بەرهەم ساڵح قۆناغە سەختەكەی بڕی
2019-12-21 16:23:25
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
بەرهەم ساڵح لەگەڵ قوباد تاڵەبانیو رێواز فایەقدا بەهۆی پۆستە حكومییەكانیانەوە بەشێوەیەكی راستەوخۆو بەبێ ركابەرێتی وەكو یەكەمین كەس بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی هەڵبژێردرا، ئەمە شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی توڕەكرد، مەلا بەختیار كە زۆرترین قسەی لەسەر كۆنگرە كرد، ئەمڕۆ بێدەنگ بوو، كۆسرەت رەسوڵ وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی حزب هەڵبژێردرا، بەڵام ئەندامانی ئەنجومەنەكەی كە پێكدێن لە مەكتەب سیاسییە كۆنەكان دەنگدانیان بۆ نەكرا، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر لەبارەی یەكەمین رۆژی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڵاو دەكاتەوە.
كۆنگرە لە یەكەم رۆژیدا
ئێوارەی ئەمڕۆ كارەكانی یەكەم رۆژی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆتایی هات، سەركردەكانی یەكێتی رۆژێكی سەختیان بەڕێكرد، ئەمڕۆ كۆنگرە چارەنوسی سیاسی (4) سەركردەی حزبەكەی یەكلاكردەوە، لەدوو رۆژی داهاتوودا ئەندامانی تری ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵدەبژێردرێن كە بەكۆی گشتی ژمارەیان (121) كەسە.
چی رویدا ؟
تەوەری یەكەمی كارەكانی رۆژی یەكەمی كۆنگرەی یەكێتی بریتی بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی حزب، ئەمە پۆستێكی نوێیەو تایبەت بەم قۆناغەی دۆخی ناوخۆیی یەكێتی دروستكراوە.
سەرەتا لە رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆدا، ئەم ئەنجومەنی ناوی "دەستەی پاراستنی یەكێتی- ئەنجومەنی باڵای دانایان" بوو، بەڵام ئەمڕۆ لە كۆنگرەدا ناوەكەی گۆڕدرا بۆ "ئەنجومەنی باڵای سیاسی".
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆنگرەدا حاكم قادر حەمەجان وەكو لیژنەی سەرپەرەشتیاری كۆنگرەی چوارەم پێشنیازی دروستكردنی (ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی)ی خستوەتە بەردەم كۆنگرەو ئەندامانی كۆنگرە بەزۆرینەی دەنگ پێكهێنانی ئەم ئەنجومەنەیان بە سەرۆكایەتی (كۆسرەت رەسوڵ عەلی) پەسەندكردووە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆنگرەدا تەنیا دەنگ لەسەر دروستكردنی ئەنجومەنەكە دراوە بە سەرۆكایەتی كۆسرەت رەسوڵ، ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی كە بەبێ سەرۆك، ژمارەیان (7) كەسە لەماوەی (45) رۆژدا دوای تەواوبوونی كۆنگرە، بەهەماهەنگی لەگەڵ (ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی) هەڵدەبژێردرێن.
ئەوانەی دەبن بە ئەندامی ئەم ئەنجومەنە كە كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكایەتی دەكات، بریتین لە هەریەكە لە:
• مەلا بەختیار
• ئەرسەلان بایز
• شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
• عومەر فەتاح
• حاكم قادر
• دلێری سەید مەجید
• عەدنان موفتی
• هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد
ئەمانە راستەوخۆ لەلایەن كۆنگرەوە هەڵنابژێردرێنو چیتر مافی ئەوەشیان نییە خۆیان بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژێرن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) هەوڵێك هەبووە لەلایەن مەلا بەختیارەوە بۆ ئەوەی هاوكات لەگەڵ ناوی كۆسرەت رەسوڵدا، ناوی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسیش بەدەنگدانی كۆنگرە بەشێوەی راستەوخۆ پەسەندبكرێت، بەڵام ئەم هەوڵە سەرینەگرتووەو ئێستا ئیتر ئەنجومەنەكە كە مەلا بەختیار خۆی یەكێكە لە ئەندامەكانی شەرعیەتی دەنگدانی راستەوخۆی كۆنگرەی نییە.
