حزبە كوردی و شیعی وسونییەكان شینیان بۆ هەریسەكەیە
2019-12-21 18:58:13
درەو میدیا:
دوای پەیامەكەی مەرجەعی باڵای شیعەكان، بژاردەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەعێراق یەكلابوەوە، كە بەیەكێكی تر لە دەستكەوتە دیارەكانی خۆپیشاندەران دادەنرێتو، ژمارەیەك هێزی سیاسیش كە دیارتریناین "هاوپەیمانی نەسر" و "ڕەوتی سەدر"و"بەرەی ڕزگاری"یە پشتیوانی دەكەن، كە وەك چاودێران دەڵێن، هەم بۆ خۆ نزیككردنەوەیە لەشەقام و، هەمیش بۆ خۆ بەدورگرتنە لە دروشمە توندەكانیان لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان.
ئەم پێشهاتە تازەیە كە سەرلەنوێ نەخشەی سیاسی و پێگەی هێزەكان لە عێراق دادەڕێژێتەوە لەكاتێكدایە، هێشتا ئەو یاسایەی كە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی پێ بەڕێوەدەبرێت ناكۆكی لەسەرەو یەكلانەكراوەتەوە، ئەو لایەنەش دیارینەكراوە كە سەرپەرشتی پرۆسەی هەڵبژاردن دەكات.
كوتلە سیاسیەكانی ناو پەرلەمانی عێراق جموجۆڵەكانیان چڕكردۆتەوە لە پێناو گەیشتن بە ڕێككەوتن سەبارەت بە مادانەی لە یاسای هەڵبژاردندا ناكۆكییان لەسەرە، بە تایبەت مادەی (15) كە پەیوەستە بە دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن، ئەمە بەوتەی ئەندامێكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق كە قسەی بۆ ڕۆژنامەی (ئەلعەرەبی جدید) كردووە.
ترسی بچوكبوونەوەیان هەیە
ئەو پێشنیازەی لەگەڵ خواستی خۆپیشاندەراندا دێتەوە ئەوەیە، عێراق دابەشبكرێت بۆ بازنەی هەڵبژاردنی بچوك كە خۆ هەڵبژاردن تێیدا تاكە كەسی بێت، بەڵام هێزە كوردییەكان و هەندێك لایەنی شیعەو سوننە تێبینیان هەیە لەسەری چونكە پێیانوایە ئەم یاسایە حزبەكانیان بێبەشدەكات لە بەدەستهێنانی كورسی پەرلەمانیی كە شایستەی قەبارەی خۆیان بێت لە پەرلەمانی داهاتوودا.
گفتوگۆكان سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن لە یاسای هەڵبژاردندا كۆتایی نایەت، بەڵكو ئەركێكی گرانتر سەرهەڵدەدات ئەویش ئەو لایەنەیە كێیە كە سەرپەرشتی پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوو دەكات، هێزە سیاسییەكان تا ئێستا ڕێككنەكەوتوون لەسەر ئەوەی دادوەری بێلایەن بكەن بە ئەندامی كۆمیسۆنی نوێی هەڵبژاردن، یان مامۆستای زانكۆ و كەسانی پسپۆڕ.
عەبدولڕەحمان مەشهەدانی، سەرۆكی ڕێكخراوی"حامورابی" بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردن دەڵێت، بەهۆی چەقبەستویی حكومەت و پەرلەمان هەڵبژاردنی پێشوەخت بووە بە زەرورەت، پێشیوایە باشترین چارەسەر بۆ ئیدارەدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت پێكهێنانی كۆمیسیۆنێكە لە دادوەران بەهاوكاری دادوەرانی تر لەهەر بازنەیەكی هەڵبژاردان.
مەشەهدانی كە بۆ هەمان سەرچاوە قسەیكردووە، دەڵێت:"سەرپەرشتیكردنی نێودەوڵەتی كارێكی زۆر پێویستە" بەڵام بەقسەی ئەو " بە ئاسانی ئەوكارە دەستەبەر ناكرێت بە هۆی بوونی 54 هەزار وێستگەی هەڵبژاردن و ڕەنگە بگاتە 60 هەزار لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، ئەو ژمارەیەش نزیكەی 100 هەزار چاودێری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پێویستە كە كارێكی زەحمەتە.
پێشتر نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ هاوكاریكردنی عێراقییەكان لە چاودێرێكردنی هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەوەش هاوكات بووە لەگەڵ داواكاری خۆپیشاندەران بۆ پێویستی بوونی سەرپەرشتیكردنێكی نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە عێراق.
