەناو قەیرانێكدا بینیەوە كە نەتوانێت لێی رزگار ببێت، ئەوكات توركیا خۆی دەبینێتەوە لەوەی ناچارە بەشێوەیەكی راستەوخۆ بچێتە ناو شەڕەكەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین رۆڵی ئەو هێزەی كە توركیا لە لیبیا بڵاویكردوەتەوە هێشتا روخسارەكانی دیارنییە.
لە نیسانی رابردوودا ئاستی ململانێكان لە لیبیا زیادی كرد، ئەوەش دوای ئەوەی خەلیفە حەفتەر نەیاری سەرەكی حكومەتی ویفاق، هێرشی كردەسەر تەرابلوسی پایتەخت، وادەركەوت جەنگی بەوەكالەت بێت لەناو ژمارەیەك لایەنی دەرەكیدا كە لەناو لایەنە شەڕكەرەكانی لیبیادا ئەوەیان هەڵدەبژێرێن كە پشتیوانی لە بەدیهێنانی ئامانجە ئیقلیمییەكانی ئەوان بكات.
بەوەش دەكرێت ئەوەی لە لیبیا روودەدات بە وێنەیەكی بچوككراوەی ئەو كارەساتە گەورەیە ناوببرێت كە سوریا بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام بەتەواوەتی روونە بەشێكی زیاتری شانۆگەری قەیرانی لیبیاو رۆڵی گەورەی توركیا ماوەو لە چەند مانگی داهاتوودا دەردەكەوێت.
ئەو حكومەتەی كە لە تەرابلوسە ئەو شتەی هەیە كە نەیارەكانی نیانە، چونكە ئەو لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دانی پێدانراوە. هەروەك فرۆشتنی چەكیش بە هەردوو لایەنەكە قەدەغەكراوە (كە تاڕادەیەك لەگەڵ حكومەتی وەیفاقدا چاوپۆشی لەمە كراوە) بەئامانجی كۆنترۆڵكردنی قەیرانەكە.
بەڵام واقیعەكە تاڕادەیەك جیاوازە لەگەڵ ئەوەی ئاماژەمان پێكرد لە ساكاریی بارودۆخەكە لە لیبیا، حكومەتی ویفاق پاڵپشتی بەهێزی خۆرئاوای هەیە، لەكاتێكدا حەفتەر یارمەتی دارایی گەورە لە ئیمارات وەردەگرێت ئەمە سەرباری وەرگرتنی ئۆتۆمبیلی زرێپۆش لە ئوردنو ئیمارات پێكەوە.
هەروەك ئیمارات فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دروستكراوی چینی لە جۆری وینگ لۆنگ 2ی بڵاوكردوەتەوە، كە راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان دەڵێن ئەم فڕۆكانە بەرپرسن لە كوژرانی ژمارەیەكی زۆری مەدەنی، كە بوون بە قوربانی ئەو هێرشانەی حەفتەر ئەنجامیداون.
هەروەها ژەنەراڵ خانەنشینی لیبیی (خەلیفە حەفتەر) پاڵپشتی لە میسر وەردەگرێت، ئەمە سەرباری یارمەتی سەربازی راستەوخۆی بەڵێندەرە سەربازییە روسییە "نیمچە فەرمییەكان"كان لەسەر زەویو مورتەزەقە لە سودانو چاد، هەروەك راپۆرتەكان باسلەوە دەكەن قەناسبەدەستە روسەكان رۆڵی گەورەیان هەیە لەسەر رەوتی روداوەكان لە سەنگەرەكانی شەڕدا لە لیبیا.
ویلایەتە یەكگرتووەكان دەڵێ پێدەچێت هێزەكانی حەفتەر یارمەتی بەرگری ئاسمانی لە روسیا وەربگرن.
واشنتۆن سورە لەسەر ئەوەی كە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكی لە تشرینی دووەمی رابردوودا بە موشەكی روسی كەوتوەتەخوارەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەو فڕۆكانە لە بواری ئاسمانی لیبیادا بەكاردەهێنێت بۆ لێدانی گورز لە پاشماوەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لەوێ، ئەمەش تیشك دەخاتەسەر بەشێكی زۆری گرێوگۆڵو ئەو ئاڵۆزییەی كە لەسەر زەوی هەیە لە لیبیا، لەكاتێكدا كە روسیا رەتیدەكاتەوە رۆڵی كارای هەبێت لەشەڕدا لەوێ.
بەهەرحاڵ، كارەساتی لیبیا چیرۆكێكی زانراوەو لەوكاتەوە دەستیپێكرد كە ویلایەتە یەكگرتووەكان چووەناو هاوپەیمانی خۆرئاواوە بۆ ئەنجامدانی گورزێكی ئاسمانی بۆ روخاندنی موعەممەر قەزافی سەرۆكی پێشووی لیبیا لە 2011دا، كە بەریتانیاو فەرەەنسا سەرۆكایەتییان دەكرد.
هەوڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان كە هاوكات بوو لەگەڵ بەردەوامی شەڕی ناوخۆیی لە لیبیا، سەركەوت لە گەیشتن بە رێككەوتنێكو حكومەتی ویفاقی نیشتمانی لە تەرابلوس لێكەوتەوە، بەڵام هێزەكانی خۆرهەڵاتی لیبیا بە سەركردایەتی خەلیفە حەفتەر رەتیانكردەوە بچنەناو ئەو رێككەوتنەوە.
لەنائامادەیی هەوڵێكی دیپلۆماسی یەكلاكەرەوەدا، قەیرانەكە لە لیبیا بەردەوامە. روسیا كە لەناوبردنی قەزافی لەلایەن هێزەكانی خۆرئاواوە رەتكردەوە، بەدوای رێگەیەكدا دەگەڕێت بۆ گەڕاندنەوەی هەژمونی خۆی لەناوچەكە لەڕێگەی لیبیاوە، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسریش وای دەبینێت خەلیفە حەفتەر پیاوێكی سەربازی بەهێزە كە دەتوانێت بەشێوەیەكی بەهێز بەڕووی گروپە تیرۆرستییەكاندا بوەستێتەوە.
بەدڵنیایی توركیاش سور دەبێت لەسەر جموجوڵ لەپێناو پاڵپشتیكردن لە حكومەتە دانپێدانراوە نێودەوڵەتییەكە.
بەهۆی ئارەزووی هەندێك لە هاوبەشەكانی لە پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی لە هەردوو ئاڕاستەكە دەیانەوێت، توركەكانیش هەستیان بە بێئومێدی كردووە.
بۆ نمونە فەرەنسا پەیوەندییەكانی لەگەڵ ژەنەراڵ حەفتەر بەهێز دەكات، لەكاتێكدا ویلایەتە یەكگرتووەكان لەبارەی ململانێكانەوە تەنیا یەك هێڵی گرتووە.
بەڵام روونە چالاكی سەرۆك ئەردۆغان رەهەندێكی ستراتیژی فراوانتری هەیە.
توركیا وەكو بەشێك لە ناوچەیەكی فراوانی كەناراوی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستو دەرگایەكی ئابوری گرنگی ئەفریقا تەماشای لیبیا دەكات، كە ژمارەیەكی كەم دۆستی لەو ناوچەیەدا هەیە.
پشتیوانی توركیا بۆ ئیخوان موسلیمین ناڕەزایەتی توندی لای حكومەتی سەربازی میسر دروستكردووە.
پەیوەندی نێوان ئیسرائیلو توركیا (كە رۆژگارێك باش بوو) ماوەیەكی زۆرە لەحاڵەتی ساردوسڕدایە، ناكۆكییە درێژخایەنەكانیش لەگەڵ یۆنان كە ئەندامی ناتۆیە، زیاتر بوون، ئەوەش بەهۆی قوبروسو لەسەر پرسی وزە.
لە تشرینی دووەمی رابردوودا، ئەنكەر رێككەوتنی دیاریكردنی سنوری دەریایی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تەرابلوس ئیمزاكرد، ئەمەش وادەكات ناوچەی ئابوری تایبەت كە باسدەكرێت لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لەخاكی توركیاوە بگەیەنێتە ئەو ناوچەیەی كە لیبیا داوای دەكات.
ئەم بانگەشانە لەسەر ئاستێكی فراوان ناكۆكییان لەسەرە. بەڵام هەنگاوەكەی توركیا ئاماژەیەك دەنێرێت بۆ یاریزانەكانی تر لەبواری وزەدا لەناوچەكە، بەوەی ئەگەر ئەنكەرە نەخرێتە ناو هاوكێشەكەوە، گەیشتنی بۆری غاز بۆ ئەوروپا كارێكی قورس دەبێت.
شیكەرەوەكان ئەمە وەكو هەوڵێكی راستەوخۆ لێكدەدەنەوە بۆ روبەڕووبونەوەی ئیسرائیلو میسرو یۆنانو قوبروس كە پێكەوە كۆڕبەندی غازیان بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دروستكردووە.
بەدڵنیایی، هەوڵی روو لەزیادبووی توركیا لە دۆزینەوەی نەوتدا لە ئاوەكانی قوبروس، كە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی تێدایەو بەچەكەوە پارێزگاری لە كەشتییەكانی دەرهێنانی نەوت دەكەن، بەشێكە لەو چالاكییە نوێیە.
مانۆڕی توركیا لە لیبیا هەڕەشەی دروستكردنی قەیرانێكی فراوانتر دەكات لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، كە دەكرێت ئەمەش پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ هەریەكە لە مۆسكۆو واشنتۆنو هاوپەیمانە سەرەكییەكانی ناتۆ لەلایەكی تر ئاڵۆز بكات. ئاڵۆزییە هەرێمایەتییەكانی ئێستاش زیاتر دەكات.
توركیا ئومێدەوارە رۆڵی سەربازی ئەو لە لیبیا، لانی كەم زامنی ئەوە بكات جەنگ بگەیەنێتە بنبەست، بەمەش ئەنكەرە زامنی ئەوە دەكات لە كۆتایدا راوبۆچوونی هەبێت لە هەر ئەنجامێكدا كە بكەوێتەوە.