دۆڕاو گۆڕاوەكانی كۆنگرەی یەكێتی
2019-12-26 09:52:53
راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم
لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا، پارەو هێز رۆڵی خۆیان گێرا لە یەكلاكردنەوەو سەركەوتنی كاندیدەكاندا، لاهور شێخ جەنگی كۆنگرەی بە قازانجی خۆی شكاندەوە، بەشێك لە كارەكتەرە نزیكەكانی باڤڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی دەرنەچوون، باڵی كۆسرەت رەسوڵ لەروی پێگەو قورساییەوە لاواز بوون، پەڕو باڵی نزیكەكانی بەرهەم ساڵح كرا، كەركوكیەكان و نزیكەكانی دلێری سەید مەجید لەدوای لاهور تاڵەبانی سەركەوتووەكانی ناو كۆنگرەبوون، ئەوانەی پێیاندەوترا "ریفراندۆمچی" دۆراوی كۆنگرەبوون، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی قاعیدەی یەكێتی بە تەواوی لە دژی سیاسەتەكانی پارتی بیردەكەنەوە.
لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی هاوكێشەكان بەم شێوەی خوارەوەی لێهاتووە :
* باڵی ماڵی مام جەلال گۆڕدرا بە باڵی بنەماڵەی شێخ جەنگی بە سەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی، چونكە بەپێی ئەنجامەكان لە بازنەكانی (هەولێرو سلێمانی و كەركوك و دهۆك و موسڵ و راپەرین و هەڵەبجەو شارەزوور و كۆیە و سۆران و حەمرین و بەغداو ...هتد) زۆرینەی رەهای ئەو كەسانەی یەكەمبوون، یاخود دەرچوون بۆ ئەنجومەنی گشتییی سەركردایەتی، لە لاهور شێخ جەنگیەوە نزیكن، یاخود لە لیستی پاڵێوراوەكانی ئەودابوون و ئەو پشتگیری كردوون.
لەم كۆنگرەیەدا باڵەكەی لاهور شێخ جەنگی لە دانان و حساباتی دەرچوواندنی ئەندامەكانیان لەسەرجەم بازنەكان زۆر بە وردی كاریان كرد، ئامانجەكانیان لەسەدا 99% پێكاوە. ئەو پەیڕەوەی دانرابوو بۆ مەرج و پێوەرەكانی كاندیدبوون لە بەرژەوەندی ئەوان نوسرابوو.
لە ماڵی مام جەلال قوباد تاڵەبانی بە تەزكیە سەركەوت، هەرچەندە باڤڵ تاڵەبانی دووەم دەنگی كۆنگرەبوو، بەڵام ئەو كەسانەی ئەو و براكەی پشتیوانیان دەكردن هەموویان سەرنەكەوتن لە نموونەی یوسف گۆران و تەحسین نامیق و سەركەوت كوبە. باڤڵ تاڵەبانی چەند كەسێكی كەمی دەرچووە، بەڵام قوباد تاڵەبانی هەموو رەمزەكانی شكاون.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەدیش كە یەكێكە لە میراتگرانی ئیبراهیم ئەحمەدو ماڵی مام جەلال، لەو كۆنگرەیەدا تەنها توانیویەتی خۆی دەربچووێنێت، ئەویش بە دەنگێكی كەم، چونكە ناوبراو رووبەرووی دژایەتی زۆر بوویەوە.
كەواتە لەم كۆنگەرەیەدا، دەركەوت ماڵی شێخ جەنگی زیاترو باڵادەسترن لە ماڵی مام جەلال.
* گروپی كەركووكییەكان لە دوای باڵەكەی ماڵی شێخ جەنگی وەكو بەهێزترین باڵ دەركەوتن و لە كۆی ئەو 32 ئەندامەی سەركردایەتی لە سنووری خۆیان، زۆرینەی رەها هی خۆیانە.
گروپی كەركوكییەكان هەماهەنگی باشیان لەگەڵ قائیمەكەی لاهور شێخ جەنگی هەبووەو ئەو دووباڵە لە داهاتوو كە دەتوانین بڵێین باڵی (لاهور+ كەركووكییەكان) ژمارە گەورە گەورەكەی نێو یەكێتیی دەبن، بەشێكی سەركەوتنی ئەو گروپە پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە یەكگرتوون، پاشانیش لەگەڵ باڵەكانی دیكە بە یەك دووری مامەڵە دەكەن و هەرگیز هێلكەكانی خۆیان ناخەنە ناو یەك سەبەتەی بەرامبەرەكانیان.
