Draw Media

ساڵێك بۆیان درێژدەكرێتەوە !

ساڵێك بۆیان درێژدەكرێتەوە !

2019-12-24 15:23:46


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
ساڵی 2015 كە هەرێمی كوردستان لەشەڕدا بوو دژی "داعش"، پەرلەمانی كوردستان ئامادە نەبوو دوو ساڵی تر تەمەنی یاسایی مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێم درێژبكاتەوە، ئەمە قەیرانێكی گەورەی سیاسی دروستكرد، بووە بەهۆی پەكخستنی پەرلەمان بۆ ماوەی دوو ساڵ، بەڵام خولی ئێستای پەرلەمان لەدوای دەستبەكاربوونییەوە بەیاسایەك ویلایەتی پارێزگارەكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك)ی درێژكردەوە‌و ئێستا دەیەوێت بۆ ماوەی ساڵێك تەمەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی درێژبكاتەوە كە دوێنێ ماوە یاساییەكەی كۆتایی هات، جگە لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، ژمارەیەكی زۆر لە دەستەكانی تری سەربە حكومەت وادەی یاساییان بەسەرچووە‌و دەبێت پەرلەمان چارەسەریان بۆ بكات.

كۆتاییەكی خراپ
كۆتایی ساڵی 2019 بۆ كۆمسیۆنەكانی تایبەت بە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان‌و عێراق باش نەبوو، لە هەرێم (كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی) تەمەنی یاسایی كۆتایی هات‌و پەرلەمان دەیەوێت ساڵێك بۆی درێژبكاتەوە، لە عێراقیش كۆمسیۆنە كۆنەكە هەڵوەشێندرایەوە‌و لەژێر فشاری شەقامدا كۆمسیۆنێكی نوێ هەڵبژێردرا.

لەبارەی كۆمسیۆنەكەی كوردستانەوە 
كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم یەكێكە لەو دەستانەی كە سەربە پەرلەمانی كوردستانە، دەستەكە بەپێی یاسایەك دروستكراوە كە پێی دەوترێت یاسای ژمارەی (4)ی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی‌و لە رۆژی 23ی تەموزی 2014 پەسەندكراوە، بەڵام پێدانی متمانە بە ئەندامانی دەستەكە لە پەرلەمان‌و دەستبەكاربوونی فەرمی كۆمسیۆنەكە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی 3ی كانونی یەكەمی 2014.
ئەم كۆمسیۆنە ماوەی (5) ساڵ زیاترە دەستبەكاربووە، لەم ماوەیەدا تەنیا دوو ئەركی تایبەت بە خۆی ئەنجامداوە كە ئەوانیش بریتین لە:
یەكەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 25ی ئەیلولی 2017دا.
دووەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی 2018دا.
تا كاتی دروستكردنی ئەم كۆمسیۆنە، هەرێم كوردستان خاوەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی تایبەت بەخۆی نەبوو، ئۆفێسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە شارەكانی هەرێم سەرپەرشتی ئەو هەڵبژاردانانەیان دەكرد كە تایبەت بوون بە هەرێمی كوردستانەوە، واتە هەڵبژاردنی سەرتاسەری نەبوون لە عێراقدا.
ئەم كۆمسیۆنە لە یاساكەیدا وەكو دەستەیەكی "سەربەخۆ" ناوی هێنراوە، بەڵام ئەندامەكانی لەسەر بنەمای پشكێنەی حزبی دانراون‌و لە پەرلەمانی كوردستان متمانەیان پێدراوە‌و پێكهاتوون لە (9) ئەندام، بەمشێوەیە:
•    هەندرێن محەمەد- سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە
•    رێزان حەمەڕەشید- سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردن، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە
•    سلێمان مستەفا- جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە
•    شیروان زرار- وتەبێژی كۆمسیۆن، سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە
•    ئیسماعیل حەمەعەلی- كۆمسیار، سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە
•    عەبدولسەمەد خدر- كۆمسیار، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە
•    جوتیار عادل- كۆمسیار، سەربە پارتییە (ئێستا وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمە)
•    نەهرۆ سەلیم حەننا- كۆمسیار، پشكی پێكهاتەكانە‌و سەربە یەكێتییە
•    سەباح عەبدوڵا- كۆمسیار، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان
بەگوێرەی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی كە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، تاوەكو ساڵی 2018، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی (654) فەرمانبەری هەبووە.

بۆیان درێژدەكرێتەوە؟
دوێنێ كۆتایی بە چوار ساڵ تەمەنی یاسایی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستان هات، ئێستا سەرۆك‌و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن شەرعیەتی یاساییان لەدەستداوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، كۆمسیارەكان نوسراوێكیان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كردووە‌و تێیدا داوا دەكەن چارەسەری بارودۆخەكەیان بۆ بكات.
بەپێی یاسای كارپێكراو دەبێت پەرلەمانی كوردستان كۆمسیاری نوێ بۆ كۆمسیۆنەكە هەڵبژێرێت، یاسای كۆمسیۆن دەڵێ تەمەنی یاسایی كۆمسیاران (5) ساڵە، كۆمسیاران لە پەرلەمان متمانەی یاسایی وەردەگرن‌و لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەریدا سوێندی یاسایی دەخۆن.
(درەو میدیا) قسەی لەگەڵ چەند ئەندامێكی لیژنەی یاسایی كرد لە پەرلەمانی كوردستان، بەپێی قسەی ئەوان پەرلەمان بەرەو ئاڕاستەیەك دەڕوات كە دەیەوێت ماوەی ساڵێك تەمەنی ئەم كۆمسیۆنە درێژبكاتەوە.
خولی پێنجەمی پەرلەمان لەدوای دەستبەكاربوونییەوە تەمەنی یاسایی پارێزگارەكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك) تاكاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە وادەكەی نادیارە، درێژكردەوە، ئەگەر تەمەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیش درێژبكاتەوە، واتە دوو حاڵەتی درێژكردنەوەی ئەنجامداوە، ئەوە لەكاتێكدایە ساڵی 2015 بەهۆی درێژنەكردنەوەی تەمەنی یاسایی مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان، كاركردنی پەرلەمان بۆماوەی دوو ساڵ پەكیكەوت.
جەلال محەمەد محەمەد ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) وتی:" تا ئێستا ئەم بابەتە نەگەیشتووەتە لیژنەی یاسایی، بەڵام پێشبینی دەكەم ماوەی ساڵێك بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی درێژبكرێتەوە، چونكە گۆڕانكاریكردن لە كۆمسیۆنەكە بەپێی بەركەوتی هەڵبژاردنی لایەنەكان پێویستی بەكات هەیە".
(درەو میدیا) چەندینجار پەیوەندی هندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی‌و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنەوە كرد، هیچ یەكێكیان وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانیان نەدایەوە، تاوەكو دواجار ئیسماعیل خورماڵی نوێنەری یەكگرتووی ئیسلامی لە ئەنجومەنی كۆمسیۆنەكە وەڵامی دایەوە‌و لەبارەی بابەتەكەوە قسەی كرد.
خورماڵی وتی:" تەنیا كۆمسیۆنی هەڵبژاردن وادەی یاسایی بەسەرنەچووە، زۆربەی دەستەكانی حكومەت وادەیان تەواوبووە، ئێمە داوامان لە پەرلەمان كردووە، چارەسەر بۆ ئەم بابەتە بدۆزێتەوە".

كۆمسیۆن لە راپۆرتی چاودێری دارایدا
بەمدواییە (درەو میدیا) راپۆرتێكی نهێنی دەستەی چاودێری دارایی لەبارەی كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی دەستكەوت، راپۆرتەكە بە وردەی باس لە گومانی گەندەڵی گەورە لەكارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی دەكات.
راپۆرتەكە باسی لە ناشەفافیی لە خەرجكردنی بڕی (12 ملیۆن) دۆلار دەكات كە دراوە بەم كۆمسیۆنە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە 25ی ئەیلولی 2017دا.
سەرباری ئەمە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەدوای دەستبەكاربوونییەوە ژمارەیەك گرێبەستی تایبەت بە كڕینی كەلوپەل‌و دابینكردنی پێداویستییەكانی خۆی ئیمزاكردووە كە چاودێری دارایی گومانی هەیە لێیان.
لەماوەی رابردوودا (درەو میدیا) بەدوو بەشی جیاجیا، كرۆكی راپۆرتەكەی دەستەی چاودێری دارایی بڵاوكردەوە، چەندین بەشی تری ماوە كە تائێستا دەرفەتی بڵاوكردنەوەیان نەبووە‌و لەداهاتوودا بڵاویاندەكەینەوە.
خوێنەرانی ئەم راپۆرتە دەتوانن لێرەوە بەشەكانی راپۆرتەكەی چاودێری دارایی لەبارەی گومانی گەندەڵی لە كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی بخوێننەوە، بۆ بینینی بەشەكان كلیك لەسەر نوسراوە رەنگ سورەكان بكە:
•    بەشی یەكەم
•    بەشی دووەم
ئیسماعیل خورماڵی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی بە (درەو میدیا)ی وت:" وەڵامی ناوەڕۆكی راپۆرتەكەی چاودێری داراییان ئامادەكردووە‌و دوای پشووەكانی سەری ساڵی نوێ بڵاویدەكەنەوە".

كۆمسیۆن لە عێراق
لەكاتێكدا كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی لە هەرێمی كوردستان تەمەنی یاسایی كۆتایی هات، لە عێراق كۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەڵوەشێندرایەوە‌و لەجێگەی ئەو كۆمسیۆنێكی نوێ دروستكرا.
لە عێراق "كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان" یەكێكە لەو دامەزراوانەی كە بووە بە سەرچاوەی نیگەرانی‌و ناڕەزایەتییەكانی ئێسای شەقام، خەڵك رەخنەیان لە كۆمسیۆن دەگرت‌و تۆمەتیارن دەكرد بە ساختەكردنی پرۆسەی سیاسی، ئەمە پەرلەمانی عێراقی ناچاركرد بیر لە دروستكردنی كۆمسیۆنێكی نوێ بكاتەوە.
لەیەكەم هەنگاودا پەرلەمانی عێراق وەكو وەڵامدانەوەیەك بۆ فشارەكانی شەقام، یاسایەكی نوێی تایبەت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی پەسەندكرد.
ماددەی (3)ی یاسا نوێیەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەڵێ: 
•    ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن لە (9) كەس پێكدێت
•    (5) كەسیان دادوەرەكان دەبن لەسەرتاسەری پارێزگاكانی عێراق
•    (2) كەسیان سەربە ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان دەبن
•    (2) كەسیان لەوانە دەبن كە راوێژكارن لە ئەنجومەنی دەوڵەت
یاساكە هەڵبژاردنی ئەو (9) ئەندامەی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی داوەتە دەست ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بەشێوەی تیروپشك، دوێنێ ئەنجومەنی دادوەری بەئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان، تیروپشكی بۆ ناوی ئەو كەسانە كرد كە خۆیان بۆ پۆستەكانی كۆمسیۆن كاندیدكردبوو هەروەها لە مەرجەكاتی تایبەت بەو پۆستانە دەرچوو بوون.
(5) پارێزەر لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاكان وەكو ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە تیروپشك هەڵبژێردران، ئەو دادوەرانە بریتی بوون لە:
1- عەباس فەرحان حەسەن
2- جەلیل عەدنان خەڵەف
3- عامر موسا محەمەد
4- فەیاز حسێن یاسین
5- عەلی رەشید
ئەنجومەنی باڵای دادوەری هەر بە تیروپشك دوو كەسی تری وەكو ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، هەڵبژارد كە راوێژكارن لە ئەنجومەنی دەوڵەت‌و بریتین لە هەریەكە لە:
1-    ئینعام یاسین محەمەد
2-    فەتاح محەمەد یاسین
بەڵام دوو نوێنەرەكەی هەرێمی كوردستان لە ئەنجومەنی كۆمسیاران، تیروپشكیان بۆ نەكرا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم ناوی كاندیدەكانی رەوانەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق نەكردبوو، ئەمەش بەهۆی ئەوەی تائێستا پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر كاندیدكردنەكانیان بۆ ئەو پۆستانەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق یەكلانەبوونەتەوە.
سەرباری گۆڕینی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، پەرلەمانی عێراق لە سایتی نوسینی ئەم راپۆرتەدا ماددە‌و بڕگەكانی یاسایەكی نوێی هەڵبژاردنی پەسەندكرد، كە جیاوازە لە یاسا كۆنەكە‌و دەرفەتی گەورە دەكاتەوە لەبەردەم ئەو كەسانەدا كە لەچوارچێوەی حزبە سیاسییەكاندا نین‌و دەیانەوێت خۆیان بۆ پەرلەمان كاندید بكەن. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand