Draw Media

سەرۆكی كۆریای باکور و كۆریای باشوور كۆدەبنەوە

سەرۆكی كۆریای باکور و كۆریای باشوور كۆدەبنەوە

2018-04-26 09:20:06


سبەی هەینی كیم جۆن ئون سەرۆكی كۆریای باكور سنوری سەربازی نێوان هەردوو كۆریا دەبڕێت بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ  سەرۆكی كۆریای باشوور و بەوەش كیم جۆن ئون دەبێتە یەكەمین سەرۆكی ئەو بەشەی كۆریا كە هێڵی سنوری سەربازیی نێوان ئەو دوو وڵاتەی نیمچە دوورگەی كۆریا مون ببڕێت.
كیم جۆن ئون لە سەردانەكەیدا لەگەڵ مون جای ئین سەرۆكی كۆریای باشوور كۆدەبێتەوە ئەوەش یەكەمین دیدارە دوای زیاتر لە دە ساڵ كە سەرۆكی هەردوو كۆریا كۆبكاتەوە.
چی باسدەكرێت لە كۆبوونەوەكەدا؟
دەربارەی وردەكاری سەردانەكە، كۆریا باشوور رایگەیاند، مون جای ئین كاتژمێر 9:30 خولەك بەكاتی ناوخۆ لەسەر سنور كۆدەبێتەوە و هەردوو سەرۆك گفتوگۆ دەكەن لەسەر پێشنیاری ئەمدواییەی كۆریای باكور كە تێیدا ئارەزووی بۆ دەستبەرداربوون لە چەكە ئەتۆمییەكانی دەربڕیوە، هەرچەندە حكومەت سیئۆل هۆشداریدا لەوەی كە گەیشتن بە رێككەوتنێك لەسەر ئەو خواستەی كۆریای باكور " قورس" دەبێت، چونكە تەكنۆلۆژیای ئەتۆمی و پیشەسازی مووشەك لە كۆریای باكور لە دوای دوا گفتوگۆ دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوولاوە زۆر پێشكەوتووە.
كۆبوونەوەی لوتكەی هەردوو سەرۆكی كۆریا بە دەستكەوتێكی بەهادار لێی دەڕوانرێت، دوای چەندین ساڵ لە ئاڵۆزی دۆخی نیمچە دوورگەكەو دوای چەندین مانگ لە كاركردن دێت بۆ هێوركردنەوەو و باشكردنی پەیوەندییەكانی نێوان سیئۆل و پیۆنگ یانگ و ئەوەش رێكەی خۆشكردووە بۆ كۆبوونەوەی چاوەڕوانكراوی نێوان سەرۆكی كۆریای باكور و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە داهاتوویەكی نزیكدا.
چاوەڕواندەكرێت هەردوو سەرۆكی كۆریا جگە لە باسكردنی چۆنێتی مامەڵكردن لەگەڵ پرۆگرام و چەكە ئەتۆمییەكانی پیۆنگ یانگ، بە شێوەیەكی رەسمیش پرسی ئاشتی نیمچە دوورگەكە دوای كۆتایی هاتنی جەنگی ( 1950- 1953) تاوتوێدەكرێت، جگە لە چەند پرسێكی ئابوری و كۆمەڵایەتی نێوان هەردوو وڵات.
وردەكاری كۆبوونەوەكە
كیم جۆن ئون لەسەر سنوری هەردوو كۆریا چاوی بە مون جای ئین سەرۆكی كۆریای باشوور دەكەوێت، ئەمەش بەوتەی وتەبێژی سەرۆكی كۆریای باشوور، پاشان پاسەوانی شەرەفی كۆریای باشوور یاوەری كیم جۆن ئون دەكەن بۆ ئاهەنگێك كە لە گۆڕەپانێكی گوندی پانمونجومی سەر سنور بەڕێوەدەچێت، پانمونجوم ناوچەیەكی لە چەك داماڵراوی نێوان هەردوو وڵاتە.


پاش ئاهەنگەكە و پشووی گەڕی یەكەمی دانوستانەكان، هەردوو سەرۆك بەجیا نانی نیوەڕۆ دەخۆن و وەفدی كۆریای باكور دەگەڕێتەوە بۆ سنوری وڵاتەكەی و پاشان دوای نیوەڕۆ هەردوو سەرۆك لە ئاهەنگێكدا درەختێكی سنەوبەر دەنێژن و خاك و ئاوی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات لە ناشتنیدا بەكاردەهێنن، وەك سیبموڵێك بۆ " ئاشتی و گەشەكردن"، دوای ئەوە هەردووو سەرۆك لە پانمونجوم بەیەكەوە دەڕۆن و گەڕی دووەمی دانوستانەكان دەستپێدەكات و كۆبوونەوەكە بە رێككەوتنێك كۆتایی دێت كە هەردوو سەرۆك ئیمزای لەسەردەكەن و پاشان بەیاننامەیەكی هاوبەش دەخوێننەوە.
پاشان لە كۆریای باشوور ئاهەنگێك سازدەكرێت و شریتێكی ڤیدیۆی نمایشدەكرێت بە ناونیشانی " بەهاری یەكگرتنەوە" دواتر سەرۆكی كۆریای باكور دەگەڕێتەوە وڵاتەكەی.
كێ‌ ئامادەی كۆبوونەوەكە دەبێت؟
هەردوو سەرۆك لە كۆمەڵگەیەكی سەربازی لە چەك داماڵراوی نێوان هەردوو وڵات كۆدەبنەوە، وەفدێكی نۆ كەسی یاوەری سەرۆكی كۆریای باكور دەكەن كە یەكێكیان كیم یو جۆنگی خوشكییەكی كە ئەمساڵدا سەرۆكایەتی وەفدی كۆریای باكوری كرد بۆ یارییەكانی ئۆڵۆمپیادی زستانە، هەروەها كیم یۆنگ نام سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای میللی كۆریای باكوریش یەكێكە لە ئەندامانی وەفدەكە.
وەفدێكی حەوت كەسی لە لێپرسراوان لە نێویشیاندا وەزیرانی بەرگری و كاروباری دەرەوە و كاروباری یەكگرتنەوە یاوەری سەرۆكی كۆریای باشوور دەكەن لە كۆبوونەوەكەدا.
ئامادەكردنی : نامیق رەسوڵ
سەرچاوە: بی بی سی

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand