زاوایەكی قاسم سلێمانی لەناو كوژراوەكاندایە
2020-01-03 09:03:26
(درەو):
چەند زانیارییەكی نوێ لەبارەی كوژراوانی هێرشەكەی ئەمشەوی فڕۆكەخانەی بەغداد بەپێی ئەوەی لە میدیاكانی عێراق بڵاوكراوەتەوە
كوژراوەكان بریتین لە:
• قاسم سلێمانی- فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران
• ئەبومەهدی موهەندیس- جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی
• سامر عەبدوڵا- زاوای عیماد موغنیە (عیماد موغنیە یەكێكە لە فەرماندە باڵاكانی حزبوڵای لوبنانو لە شەڕی سوریادا كوژرا)
• مێردی كچەكەی قاسم سلێمانی
• محەمەدرەزا جابری- بەڕێوەبەری پرۆتۆكۆڵی حەشدی شەعبی لە فڕۆكەخانە
• حەسەن عەبدولهادی- حەشدی شەعبی
• محەمەد شەیبانی- حەشدی شەعبی
• حەیدەر عەلی حەشدی شەعبی
ئەمە تەنیا ناوی (6) كەسە لە كوژراوەكان، ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغداد بە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێرانی راگەیاند، لەكاتی هێرشەكەدا (10) كەس هاوەڵی قاسم سلەیمانیو ئەبومەهدی موهەندیس بوونو هەموویان كوژراون.
زانیارییەكان باسلەوەدەكەن، قاسم سولەیمانی بەفڕۆكەیەك لە لوبنانەوە گەڕاوەتەوە بۆ عێراق (هەندێكی تر دەڵێن لە سوریاوە گەڕاوەتەوە)، ئەبومەهدی موهەندیس لەو گەشتەدا لە فڕۆكەدا هاوەڵی قاسم سلەیمانی نەبووە، بەڵكو چووە بۆ فڕۆكەخانەی بەغداد بۆ پێشوازیكردنی، پێشبینی دەكرێت زانیاری لەبارەی گەشتەكەی قاسم سلێمانیو ساتی نیشتنەوەی فڕۆكەكەی لە فڕۆكەخانەی بەغداد لەلایەنی عێراقیەوە دزەی كردبێت بۆلای ئەمریكییەكان.
ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس دەڵێ:" هەر دوای دەرچوونی لە فڕۆكەكەی، ئەمریكییەكان قاسم سلێمانیان كردووەتە ئامانج"، سەرچاوە عێراقییەكان باسلەوەدەكەن، دوای ئەوەی سورای ئۆتۆمبیل بووە لە فڕۆكەخانەی بەغداد بچێتەدەرەوە، لەكاتی گەیشتنی بە یەكەمین خاڵی پشكنین لە دەرەوەی فڕۆكەخانە، كاروانەكەی قاسم سلێمانی كراوەتەئامامج.
زانیارییەكان باسلەوەدەكەن، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكی هێرشەكەی جێبەجێ كردووە، دوای كوژرانی، تەرمی قاسم سلێمانی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی (كازمیە)و ئێرانییەكان رێوشوێنیان دەستپێكردووە بۆ گواستنەوەی تەرمەكەی بۆ تاران، ئەمڕۆ دوای نوێژی هەینی لەسەرتاسەری ئێران، خۆپیشاندان دژی ئەمریكا بەڕێوەدەچێت.
لایەنگرانی ئێران لەناوچەكە لەوانە حزبوڵای لوبنانو هێزە عێراقییەكان هەڕەشەی وەڵامدانەوەو تۆڵەكردنەوەی خوێنی قاسم سلێمانی دەكەن، ئەمریكا داوای لە هاوڵاتیانی خۆی كرد بەخێرایی عێراق بەجێبهێڵن، پێشبینی دەكرێت لەسەر ئاستێكی فروان روبەڕووبونەوەی سەربازی لەنێوان ئێرانو ئەمریكا روبدات.
كوشتنی قاسم سلێمانی لەلایەن ئەمریكاوە، لێدانە لە خاڵی بەهێزی ئێران لە عێراقو سوریاو لوبنان، ئەمە لەسەر بڕیاری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بووە، وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ئەمریكا نزیك بووەتەوە، كاندیدە ركابەرەكانی ترەمپ خەڵكانی بەهێز، پێشبینی دەكرێت ترەمپ بەم هەنگاوە بیەوێت گەلی ئەمریكا ناچار بكات بۆ ویلایەتی دووەم دەنگی بۆ بدەنەوە.