بەرهەم ساڵح مەترسی تێپەڕاند
ئەمڕۆ رۆژێكی هەستیار بوو بۆ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، ئەو مەترسی هەبوو لەبەردەم ئەندامانی كۆنگرەدا نەیارە سیاسییەكانی ناوخۆی حزبەكەی تۆڵەی مێژوویی لێبكەنەوەو دوچاری شكستی بكەن، بەڵام دۆستەكانی لە نەیارەكانی بەهێزتربوونو چارەنوسی سیاسی ئەویان لە نسكۆیەكی تر پاراست.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەرهەم ساڵح لەگەڵ قوباد تاڵەبانیو رێواز فایەق بەهۆی پۆستە حكومییەكانیانەوە بە تەزكیەو بەبێ ركابەرێتی خراونەتەبەردەم دەنگدانی ئەندامانی كۆنگرەوە تاوەكو بەشێوەیەكی راستەوخۆ وەكو ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژێردرێن.
(درەو میدیا) زانیویەتی، سەرەتا پێشنیازی دانانی ئەم سێ كەسە بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی نەیاری زۆری هەبووەو ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی كۆنگرە كارتی سوریان بەڕووی پێشنیازەكەدا بەرزكردوەتەوە.
وەكو باسدەكرێت، حاكم قادر كە پێشنیازەكەی خوێندوەتەوە، بەجۆرێك باسی كردووە ئەندامانی كۆنگرە دڕدۆنگ بوون، وا قسەی كردووە ئەوانەی پۆستی باڵایان هەیە بە وەزیرەكانیشەوە راستەوخۆ بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژێردرێن، بۆیە كارتی سور ژمارەی زۆر بووە، بەڵام كە دواتر رونكردنەوەی داوە لەبارەی ئەوەی پێشنیازەكە تەنیا سێ كەس (بەرهەم ساڵح، قوباد تاڵەبانی، رێواز فایەق) دەگرێتەوە نەك هەموو ئەوانەی پۆستیان هەیە، ئەوكاتە پێشنیازەكە دەنگی زیاتری هێناوەو ژمارەی كارتە سەوزەكان زیاتر بووە، واتە پەسەندكردنی هەڵبژاردنی ئەو سێ كەسە بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی دووجار دەنگدانی لەسەر كراوە، هەندێك باسلەوە دەكەن لەمەدا لاهور شێخ جەنگیو هاوەڵەكانی رۆڵیان هەبووەو بەرهەم ساڵحیان لە شكست رزگاركردووە.
بەمشێوەیە (بەرهەم ساڵح) مەترسی تێكشاندنی لەبەردەم ئەندامانی كۆنگرە تێپەڕاندو لەگەڵ قوباد تاڵەبانیو رێواز فایەقدا وەكو یەكەمین كەس بوون بە ئەندامی سەركردایەتی گشتی، لەدوای گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی، ئەمە سەختترین ئاڵنگاری بوو لەبەردەم بەرهەم ساڵحدا.
ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی لە (121) كەس پێكدێت، سێ كەسیان ئەمڕۆ هەڵبژێردرا، بڕیارە سبەینێ (118) ئەندامەكەی تر هەڵبژێردرێن، ئەم ئەنجومەنی لەماوەی (15) رۆژی داهاتوودا سەرۆكی یەكێتی هەڵدەبژێرێت، بەرهەم ساڵح كاندیدی بەهێزە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی یەكێتی، ئەو كە لە هەڵبژاردنی كاندیدی سەرۆك كۆماری چانسی خۆی لە سەركردایەتیدا تاقیكردەوەو سەركەوت، ئەمجارەش بە پاڵپشتی ماڵباتی تاڵەبانیو كۆسرەت رەسوڵ دەیەوێت هەمان چانس بباتەوە.
تائێستا باسلەوە دەكرێت سەرۆكی یەكێتی چوار جێگری دەبێت، جێگرەكان بریتی دەبن لە (لاهور شێخ جەنگی، بافڵ تاڵەبانی، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، رەفعەت عەبدوڵا)، بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت سەرۆك تەنیا یەك جێگری هەبێتو خۆی ئەو پۆستە وەرگرێت، ئەمە بابەتێكە كە هێشتا مشتومڕی لەسەرەو یەكلانەبووەتەوە.
سەرۆكی حزب جێگرو دەستەیەكی جێبەجێكاری لەگەڵ دەبێت، ئەم دەستەیە لەجێگای مەكتەبی سیاسی جارانی یەكێتییەو ئەندامەكانی لە ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵدەبژێردرێن.
توڕەبوونەكەی شاناز !
یەكێك لە بەشداربووانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لەكاتی خوێندنەوەی پێشنیازی دانانی بەرهەم ساڵح وەكو ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی بە تەزكیە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كە نەیارێكی مێژوویی بەرهەم ساڵحە، چووەتە سەر منەسەی كۆنگرەو داوای كردووە هیچ جۆرە جیاكارییەك بۆ كەس نەكرێتو هەموان لەبەردەم كۆنگرەدا خۆیان هەڵبژێرن، بەڵام ناڕەزایەتیو نیگەرانییەكانی هیچ شتێكی لێ سەوز نەبووە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد تانەی لە پێشنیازی هەڵبژاردنی ئەو سێ كەسە داوە بەشێوەی راستەوخۆو وەكو ئاماژەیەك بۆ بەرهەم ساڵح وتویەتی، ئەم پێشنیازە بەتایبەتی بەباڵای كەسێكدا بڕاوە، ئەگەرنا بۆچی هەریەكە لە قوباد تاڵەبانیو رێواز فایەق ژمارەی كاندیدبوونیان بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی وەرگرتووە بەڵام بەرهەم ساڵح وەرینەگرتووە.
مەلا بەختیار كە لە بابەتی لێدان لە پێگەی بەرهەم ساڵح لەم كۆنگرەیەدا لەگەڵ شاناز ئیبراهیم ئەحمەددا خاڵی هاوبەشیان هەبوو، بێدەنگی هەڵبژاردو هیچ هەڵوێستێكی روونی لە یەكەم رۆژی كۆنگرەدا لێ نەبینراوە، ئەمە لەكاتێكدایە لە رۆژانی بەر لە كۆنگرەدا پێش هەموان دەستی بە كاركردنو راگەیاندنی پرۆژەو بانگەشەو كۆڕو كۆبونەوە كرد.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) هەموو ئەم مشتومڕانە لەبارەی بەرهەم ساڵحەوە لەكاتێكدا بووە بەرهەم ساڵح خۆی لەناو هۆڵی كۆنگرەدا نەبووەو هەر سەرەتای كۆنگرەو لەناوەڕاستی وتارەكەی كۆسرەت رەسوڵدا هۆڵی كۆنگرەی بەجێهێشتووە.
یەكێتیو چیرۆكی كۆنگرە
كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شاری سلێمانی دەستیپێكرد، ئەمە كۆنگرەی چوارەمی حزبە، یەكێتی ساڵی 1975 دامەزراوە، لە 44 ساڵ تەمەندا تەنیا (3) كۆنگرەو دوو پلینیۆمی كردووە.
كۆنگرە بەردەوام لەناو یەكێتی نیشتمانیدا سەرچاوەی ترسو دابەشبوونو لێكترازانی نێوان هاوڕێو هاوخەباتەكان بووە، كۆنگرەی ئەمجارەش بەدوو نییە لەو مەترسییانە.
یەكێتی لە سازدانی كۆنگرەدا تەمەڵترین حزبی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەم حزبە هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، هێڵی گشتی) دروستبووەو هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەدا پارسەنگ تێكبچێتو حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە، ئێستا ئەو ئاڕاستە سیاسییانە لەناو یەكێتیدا نەماون، ئاڕاستەی نوێ پەیدابوون كە زیاتر بزنس رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینێت.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كۆنگرە "بەرزترین دەسەڵاتە" لەناو حزبدا، كۆنگرە دەبێت (سێ ساڵ جارێك) سازبدرێت، بەڵام یەكێتی لە ساڵی 2010وە تاوەكو ئێستا كۆنگرەی نەبەستووە، واتە ماوەی (سێ) خولی لەسەریەك كۆنگرەی یەكێتی دواكەوتووە.
نەخۆشكەوتنو دواتریش مردنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی حزبەكەو كارەكتەری بەهێزو كۆكەرەوەی یەكێتی، پاڵنەری سەرەكی دواكەوتنی كۆنگرەكانی یەكێتی بوو، هەندێك لە یەكێتییەكان باس لە هۆكاری تریش دەكەن لە نمونەی قەیرانی داراییو شەڕی "داعش"و دواتریش ریفراندۆمو تێكچونی بارودۆخی ناوچە جێناكۆكەكان.