هەڵبژاردن كەی بەڕێوەدەچێت؟
دوای یەكلابونەوەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەخت، وادەی بەڕێوەچوونی یەكێكە لە پرسیارە گرنكەكان، سیستانی لەوتاری هەینی ڕابردودا بە دیاریكراوی داوایكردووە حكومەتی نوێ زۆر دوانەكەوێت، كە ئەمە مانای وایە پرۆسەی هەڵبژاردن دەبێت دەست و بردی تیادابكرێت، خۆپیشاندەرانیش لە دواین بەیاننامەیاندا 6 مانگیان وەك دوورترین كات دیاریكردووە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەكە.
بەشێك لە چالاكان و خۆپیشاندەران وادەكەیان زۆر بەلاوە گرنگ نییە بەقەد ئەوەی تەركیزیان لەسەر یاسایەكی دادپەرەوەرە بۆ هەڵبژاردن، هاوكات ئەو لایەنەی كە سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكە دەكات كە، ئەمە یەكێكە لەكێشە جەوهەرییەكان و هۆكاری تەقینەوەی ناڕەزایەتییەكانیش، بەوپێیەی زۆرێك لە چاودێران و خەڵكی عێراق پێیانوایە ئەم پەرلەمانەی ئێستای عێراق بەرهەمی پرۆسەیەكی پڕ لە گومان و ساختەكارییە و نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی چین وتوێژە جیاوازەكان ناكات، ئەو لایەنەشی كە سەرپەرشتی پرۆسەی هەڵبژاردنی كردووە، كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی پێشووە بە ئاشكرا دەستی تۆمەتی بۆ ڕاكێشراوە، وێڕای ئەوەی شتێكی شاراوەنییە كە زۆرینەی خەڵكی عێراق بایكۆتی هەڵبژاردنی ساڵی 2018ی پەرلەمانی عێراقیان كردووە.
زۆرینەی پێشبینییەكان وای بۆ دەچن لە ناوەڕاستی ساڵی 2020دا پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق بەڕێوەبچێت، ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامێك نابێت بۆ تەواوكردنی ئەو تەمەنەی پەرلەمانی ئێستا ماویەتی، بەڵكو پەرلەمان و حكومەتێكی نوێی لێدێتە بەرهەم كە لەساڵی 2020 بۆ 2024 بەردەوام دەبێت.
سەرەتای ساڵی 2005 هەڵبژاردنی كۆمەڵی نیشتمانی ڕاگوزەر لەعێراق بە ڕێوەچوو، لە دوای پەسەندكردنی دەستوری هەمیشیەی عێراق، چوار پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان بە ڕێوەچووە:
• لە 15 كانونی یەكەمی ساڵی 2005 یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانیی دوای پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق ئەنجامدراو لە 20 ئایار 2006 نوری مالیكی بووە سەرۆك وەزیران.
• لە7ی ئازاری 2010 هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بۆ جاری دووەم نوری مالیكی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرتەوە.
• لە 30 نیسانی ساڵی 2014 سێیەم هەڵبژاردنی گشتی لە عێراق ئەنجامدراو لە 11 ئابی هەمان ساڵ حەیدەر عەبادی بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت ڕاسپێردرا.
• لە 15 ئایاری ساڵی 2018 چوارەم هەڵبژاردنی گشتی لە عێراق بەڕێوەچوو، لە 2 تشرینی یەكەمی هەمان ساڵ عادل عبدولمەهدی ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی حكومەت دوای ساڵێك خۆپیشاندانێكی خوێناوی بەغدادی پایتەخت و زۆرینەی شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراقی گرتەوە، دژی نادادی و گەندەڵی و بێكاری و نەبوونی خزمەتگوزرارییە سەرەتاییەكان، كە تائەم ساتەش بەردەوامە، لە 30 تشرینی دووەمی 2019 عەبدولمەهدی ناچاركرا دەستلەكاربكێشتەوە.
دوای هەموو ئەو ڕوداوانەی لەدوو مانگی ڕابردودا ڕویانداوە، بە كوژرانی سەدان خۆپیشاندەر و برینداربونی هەزارانی ترەوە، ئێستا خەڵكی عێراق چاوی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی نوێیە و لەو گۆشە نیگایەوە لە داهاتووویەكی باشتر لە ئێستا دەڕوانێت.