یەكەمین نەشتەرگەری چاندنەوەی ئەندامی نێرینە لە ئەمریكا بەسەركەوتوویی ئەنجامدرا

2018-04-25 13:40:13
تیمێكی پزیشكی ئەمریكی سەركەوتوو بوون لە ئەنجامدانی یەكەمین نەشتەرگی چاندنەوە ئەندامی نێرینە لە جیهاندا و نەشتەرگەرییەكەیان بە سەركەوتوویی بۆ سەربازێكی سوپای ئەمریكا ئەنجامدا كە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراوەوە لە ئەفغانستان ئەندامی نێرینەی لەدەستدابوو.
لێپرسراوانی نەخۆشخانەی جۆنز هۆبكنز لە شاری باڵتیمۆری ویلایەتی مێریلاندی ئەمریكا رایانگەیاند یەكەمین نەشتەرگەری چاندنەوەی ئەندامێكی تەواوەتی نێرینە لە جیهاندا بۆ سەربازێكی ئەمریكی بە سەركەوتوویی ئەنجامدراوە.
نەخۆشخانەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند تیمێكی پێكهاتوو لە نۆ پزیشكی پسپۆر لە نەشتەرگەری جوانكاریی و پسپۆری میزەڕۆ بە 14 كاتژمێر رۆژی 26ی مانگی ئازار ئەم نەشتەرگەرییەیان بۆ ئەو سەربازە ئەنجامداوە بەبێ ئەوەی ناو و ناونیشانی سەربازەكە ئاشكرابكەن.
نەخۆشخانەی جۆنز هۆبكز لەسەر ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، تویتێكی دەربارەی سەركەوتنی نەشتەرگەرییەكە بڵاوكردەوە لەگەڵ ڤیدیۆیەكی روونكردنەوەی تایبەت بە هەنگاوەكانی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكە.
ڤیدیۆی روونكردنەوەی نەشتەرگەرییەكە:
ئەو تیمە پزیشكییەی سەرپەرشتی نەشتەرگەرییەكەیان دەكرد لەو نەشتەرگەرییەدا توانیان ئەندامێكی نێرینە و تورەكەیەكی گون بەبێ هێلكەكانی لەگەڵ بەشێك لە دیواری سك بۆ ئەو سەربازە بچێننەوە و ئەوەش لەلایەن كەسێكی خۆبەخشەوە دراوە كە كۆچی دواییكردووە.
ئەندرۆ لیی سەرۆكی بەشی نەشتەرگەری جوتنكاری لە كۆلێژی پزیشكی نەخۆشخانەكە لە بەیاننامەیەكدا وتی " هیوادارین ئەم نەشتەرگەرییە ببێتە هۆی گەڕانەوەی كاری میزكردن و ئەنجامدانی سێكس بۆ ئەو گەنجە لە كاتێكی نزیكدا.
سەربازەكەش كە نەشتەرگەرییەكەی بۆ كراوە لە بەیاننامەیەكدا وتی:" كاتێك بۆ یەكەمجار لەداوی نەشتەرگەرییەكە بە ئاگا هاتمەوە هەستم بە دۆخێكی زۆر ئاسایی كرد ... هەروەها هەستم بە جۆرێك متمانەكرد، لە كۆتاییدا من ئێستا زۆر باشم."
وەرگێڕانی : نامیق رەسول
سەرچاوە : ئاژانسی رۆیتەرز
