Draw Media

چاوپێكەوتن لەگەڵ سەرۆكی لیستەكەی عەبادی لە هەولێر

چاوپێكەوتن لەگەڵ سەرۆكی لیستەكەی عەبادی لە هەولێر

2018-04-26 07:09:37


چاوپێكەوتنی/ نیاز عەبدوڵا  - هەولێر 
دكتۆر جه‌رجیس گولیزاده‌ سه‌رۆكی لیستی هاوپه‌یمانی " النصر" سه‌ركه‌وتن له‌ هه‌ولێر، كه‌ هاوكات یه‌كێكه‌ له‌و نووسه‌ره‌ كوردانه‌ی به‌ زمانی عه‌ره‌بی چه‌ندین ساڵه‌ ده‌نووسێت و له‌ سایت و رۆژنامه‌ ناسراوه‌كانی عێراق و وڵاتانی عه‌ره‌بی بابه‌ته‌كانی بڵاوكردوەته‌وه‌، له‌ 28ی ئایاری 2010 له‌ دژی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان شیعرێكی به‌ زمانی عه‌ره‌بی بڵاوكرده‌وه‌ به‌ ناونیشانی "سه‌رده‌شت بۆ قه‌ڵه‌م چیایه". ئه‌و یه‌كێك بووه‌ له‌و نووسه‌رانه‌ی ره‌خنه‌ی له‌ سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌ له‌ چۆنییه‌تی ئیداره‌دانی سیاسه‌تی ئابووری و مامه‌ڵه‌كردنی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ. ئێستا ئه‌و له‌گه‌ڵ 7كاندیدی دیكه‌ له‌ هه‌ولێر كه‌ 5 له‌و كاندیدانه‌ توركمانن و دوو له‌وانیش خوشك و بران، كیبڕكێ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ لیسته‌ كوردی و عه‌ره‌بییه‌كانی تر بۆ به‌ده‌ستهێنانی كورسی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق. بۆیه‌ " دره‌و میدیا " له‌ گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ جه‌رجیس گولیزاده‌ پاڵنه‌ره‌كانی بوونی ئه‌و لیسته‌ له‌ كوردستان ده‌خاته‌ به‌رباس. ‌ 


دره‌و میدیا: هاوپه‌یمانێتی " النصر" بۆچی بڕیاریدا له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شداری ململانێی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات و له‌ پارێزگاكانی لیستی هه‌بێت؟
جه‌رجیس گولیزاد: خودی دكتۆر حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پاش ئه‌و دۆخه‌ ئه‌منیی و سیاسییه‌ی له‌ دوای هاتنی داعش دروست بوو، به‌ تایبه‌ت پاش زاڵبوون به‌سه‌ر تیرۆریستانی داعش بۆچوونێكی تایبه‌تی بۆ دروست بوو به‌وه‌ی‌ ده‌بێ دیدگایه‌كی نوێ به‌سه‌ر دۆخی پڕ كێشه‌ی عێراق زاڵ بێت.
 بۆیه توانی دیدگایه‌كی عێراقی بخاته‌ روو، كه‌وا ته‌ركیز ده‌كاته‌ سه‌ر چه‌ند خاڵێك له‌وانه‌.
 یه‌كه‌م: سیستم و پرۆسه‌ی سیاسی عه‌یبداره‌ و دیدگای نوێی پێویسته‌ كه‌ له‌ ژێر سایه‌ی حكومه‌تێكی ره‌شید و دوور له‌ مه‌زهه‌بگه‌رایی‌ و موحاسه‌سه‌ و كێشه‌كانی نێوان كورد و عه‌ره‌ب به‌ڕێوه‌ ببرێت.
دووه‌م: ده‌خوازێت سه‌قامگیری ئه‌منی و سیاسی له‌ عێراق هه‌بێت و‌ عێراق جارێكی تر دووچاری بوومه‌له‌رزه‌ی تیرۆر نه‌بێته‌وه.
سێیه‌م: ئه‌وه‌ی زۆر لا گرنگه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت ئابووری ببووژێته‌وه‌. له‌ روانگه‌ی ئه‌و كێشه‌ی زۆربه‌ی كێشه‌ سیاسییه‌كان هۆكاره‌كه‌ی ئابوورییه‌و و ده‌یه‌وێت ئه‌و بوژانه‌وه‌یه‌ له‌ رێگای بازرگانی و كشتوكاڵ و سه‌رجه‌م كه‌رته‌كان به‌رجه‌سته‌ بكات.
بۆیه‌ ده‌یه‌وێت په‌یامه‌كه‌ی بگه‌یه‌نێته‌ هه‌موو پارێزگاكان و ته‌واوی عێراق، له‌و روانگه‌یه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه‌ له‌ نێو پلانه‌كه‌ی ئه‌و.

