Draw Media

ئەبومەهدی موهەندیس:  لە كاتی كیمیابارانی هەڵەبجە لەو شارەبووم

ئەبومەهدی موهەندیس:  لە كاتی كیمیابارانی هەڵەبجە لەو شارەبووم

2020-01-03 13:14:45


 
درەو: 
ئەبومەهدی موهەندیس (جەمال جەعفەر محەمەد عەلی ئال ئیبراهیم) جێگری فەرماندەی حەشدی شەعبی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی لە ئاكامی بۆردومانی فڕۆكەكانی ئەمەریكا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا كوژران، دوای ئەوەی نیوەشەی رابردوو قاسم سولەیمانی بە فڕۆكەیەكی بارهەڵگر لە دیمەشقەوە گەیشتۆتە فرۆكەخانەی بەغداو لەوێ بۆ پاراستنی ئەمنیەتی قاسم سولەیمانی، موهەندیس بە ئۆتۆمبیلی تایبەت لەبارەگای حەشدی شەعبیەوە چۆتە پێشوازی قاسم سولەیمانی. 
ئەبومەهدی موهەندیس لە چاوپێكەوتنێكدا دەڵێت" لە كاتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لە 1988 لەو شارەبووم و بە كامێرای خۆم وێنەی دەیان ژن و منداڵو پیری ئەو شارەم گرتووە"
ئەبومەهدی موهەندیس كێیە؟
- ئەبومەهدی موهەندیس ناوی (جەمال جەعفەر محەمەد عەلی ئال ئیبراهیم)ە. ناسراوە بە (ئەبومەهدی موهەندیس) و لە ئێران پێی دەوترێت جەمال ئیبراهیمی 
- لە ساڵی 1954 لە شارۆچكەی قوڕنەی بەسرە لەدایكبووە. 
- لە 1973 زانكۆی تەكنۆلۆجی، بەشی ئەندازیاری مەدەنی خوێندووە
- لە 1977 زانكۆی تەواو كردووە.
- دوای تەواوكردنی خوێندن وەك ئەندازیار كاریكردووە و دواتر دكتۆرای لە ئەندازیاری خوێندووە.
- لەساڵی ١٩٨٠دا كە رژێمی سەدام حسێن هەڵمەتی كوشتن‌و رەشبگیری سەركردەو چالاكوانانی شیعە دەستپێدەكات، ئەبو مەهدی رودەكاتە وڵاتی كوەیت‌و بەشوناسنامەیەكی ساختە وەك ئەندازیار كار دەكات.
- لە حەوزەی مەزهەبی لای موحسین حەكیم لە بەسرە خوێندوویەتی.
- لە قۆناغی ناوەندییەوە پەیوەندی بە حزبی دەعوەی ئیسلامییەوە كردووە.
- لە دوای سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران چەند جارێك رووبەڕووی دەستگیركردن و راوەدوونان بووەتەوە.
- دوای كوژرانی محەمەد باقر سەدر، ناچار بووە رووبكاتە ئێران و لە 1980 عێراقی بەجێهێشتووە.
- لە 1985 بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق.
- وەك سیاسی و سەربازی لە فەیلەقی بەدر كاری كردووە و دواتر بووەتە فەرماندەی فەیلەقەكە تا دوای مانگێك لە رووخانی بەعس لە عێراق فەرماندە بووە و دواتر وازی لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و فەیلەقی بەدر هێناوە.
- تۆمەتبار كراوە بە هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەكانی فەرەنسا و ئەمەریكا لە كوەیت لە ساڵی 1983 و لە ساڵی 1984 لە لایەن دادگای كوەیتەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەركراوە.
- هەواڵگری كوەیت تۆمەتباری كردووە بە هەوڵدان بۆ رفاندنی فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانی كوەیت و هەوڵدان بۆ كوشتنی میری كوەیت لە 1985دا.
- لە 2003 بە دواوە روویكردووەتە كاری سیاسی و رۆڵی سەرەكی هەبووە لە درووستكردنی هاوپەیمانییەكانی شیعەدا.
- ساڵاَی 2014 لە دامەزراندنی حەشدی شەعبی رۆڵێكی سەرەكی گێڕاوە و بووەتە جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی
- لە 27ی ئۆكتۆبەری 2017دا، هێزەر ناوێرت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، لە بارەی ئەبومەهدی موهەندیس گوتی: ئەبومەهدی موهەندیس تیرۆریستە.
- موهەندیس لە ساڵی 2009دا خراوەتە ناو لیستی تیرۆری ئەمریكاوه.


ئەبو مەهدی لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەخبار-ی لوبنانی دەڵێت "لەكاتی كیمیابارانی هەڵەبجەدا لەو شارە بوم‌و بەچاوی خۆم كارەساتی مەرگی هەزاران منداڵ‌و ژن‌و پیرەمێردم بینیوەو كامێراشم پێبوەەو وێنەشم گرتوە".
دەشڵێت "لەنەوەدەكانی سەدەی رابردودا، لەدوای راپەڕین وەك موجاهیدنە عێراقییەكان بنكەمان لەكوردستان كردەوەو لەشاری سلێمانی تیپێكمان جێگیر كرد بەناوی تیپی مستەفا كە لە ١٥٠٠ چەكدار پێكدەهات‌و پەیوەندییەكی توندوتۆڵمان هەبو لەگەڵ تاڵەبانی‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و گۆڕی چەندین موجاهیدیشمان لەگۆڕستانێكی ناوچەی قەرەداغە".


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand