قوسەی سوهێل: بارودۆخە لەبار نییە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە
2019-12-25 12:21:56
(درەو میدیا):
قوسەی سوهێل وەزیری خوێندنی باڵاو زانستو تەكنەلۆژیا كە لەلایەن هاوپەیمانێتی بنیادنانەوە كاندیدكرا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كاندیدبوونی كشایەوە.
لەنامەیەكدا كە ئاڕاستەی سەركردەكانی هاوپەیمانی بنیادنانی كردووە، قوسەی سوهێل نوسیویەتی:" رێزی زۆرم هەیە بۆئەوەی وەكو كوتلەی زۆرینە ئێمەتان كاندیدكردووە، بەهۆی ئەوەی بارودۆخەكە بەپێی خەمڵاندنی ئێمە لەبار نییە بۆ ئەم راسپاردنە، داواتان لێدەكەم رەزامەندی بدەن لەسەر داوای لێبوردن لە وەرگرتنی ئەو ئەركە، هیوای سەركەوتنتان بۆ ئەخوازم لە هەڵبژاردنی ئەو كەسەی كە گونجاوە لە بری ئێمە".
هاوپەیمانێتی بنیادنان كە كوتلەی هاوبەشی نێوان ئیئتلافەكەی نوری مالیكیو لیستەكەی عادی عامری-یە، ئێستا گەورەترین كوتلەی ناو پەرلەمانی عێراقو لە كۆی (329) كورسی پەرلەمان، (150) كورسی هەیە، بەپێی دەستوری عێراق، كوتلەی زۆرینە مافی پێشكەشكردنی كاندیدی هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانو پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا، تائێستا سەرۆك كۆمار كەسی رانەسپاردووە بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.