دره‌و میدیا: ئه‌نجامدانی ریفراندۆم چه‌ند پاڵنه‌ر بوو تا ئێوه‌‌ روو له‌ كێبڕكێی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ؟
جه‌رجیس گولیزاده‌: به‌ هۆی ریفراندۆم به‌غداد هه‌ستیكرد خه‌ڵكانێك هه‌ن له‌ كوردستان بۆ جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراق هه‌وڵده‌ده‌ن. به‌ حیساباتی ستراتیژی و جیۆپۆلۆتیكی ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ن به‌غداد به‌ حاڵه‌تێكی ترسناك زاندرا.
تائێستا ئه‌و دیدگایه‌ له‌ناو عێراقییه‌كان دروست نه‌بووه‌ كه‌ تیگه‌یشتنیان بۆ بابه‌تی مافی نه‌ته‌وایه‌تی كورد هه‌بێت یان تێگه‌یشتنیان بۆ جیابوونه‌وه‌ی كوردستان هه‌بێت. ئیتر له‌به‌رئه‌وه‌ دكتۆر حه‌یده‌ر عه‌بادی هه‌ستی كرد پیویسته‌ خۆی بێته‌وه‌ ناو كورد و هه‌رێمی كوردستان بۆئه‌وه‌ی هه‌ردوولا له‌ په‌یامی یه‌كتری بگه‌ن، بۆیه‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم پاڵنه‌ر بوو بۆ به‌شداریمان له‌ كێبڕكێی راسته‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان . بۆ نموونه‌ به‌غداد به‌ كورد ده‌ڵێت من دوژمنی تۆ نیم و شه‌ریكی ده‌ستووری تۆم، له‌ هه‌مان كات كوردیش ده‌بێت له‌و په‌یامه‌ تێبگات، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ له‌سه‌ر ئاستی خاڵی هاوبه‌ش بێت بۆ ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقی كه‌ بتوانن ئیداره‌یه‌كی مۆدێرنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ بكه‌ن به‌بێ كێشه‌و به‌بێ قه‌یران.

سەرۆكی لیستەكەی عەبادی لە هەولێر:
- بەشداریكردنی لیستەكەی عەبادی لە هەرێم رەمزیە وەك لەوەی بۆ دەنگ كۆكردنەوە بێت.
- تا ئێستاش ئەرزیەت دروست نەبووە كە بەئاسایی تەماشای عەبادی بكرێت لە هەرێمی كوردستان 

 

دره‌و میدیا: به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی بانگه‌شه‌یان بۆ جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراق ده‌كرد ئێستا كاندیدن بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، پێتوایه‌ ده‌توانن كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد چاره‌سه‌ربكه‌ن؟
جه‌رجیس گولیزاده‌: به‌ڕاستی من وای بۆ ناچم ئه‌وانه‌ بتوانن ئه‌و رۆڵه‌ ببینن له‌ چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌كان، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ هه‌مان رێچكه‌ی پێش ریفراندۆم یان هه‌مان بیروبۆچوونی ریفراندۆم-یان هه‌بێت ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژی گه‌وره‌یه‌ له‌ بیری ئه‌و كه‌سانه‌. ئه‌وه‌ واده‌گه‌یه‌نێت ئه‌و كه‌سانه‌ خوێندنه‌وه‌یان به‌گشتی بۆ دۆخی عێراق و هه‌رێمی كوردستان نییه‌، خوێندنه‌وه‌یان بۆ ده‌ستووری عێراق و دۆخی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی نییه‌. ده‌بێ تێبگه‌ین ئێمه‌‌ 1974 زه‌ربه‌مان پێكهو‌ت و شۆڕشی كورد تووشی شكست بوو. ئه‌م جاره‌ش به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌ تووشی شكستێكی تر بووین. له‌ ده‌رگا‌ی واشنتنمان دا ئه‌نجامی نه‌بوو، قیاده‌ی سیاسی كوردی له‌ ده‌رگا‌ی ئه‌نقه‌ره‌ تاران-ی دا هه‌ر ئه‌نجامی نه‌بوو، كه‌واته‌ ته‌نیا ده‌رگا و رێگا كه‌ بۆ كورد هه‌یه‌ له‌‌و مێژووه‌ی ئێستا به‌غدایه‌. بۆیه‌ ده‌بێ زۆر به‌ ئاقڵی و زیره‌كانه‌ به‌غداد بخوێنینه‌وه‌. ئه‌وه‌ش ئینكاری ناكرێ له‌ ماوه‌ی رابردوو له‌دوای رووخانی‌ رژێمی سه‌دام حوسێن باشترین ده‌ستوور چه‌سپابێت له‌سه‌ر ئاستی عێراق و ناوچه‌كه‌ و هه‌موو جیهان كه‌ مافی كوردی تێدا چه‌سپابێت ده‌ستووری نوێی عێراقه‌‌. به‌ به‌راورد به‌ مافه‌كانی كورد له‌ ئاستی توركیا و ئێران ئه‌م مافه‌ ده‌ستووریانه‌ زۆر گه‌وره‌یه‌، ته‌نانه‌ت به‌ 500 ساڵیش له‌ توركیا و ئێران كورد ناگه‌نه‌ ئه‌م مافانه‌. وه‌ك مافی دروست كردنی كیانی فیدڕاڵی، مافی ده‌رهێنانی ده‌ستوور بۆ هه‌رێمی كوردستان، مافی دانانی حكومه‌ت و مافی هه‌ڵبژاردن و مافی دانانی په‌رله‌مان، ئه‌وانه‌ مافی گه‌وره‌ن‌ ‌بۆ كورد هاتوونه‌ته‌‌ جێ. هه‌رچه‌نده‌ خۆشمان به‌شدارین له‌ نووسینی ده‌ستووری عێراق، به‌ڵام نه‌مانتوانیوه‌ ئه‌و مافانه‌ی خۆمان بكه‌ینه‌ یاسا و یاسای بۆ ده‌ربینین تا تووشی ئه‌و كیشانه‌ نه‌بین كه‌ ئێستا تووشی بووین.

دره‌و میدیا: تۆ وه‌ك كوردێك كه‌ سه‌رۆكایه‌تی لیستی هاوپه‌یمانی " النصر" ده‌كه‌یت له‌ هه‌ولێر، رووبه‌ڕووی چ ره‌خنه‌یه‌ك بوویته‌وه‌؟ چی پاڵنه‌ڕبوو ئه‌و كاره‌ بكه‌ی؟
جه‌رجیس گولیزاده‌: مه‌سه‌له‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ ته‌كلیفه‌. ئیتر ئه‌وه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی من ئه‌و ژماره‌یه‌ی داوه‌ته‌‌ من. من له‌ بنه‌ماوه‌ كه‌وتوومه‌ته‌ ناو ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ و ‌خۆم چه‌ند په‌یامێكم هه‌یه‌ ده‌مه‌وێت له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غداد بگه‌یه‌نم، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر ده‌ربچم یان ده‌رنه‌چم ‌بۆ من كێشه‌ نییه،‌ خه‌ڵك ده‌نگم پێ بدا و ده‌نگم پێ نه‌دا بۆ من كێشه‌ نییه. به‌ڵام‌ ئه‌م سێ په‌یامه‌م هه‌یه‌:
یه‌كه‌م: ئێمه‌ی كورد نابێ به‌چاوی دووژمن سه‌یری عێراق بكه‌ین. نابێ به‌چاوی دووژمنه‌وه‌ سه‌یری عێراقییه‌كان بكه‌ین. به‌دژی ئه‌وه‌ ده‌بێ به‌چاوی دۆستایه‌تی سه‌یری عێراق بكه‌ین. نه‌ك هه‌ر دۆستایه‌تی به‌ڵكو وه‌ك دۆستایه‌تی هاوبه‌ش سه‌یری به‌غداد بكه‌ین.
دووه‌م: ئیمه‌ ئه‌و چه‌تره‌ی له‌ژێری كۆببینه‌وه‌ ده‌بێت ده‌ستوور بێت و به‌ قوڵی‌ ده‌ستی پێوه‌ بگرین، چونكه‌ به‌ڕێژه‌ی 60بۆ70%ی مافه‌كانی كورد به‌ كاملی له‌و رێگایه‌وه‌ ده‌توانین به‌دیبهێنین. به‌ڵام تائێستا ئه‌و بۆچوونه‌مان نییه‌ بۆ ده‌ستوور، سه‌ركردایه‌تی كوردی هۆكارن له‌ تووشبوونی كورد به‌و كێشه‌ و قه‌یرانانه‌. ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌ی ئاقڵانه‌ و زیره‌كانه‌یان هه‌بووایه‌ بۆ ده‌ستوور خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وه‌یان هه‌بووایه‌ كه‌ ئێمه‌ هاوبه‌شین ئێستا تووشی ئه‌و كێشانه‌ نه‌ده‌بووین. 
سێیه‌م: به‌غداد ده‌بێت به‌ دیدگای ستراتیجی سه‌یری كوردستان بكات، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ندێك ره‌گه‌زی ئابووری زۆر گرنگی هه‌یه.‌ سه‌رچاوی ئاوی عێراق له‌ كوردستانه.‌ سه‌رچاوه‌ی خاكی باش و پته‌و بۆ‌ كشتوكاڵ و‌ سامانی ئاژه‌ڵ‌ هه‌ر له‌ كوردستانه‌. كه‌واته‌ ده‌بێ ئه‌و دیدگا ستراتیجییه‌ له‌ به‌غداد دروست بێت، زۆر به‌ بایه‌خه‌وه‌ سه‌یری هه‌رێمی كوردستان بكرێت. كوردستان سه‌رچاوه‌ی ئابوورییه‌ ‌بۆ گشت عێراقییه‌كان. له‌ هه‌مان كات ئێمه‌ وه‌ك خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان پێویسته‌ سوود له‌و 30 ملیۆن كه‌سه‌ عێراقییه‌ وه‌ربگرین وه‌ك بازاڕی ئابووری ‌بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی خۆمان، تاوه‌كو سه‌رچاوه‌ی ئابووری و دارایی زیاتر بدۆزینه‌وه‌ و‌ زیاتر بچینه‌‌ ناو ژیانی ئابووری خۆمان و هه‌نگاوبنێین بۆ زرگاربوون له‌م كێشه‌ داراییانه‌ی له‌م سێ بۆ چوار ساڵه‌ی رابردوو تووشی بووینه‌.

دره‌و میدیا: گه‌وره‌ به‌رپرسانی نێو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌تان له‌ رۆژانی داهاتوو به‌ئامانجی به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگه‌كان دینه‌ هه‌رێم؟
جه‌رجیس گولیزاده‌: ئه‌رزییه‌ت‌ دروست نه‌بووه‌ هاووڵاتی به‌ ئاسایی ته‌ماشای عه‌بادی بكات له‌ هه‌رێم. زۆرینه‌ی خه‌ڵك لێره‌ وا تێده‌گه‌ن عه‌بادی بۆته‌‌ هۆی ئه‌و ناتێگه‌یشتنه‌ی له‌ مه‌سه‌له‌ی مووچه‌ روویدا.
سه‌باره‌ت به‌ به‌رپرسه‌كانی تریش ئێستا زیاتر له‌ شاره‌كانی تری باشوور و به‌غداد خه‌ریكن، چونكه‌ ئه‌وان به‌ حیساباتی هه‌ڵبژاردنی خۆیان ده‌نگه‌كانیان له‌وێ مسۆگه‌ره‌. به‌شداربوونه‌كه‌ی ئه‌وان لێره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌كو به‌شدارییه‌كی ره‌مزییه‌ له‌وه‌ی سه‌نگی خۆی هه‌بێ له‌ پێناو هێنانی ده‌نگ، چونكه‌ ئه‌وانیش واقعین و خۆشم واقعیم وا ئاسان نییه‌ بتوانین له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌نگ بهێنین و ده‌نگه‌كه‌ش به‌ قه‌د كوردسییه‌ك یان دوو كورسی یان سێ كورسی بینین.

دره‌و میدیا: ده‌نگدره‌كانی ئێوه‌ له‌ كوردستان كێ ده‌بن؟
جه‌رجیس گولیزاده‌: ئه‌وعه‌ره‌بانه‌ی لێره‌ ده‌ژین ناتوانن ده‌نگ به‌ كاندیده‌كانی ئێمه‌ له‌ناو هه‌رێمی كوردستان بده‌ن، ته‌نیا ده‌نگ به‌ كاندیده‌كانی خواروو ناوه‌ڕاستی عێراق ده‌ده‌ن به‌پێی پارێزگاكانیان. ئه‌گه‌رچی ئه‌وان چه‌ندین ساڵه‌ لێره‌ن به‌ڵام نفوسیان نه‌گواستۆته‌وه‌ بۆ هه‌رێم، نفوس گواستنه‌وه‌ش نییه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئاسان هاووڵاتییانی هه‌رێم نفوسه‌كانیان بگوازنه‌وه‌ چونكه‌ كێشه‌كه‌ یاسایی و ده‌ستوورییه‌.
سه‌باره‌ت به‌ هاووڵاتیانی هه‌رێم له‌ ماوه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی ریفراندۆم دا جووڵه‌ به‌ سۆزی خه‌ڵك زۆر كرا، ئه‌وه‌ش‌ زۆر ناواقعیانه‌ بوو. سۆزه‌كه‌ هه‌ر به‌رزده‌بۆوه،‌ له‌ ناكاو تووشی شۆك بووین نه‌ده‌بووایه‌ به‌و ئاسته‌ سۆزی هاووڵاتییان له‌ په‌نای ریفراندۆم به‌و پله‌یه‌ به‌رز بكرێته‌وه‌، بۆئه‌مه‌ش ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ‌بوون زۆر تاوانبارن. نابێ سۆزی خه‌ڵك ئه‌وها گه‌مه‌ی پێ بكرێ و دوایی 99% خه‌ڵك دابڕووخێنن.

دره‌و میدیا: چاوه‌ڕوانده‌كه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایار‌ هێزه‌ كوردییه‌كان بتوانن هه‌مان رێژه‌ی پێشووی كورسییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به‌ده‌ستبهێننه‌وه‌؟
جه‌رجیس گولیزاده‌: زه‌حمه‌ته‌ بتوانن. ئه‌مجاره‌ ئه‌گه‌ر له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بتوانن 4كورسی به‌ده‌ستبهێنن به‌ پێی ئه‌م دۆخه‌ باشه‌. له‌ پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانیش 40 بۆ 45كورسی بهێنن له‌گه‌ڵ كورسی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ 50 كورسی، بۆیه‌ زه‌حمه‌ته‌ كورد هه‌مان رێژه‌ به‌ده‌ستبهێنێته‌وه‌.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand