گەنجترین سەرۆك لەجیهان دەستبەكاردەبێت
2020-01-02 19:23:44
راپۆرتی: درەو
كاتێك بووە بە وەزیری دەرەوەی نەمسا تەمەنی تەنها (28)ساڵ بوو، ئەمڕۆش لەتەمەنی (33) ساڵیدا وەك گەنجترین سەرۆك وەزیران لە جیهان، پۆستی سەرۆكایەتی كابینەی حكومەتی نوێی وڵاتەكەی بە فەرمی وەردەگرێت، بەوەش پێشی (سانا ماران)ی تەمەن (34) ساڵی سەرۆك وەزیرانی فینلەندا دەداتەوە، كە مانگی كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردوو لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی دەستبەكاربوو.
• ئەو گەنجە ناوی "سێبەستیان كۆرتز"ە، سەرۆكی پارتی گەلی نەمسای موحافیزكارە.
• لە27ی ئابی ساڵی 1986 لە "ڤێننا"ی پایتەختی لەدایك بووەو، هەر لەوێش قۆناغەكانی خوێندنی تەواوكردووە.
• لەساڵی 2003دا و لەتەمەنی 23 ساڵیدا پەیوەندیكردووە بە پارتی گەلی ڕاستڕەو.
• لە مانگی ئایاری ساڵی 2017دا بووە بەسەرۆكی پارتەكە، لەكاتێكدا خوێندكاری بەشی یاسا بووە لەزانكۆی "ڤێننا".
• لەتەمەنی 28 ساڵیدا پۆستی وەزارەتی نەمسای وەرگرتووە.
دوای ئەوەی سەرۆكی نەمسا ئیئتیلافی حكومی نێوان پارتی گەلی موحافیزكارو، پارتی ئازادی ڕاستڕەوی توندڕەوی پەسەندكرد، كە لەهەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕبردوودا سەركەوتنی بەدەستهێنا، "سێبەستیان كۆرتز"ی ڕاسپارد بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی نەمسا.
"كۆرتز" ئێستا گەنجترین سەرۆكە لە جیهان بەڵام تاقانە نییە، ئەی هاوشێوەكانی كێن؟ ئەوانەی لە سییەكانی تەمەنیاندا گەیشتونەتە ترۆپكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە وڵاتەكانیان:
• "ئۆلێكسی گونتشارۆك" یاساناس و ڕیفۆرمخوازو چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی ئۆكرانی، لەمانگی ئابی ساڵی ڕابردوو و لەتەمەنی 35 ساڵیدا پۆستی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی پێسپێردرا، بە گەنجنترین سەرۆك هەژمار دەكرێت لە مێژووی ئۆكرانیادا.
• " نەجیب ئەبوكیلە" ی تەمەن 37 ساڵ، لەمانگی شوباتی ساڵی ڕابردودا پۆستی سەرۆك وەزیرانی (سلفادۆر)ی وەرگرت، سیاسی و بزنسمانێكی بە ڕەچەڵك فەلەستینییەو لە ساڵی 1981 لە (سان سلفادۆر)لە دایكبووە، پێشئەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانیشی پێسبێردرێت سەرۆكی شارەوانی ئەو شارە بووە، بەیەكەم سیاسی سەربەخۆ دادەنرێت كە لەدەرەوەی پارتی دەسەڵاتدارەكانی ئەو وڵاتە پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت.
• "گزافییە ئیسپۆت زمۆرا"ی تەمەن 39 ساڵ، لەمانگی ئایاری ساڵی ڕابردودا پۆستی سەرۆك وەزرانی (ئەندۆرا)ی وەرگرت، پێشتر پۆستی وەزارەتەكانی كاروباری كۆمەڵایەتی و دادو و ناوخۆی وەرگرتووە.
• "كارلۆس ئەلفارادۆ" لەتەمەن 38 ساڵیداو، لەخولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی (كۆستاریكا) كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، كاندیدی پارتی چەپی میانڕەوی دەسەڵاتدار بوو، بە سەرۆك كۆماری (كۆستاریكا) هەڵبژێردرا.
• "جاسیندا ئەردیرن" لەتەمەنی 37 ساڵیداو لە ساڵی 2017دا پۆستی سەرۆك وەزیرانی (نیوزلەندا)ی وەرگرتووە، "جاسیندا" بە ژنە (پۆڵاینەكە) ناسراوەو میدیاكانی توشی سەرسوڕمان كردووە، ئەو ژنە ساڵی پار تانوپۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی لەسەر ئاستی جیهان بەخۆیەوە سەقاڵكرد، كاتێك ویستی لەماوەی دوو خولەكدا و زۆر بەخێرایی دەستكەوتەكانی دوو ساڵی ڕابردوی حكومەتەكەی بژمێرێت، بەڵام دەستكەوتەكانی ئەوەند زۆربوون دوو دەقە كورتی هێناو پێویستی بەكاتی زیاتر بوو.
"جاسیندا" لە 21 حوزەیرانی ساڵی 2018 مندالێكی لە نوسینگەكەی خۆی لە ئەنجومەنی وەزیران بوو، كە ئەمە هەواڵێكی نائاسایی بوو، بەڵام لەوە سەرنجڕاكێشتر ئەو ناوە بوو كە لە كچەكەی نا، (نیف تی ئورها)، كە ناوێكی لكێندراوەو، نیوەی مانای (ڕووناكی و شەوق بەخشین) نیوەكەی تریش بە زمانی (ماوری) مانای خۆشەویستی كە زمانی دانیشتووە ڕەسەنەكانی (نیوزلەندا)یە.
ئەم ژنە پۆڵاینە لەڕەشەكوژییەكەی مزگەوتی (كرایسچیرش)، كە بەهۆیەوە 50 نوێژخوێنی موسڵمان بەدەستی كەسێكی توندەڕە كوژراون، ڕۆلێكی گەورەی گێڕا لە مامەڵەكردن لەگەڵ ڕوداوەكەو نمونەیەك لەدانایی پێشكەشەكرد كە توانی بۆ جیهانی بسەلمێنێت سەرۆك وەزیرانی هەموو نیوزەلەندییەكانە بە جیاوازی دین و ڕەنگ و بیركردنەوەیانەوە.
• "لیۆ ئەریك ڤاردگار"ی بە گەنجترین سەرۆك وەزیرانی ئێرلەندا دادەنرێت كە لە ساڵی 2018 تەمەنی 38 ساڵیدا ئەو پۆستەی وەرگرتووە، لە ساڵی 2017 بووە بە سەرۆكی پارتی (ڤان گایل) و وەزیری بەرگری، پێشتریش وەزارەتەكانی پاراستنی كۆمەڵایەتی و تەندروستی و گواستنەوەو گەشتوگوزرار و وەرزشی (ئێرەلەندا)ی بەڕێوەبردووە.
"لیۆ ڤاردگار" یەكێكە لەو سێ سەرۆك وەزیرانەی جیهان كە بە ئاشكرا دانی بەوەداناوە هاوڕەگەزبازە، دوانەكەی تریشیان هەریەك لە (گزافییە بیسیل) سەرۆك وەزیرانی (لۆكسمبۆرگ) و (ئانا برنابیچس) سەرۆك وەزیرانی (سڕبیا)یە.
• "ئیمانوێل ماكرۆن" لە ساڵی 2017 و لەتەمەنی 39 ساڵیدا بووە بە سەرۆكی كۆماری (فەرەنسا)، لە ساڵی 1977 لە (ئەمیان) لەدایك بووە، هەشتەم سەرۆكی كۆماری پێنجەمی فەرەنسایە، ساڵی 2006 بۆ 2009 پەیوەندیكردووە بە پارتی سوۆسیالستی فەرەنسا، ساڵی 2012 جێگری ئەمینداری گشتی سەرۆكایەتی فەرەنسا بووە، پۆستی وەزارەتەكانی ئابوری و پیشەسازی و ئابوری ژمارەیی لە حكومەتی (مانوێل فالس) وەرگرتووە. لە ساڵی 2016 پارتی (بۆ پێشەوە)ی دامەزراندووە، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی مانگی ئایاری ساڵی 2017ی وڵاتەكەیدا سەركەوتنی بەدەستهێنا، بووە سەرۆك كۆماری فەرەنسا.
• "یۆری ڕاتاس" سەرۆكی پارتی میانڕەوی (ئیستۆنیا) لەساڵی 2016 كاتێك تەمەنی 37 سال بووە پۆستی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی وەرگرتووە، لەساڵی 2005 و لەتەمەنی 27 ساڵیدا بووە بە حاكمی شاری (تالین)ی پایتەخت، لە ساڵی 2007دا بووە بە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی (ئیستۆنیا) و تا ساڵی 2016 و وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەو پۆستەدا ماوەتەوە.
• "جۆزێف مۆسكات" لەساڵی 2013 داو، لەتەمەنی 39 ساڵیدا پۆستی سەرۆك وەزیرانی (ماڵتا)ی وەرگرتووە و تائێستا لە پۆستەكەیدایە، بە یانزەهەمین سەرۆك وەزیرانی ماڵتا هەژماردەكرێت و، لە ساڵی 2008وە سەرۆكی پارتی كرێكارانی (ماڵتا)یە.