قەدەغەكراوەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن و سزاكانی
2018-04-25 13:18:48
ئامادەكردنی: فازل حەمە رەفعەت
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی كە پێیدراوە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، ژمارەیەك رێوشوێنی دیاریكردووە لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچونی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن.
بەپێی "سیستمی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان ژمارە 11ی ساڵی 2018" كە رۆژی 19/2/2018 لەلایەن كۆمسیۆنەوە پەسەندكراوە و خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا ئەمانەی خوارەوە بە سەرپێچی دادەنرێن:
• هەڵواسینی پۆستەری كاندید و لیستەكان لە دووری كەمتر لە 100 مەتر لە بنكەكانی دەنگدان یاخود بیناكانی تایبەت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان.
• بەكارهێنانی هەر ئامرازێك لە ئامرازەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنی تایبەت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەلایەن كاندید و لیستەكانەوە بە مەبەستی بانگەشەكردن.
• بەكارهێنانی پۆستەر و نوسراوی لەزگەی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن نوسین لەسەر دیوارەكان.
• بەكارهێنانی بینای وەزارەت و دامەزراوە جیاوازەكانی دەوڵەت و شوێنەكانی خوداپەرستی و سیمبوڵە ئاینییەكان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی كاندید و لیستەكان.
• بەكارهێنانی دروشمی فەرمی دەوڵەت لە كۆبونەوە و ریكلام و بڵاوكراوەكانی هەڵبژاردن و نوسرا و ئەو وێنانەی كە بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاردەهێنرێن.
• بەكارهێنانی دامەزراوەكانی دەوڵەت و دەسەڵاتە خۆجێییەكان و سەرچاوەكانی دەوڵەت لەلایەن كارمەندەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی یان هەر كاندیدێك بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و دروستكردنی كاریگەری لەسەر دەنگدەران، ئەمە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەكانیش دەگرێتەوە.
• بەكارهێنانی سامانی گشتی یاخود بودجەی وەزارەتەكان و سەروەت و سامانی وەقفە ئایننییەكان و یان پارەی یارمەتی دەرەكی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا.
• بەكارهێنانی هەر شێوازێك لە شێوازەكانی فشار و ناچاركردن و پێدانی دەستكەوتی ماددی و مەعنەوی یاخود بەڵێندان بە پێدانی ئەو دەستكەوتانە بەمەبەستی دانانی كاریگەری لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن
• دەركردنی بەیاننامەی ساختە و بەكارهێنانی شێوازی ناوزڕاندن دژی كاندید یاخود حزبی سیاسی بەشدار لە پرسەی هەڵبژاردن یاخود دژی كۆمسیۆن.
• بانگەشەكردن بۆ دروستكردنی ناكۆكی نەتەوەیی و ئاینی و تائیفی و خێڵەكی و هەرێمی لە بەرنامەی بانگەشەی هەڵبژاردنی كاندید و لیستەكان، چ لەڕێگەی دروشم یاخود وێنە یان پەخشی تەلەفزیۆن و ئێزگە یان هەر ئامرازێكی تری راگەیاندن و پەیوەندیكردن.
• پێشكەشكردنی دیاری یان هەر سودێكی تر یاخود بەڵێندان بە پێدانی ئەو شتانە بەمەبەستی دروستكردنی كاریگەری لەسەر دەنگدەران لەلایەن كاندید یاخود لیستەكانەوە.
• پەیڕەوكردنی توندوتیژی و رق و ترساندن و پشتیوانیكردنی تیرۆر، یاخود هاندان بۆ ئەو كارانە لەلایەن كاندید و لیستەكانەوە لەكاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن.
• دەستدرێژیكردن بۆسەر بانگەشەی هەڵبژاردنی هەر لایەن یاخود كاندیدێكی تر.
• دانانی پۆستەر یاخود بڵاوكردنەوەی بەرنامەی كار یان بڵاوكراوە و كارت بەناوی كاندیدێكەوە كە ناوی لە لیستی كاندیدەكاندا نەبێت كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە پەسەندكراوە.
• بەكارهێنانی سەرچاوەی دارایی نایاسایی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا.
• بەكارهێنانی وێنە و ناوی سەرۆكی حزب و هاوپەیمانێتییە سیاسییەكان لەلایەن هەر كاندیدێكەوە لەكاتێكدا ئەو كەسانە لە لیست و حزبەكەی خۆی نەبن.
سزای سەرپێچیكاران
بەپێی هەمان سیستم كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بڕیاری لەسەرداوە، هەر كاندید یاخود لیستێك ئەو قەدەغەكراوانە بشكێنێت، بەمشێوەیە سزا دەدرێت:
• ئاگاداركردنەوەی ئەو لایەنە سیاسییانەی كە سەرپێچییان كردووە بۆ لابردنی سەرپێچییەكە لەماوەی (3) رۆژ دوای ئاگاداركردنەوەی لە سەرپێچییەكە، لە حاڵەتی لانەبردنی سەرپێچییەكەدا سزا دەدرێت و ناویشی لە میدیاكاندا بڵاودەكرێتەوە.
• دەبێت سەرجەم حزبە سیاسییەكان لە دوای رۆژی دەنگدانەوە لەماوەی (30) رۆژدا هەموو پۆستەر و بڵاوكراوەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆیان لە شەقام و شوێنە گشتییەكان كۆبكەنەوە، بەپێچەوانەوە خەرجی لابردنی ئەو بڵاوكراوانەیان لێدەسەنرێت، ئەمەش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەكانەوە دیاری دەكرێت.
• كۆمسیۆن پارەی دڵنیایی ناگەڕێنێتەوە بۆ حزبە سیاسییە براوەكان تاوەكو پارەی سەرپێچییەكانیان نەدەن بە شارەوانی، ئەگەر پارەی دڵنیاییەكە بەشی پێدانەوەی ئەو سزایانەی نەكرد، یاخود سەرپێچییەكە لەلایەن لایەنێكی سەرنەكەوتووەوە بێت، دەبێت لەماوەی (10) رۆژدا ئەو پارەیە بدات، بەپێچەوانەوە رێوشوێنی یاسایی لەدژ دەگیرێتەبەر.
• كۆمسیۆن سزای ماددی بەسەر سەرپێچیكاراندا دەسەپێنێت بەبڕی پارەی جیاواز تا حاڵەتی دوورخستنەوەی كاندید.