Draw Media

روسیا زانیاری نوێ لەبارەی كوژرانی قاسم سلێمانی بڵاودەكاتەوە

روسیا زانیاری نوێ لەبارەی كوژرانی قاسم سلێمانی بڵاودەكاتەوە

2020-01-04 13:00:04


 (درەو):
تەلەفزیۆنی روسیا تودەی لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگاداری عێراقیەوە هەندێك زانیاری نوێی لەبارەی پرۆسەی كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، بڵاوكردەوە.
سەرچاوەكە باس لەوەدەكات، ئەو فڕۆكەیەی كە قاسم سلێمانی لە سوریاوە گواستوەتەوە بۆ عێراق، سەربە كۆمپانیای "ئەجنحە شام" بووە‌و دەسەڵاتدارانی عێراق هیچ ئاگادارییەكیان نەبووە لەبارەی ئەوەی كەسایەتییەكی باڵا‌و گرنگ لەناو ئەو فڕۆكەدایە.
سەرچاوەكە دەڵێ:" كاتی گەیشتنی فڕۆكەكە لە كاتژمێر 11:30ی خولەكی ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە بووە، بەڵام فڕۆكەكە دوای كاتژمێرێك لە وادەی دیاریكراو گەیشتووە، ئەمەش بەهۆی دواكەوتنی هەستانی فڕۆكەكە لە سوریا".
"فڕۆكەكە لە دەرگای ژمارە 21ی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد راوەستاوە، سلێمانی بەناو دەروازەی فەرمی فڕۆكەخانەكەدا تێنەپەڕیوە، لەبەردەم فڕۆكەكەدا دوو ئۆتۆمبیل چاوەڕوانی بوون، ئۆتۆمبیلی یەكەم لە جۆری (ستارێكس)بووە، دووەم لەە جۆری (ئەڤەلۆن)، سواری یەكێك لە ئۆتۆمبیلەكان بووە‌و بەر لە سەرنشینەكانی فڕۆكەكە دەرچووە".
سەرچاوەكە ئاماژە بەوەدەكات" كاتێك بۆردومانەكە رویداوە، دەسەڵاتدارانی ئەمنی بەشێوەیەكی نافەرمی پرسیاریان لە فڕۆكەخانە كردووە ئایا هیچ كەسایەتییەكی گرنگ لەناو ئەو فڕۆكەیەدا بووە، هەندێكیان وەڵامیانداوەتەوە‌و وتویانە بەڵێ: قاسم سلێمانیمان بینی.. هەر لەوكاتەدا دەسەڵاتدارانی ئەمنی دەستیانكردووە بە لێكۆڵینەوە لەگەڵ هەندێك لە گەشتیاران‌و نوێنەری كۆمپانیاكە كە وتویەتی ناتوانم سەرنشینەكان بناسمەوە، ئەوانە وەكو هەر كەسێكی تر گەشتیاربوون".
سەرچاوەكە دەڵێ": دوای گەڕانەوە بۆ تەماشاكردنی كامێراكانی فڕۆكەخانەی بەغداد، دوو ئۆتۆمبیل دەركەوتوون كە چاوەڕوانی سلێمانییان كردووە".
هەندێك میدیای عێراقی ئەمڕۆ رایانگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئەمنی عێراق هاوڵاتییەكی عێراقی‌و كەسێكی سوری‌و تیمی فڕۆكەكەی قاسم سلێمانییان دەستگیركردووە‌و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكەن، بەڵام سەرچاوەی كەناڵە روسییەكە راستی ئەم قسانە رەتدەكاتەوە‌و دەڵێت كەس دەستگیرنەكراوە.
لەبارەی چۆنیەتی دۆزینەوەی قاسم سلێمانی لەلایەن سوپای ئەمریكاوە، قسەی جۆراوجۆر دەكرێت، موحسین رەزایی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێم لە ئێران وتی:" سەردار قاسم لە سوریاوە چووەتە بەغداد، رەنگە ئیسرائیل لە سوریا چاودێری گەشتەكەی كردبێت‌و زانیاری بە ئەمریكا دابێت".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand