سەرۆك كۆمار داوا لە پەرلەمان دەكات كوتلەی زۆرینەی بۆ دیاری بكات
2019-12-22 15:31:32
(درەو میدیا):
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق داواكارییەكی ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تێیدا داوا لە پەرلەمان دەكات كوتلەی گەورە (زۆرینە)و كاندیدی ئەو كوتلەیەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق بۆ دیاری بكات.
پێشتر سەرۆك كۆمار داوایەكی ئاڕاستەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كردو داوای لێكرد ماددەی 76ی دەستوری بۆ لێبكداتەوە لەبارەی كوتلەی زۆرینەوە.
دادگا ئەمڕۆ لە وەڵامی پرسیارەكەی بەرهەم ساڵحدا لەبارە دیاریكردنی كوتلەی گەورە جارێكی تر گەڕایەوە بۆسەر تەفسیرە كۆنەكەی خۆی و رایگەیاند:
• گەورەترین كوتلە ئەو كوتلەیەیە كە دوای هەڵبژاردن وەكو یەك لیست دروستدەكرێت.
• دەكرێت كوتلەی گەورە لە دوو لیست یاخود زیاتر پێكبێت كە زۆرترین ژمارەی كورسی پەرلەمان لە یەكەم دانیشتنیدا لەخۆبگرێت و ئەندامەكانی سوێندی یاساییان خواردبێت.
بڕیاربوو ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح كاندیدێك راسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق لە شوێنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران كە بەمدواییە لەژێر فشاری خۆپیشاندەران دەستی لەكاركێشایەوە، بەڵام ئاماژەكان بۆ ئەوەدەچن راسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران كاتێكی زیاتر دەخایەنێت.
بەپێی دەستوری عێراق دەبێت ئەو كوتلەیەی كە زۆرترین كورسی لە پەرلەماندا هەیە كاندید پێشكەش بكات بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام ئێستا بەهۆی فشاری ناڕەزایەتی شەقام و پەرتبوونی هاوپەیمانێتییە سیاسییەكانەوە كوتلەی زۆرینە لە پەرلەماندا ون بووە، بەرهەم ساڵح دەیویست ئاگری كاندیدی سەرۆك وەزیران لەخۆی دوربخاتەوەو تۆپەكە فڕێبداتە ناو پەرلەمان و خۆی لە ناڕەزایەتییەكانی شەقام بپارێزێت، پرسیاركردنی لەبارەی كوتلەی زۆرینە لە دادگای فیدڕاڵی لەوچوارچێوەدا بوو.