* بەرهەم ساڵح دوای ئەوەی چووە ناو هاوپەیمانی پێگەكەی لەرووی قاعیدەی جەماوەریەوە لاوازبوو، بەڵام لەو كۆنگرەیەدا جگە لەوەی خۆی بە تەزكیە سەركەوت، لە هەمانكاتیشدا وەكو دەڵێن پەڕو باڵی كرا، ئەو چەند سەركردەیەی پێشووتریش كە لە گەڵیدابوون، زۆربەی زۆریان خۆیان كاندید نەكرد، یان دەرنەچوونەوە. كەواتە ئێستا بەرهەم ساڵح ئەگەر ببێتەوە سكرتێریش زۆر لاواز دەبێت و دەسەڵاتەكانی دیاریكراون دەبن، تەنها وەك واجیهەی یەكێتیی دەردەكەوێت. بەرهەم ساڵح لەوانەیە محمود سەنگاوی و حامیدی حاجی غالی و عدنانی حەمەی مینەی دەرچووێت، بەڵام زۆریشی دیكەشی بوونە قوربانی.
* كۆسرەت رەسوڵ بەوە ناسرابوو بچێتە ناو هەر یاریەكی سیاسی ئەستەمە بدۆڕێت، بەڵام لەم كۆنگرەیەدا حساباتەكانیان هەڵەبوو، ئەوان ئەگەر جاران لەبەرامبەر باڵی ماڵی مام جەلاڵ بەهێزیشبووبن، لەم كۆنگرەیەدا لەڕووی پێگەو قورسایەوە زۆر لاوازبوون، ژمارەی ئەو كەسانەی كە سەركەوتوون لە سەر لیستی ماڵی كاك كۆسرەت بە نموونە لە سنووری هەولێر ناگاتە نیوە، لە بازنەكانی دیكەش هیچ كەسیان دەرنەچووە كە لێیانەوە نزیك بێت.
یەكەم نەبوونی كوڕەكانی كۆسرەت رەسول لە هەولێرو ئەو لاوازبوونەیان، وادەكات كە ئەوان نەتوانن لە دانووستاندنی حزبەكەیان لەماوەی 45 رۆژی داهاتوو بۆ گۆڕانكاریكردن لە پەیرە و هەڵبژاردنی سەرۆك و دەستەی سەرۆكایی و ئەنجومەنی جێبەجێكردن و ئۆڕگانەكان داوای شتی زۆر بكەن.
ئەگەر كۆسرەت رەسول سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی ئەو حزبەش بێت، جارێ دیار نییە بە تەواوی دەسەڵاتەكانی چی دەبن ؟ بەڵام هەموو پێوەرەكان ئەو ئەنجومەنە جگە لەوەی موراعات دەكرێن، بەڵام ناشتوانن كاریگەری ئەوتۆیان لەسەر ئەو حزبە هەبێت.
* لەم كۆنگرەیەدا ئەوانەی قوتابی دلێری سەید مەجیدی ئیداری گشتیی و قاسەكەی یەكێتیی بوون باش هاتوونەتە پێشەوە، بۆ نموونە سەرباری ئەوەی برایەكەی دەنگێكی زۆری هێناوەو دەرچووە، هەریەك لە (شوانەی نۆكان و سالاری نۆكان لە سلێمانی و شێخ ئەحمەدی نۆكانیش لە هەڵەبجە) لە یەكەمەكانی كۆنگرەن خۆشی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسییە.
* لەم كۆنگرەیەدا پارەو هێز زۆرترین حكومیان كردووە، كەواتە كێ زۆرترین پارەی هەبووبێت و هێزی ئەمنی و چەكداری لەبەردەستدابووبێت، براوەی كۆنگرەبوو، ئەوەش بە ئاشكرا لە لیستی دەرچووانی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەردەكەوێت.
* لەم كۆنگرەیەدا ئەوانەی پێیاندەوترێن "ریفراندۆمچی" بە تەواوی دۆراوی كۆنگرەبوون، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی قاعیدەی یەكێتیی بە تەواوی لە دژی پارتی بیردەكەنەوە.