Draw Media

44 ساڵ‌و چوار كۆنگرە

44 ساڵ‌و چوار كۆنگرە

2019-12-21 11:28:51


(درەو میدیا):
كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شاری سلێمانی دەستیپێكرد، ئەمە كۆنگرەی چوارەمی حزبە، یەكێتی ساڵی 1975 دامەزراوە، لە 44 ساڵ تەمەندا تەنیا (3) كۆنگرە‌و دوو پلینیۆمی كردووە.
ئەمڕۆ كاتژمێر 11ی بەیانی كۆنگەری چوارەمی یەكێتی دەستیپێكرد، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی لە وتاری سەرەتای كۆنگرەدا رایگەیاند" داواتان لێدەكەم هەمووتان لاپەڕەیەكی تازە هەڵبدەنەوە.
لەم كۆنگرەیەدا زیاتر كە زیاتر لە ( هەزار) ئەندام بەشداری كۆنگرەی پاش جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردوی یەكێتیە، لەم كۆنگرەیەدا نزیكەی(500) ئەندام خۆیان كاندیدكردووە بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی كە (121) ئەندام پێكدێت. 
بەپێی پرۆژەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە بڕیارە لەم كۆنگرەیەدا دەنگی لەسەر بدرێت، پەیكەربەندی یەكێتی وەك دابەشی سێ دەسەڵاتی جیاواز و هاوسەنگ كراوە لەوانە:
یەكەم: دەسەڵاتی چاودێری و رێسادانان بەناوی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی.
دووەم: دەسەڵاتی جێبەجێكردن كە پێكدێت لە دەستەی سەرۆكایەتی و دەستەی جێبەجێكردن.
سێیەم: دەسەڵاتی دادی( تەحكیم) كە پێكدێت لە دەستەی پاراستنی قەوارەی ( ی. ن. ك).

بنەما گشتییەكان پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی
بەپێی پرۆژەی پێشنیازكراوی كۆنگرەی یەكێتی:
-     مادەی (4) ی پەیرەوەكە رێژەی ژنان لە هەموو ئۆرگانەكانی یەكێتیدا ( 25%) دەبێت .
-    مادەی (5) كۆبونەوەی ئۆرگانەكان رێژەیی یاسایی وەردەگرێت بەزۆرینەی رەها( 50+1) 
-    لە مادەی (15) دا بڕیار دەركردن لە دەستەی جێبەجێكارەوە دەردەچێت
-    لە مادەی (18) كۆنگرەی یەكێتی هەر سێ ساڵ جارێك دەبەسترێت. 
-    لە مادەی ( 19) لە هیچ بارێكدا كۆی گشتی ئەندامانی كۆنگرە لە ( 750) ئەندام تێپەڕنەكات. 
-    مادەی ( 27) نابێت سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە ( 40) ساڵ كەمتر بێت. 
-    مادەی ( 30) لێسەندنەوەی متمانە لە سكرتارییەتی ئەنجومەنی سەركردایەتی بە ( 2/3)ی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەبێت 
-    مادەی ( 37) سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی بە دەنگی (2/3)ی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەبێت بە پێنج رۆژ دوای كۆنگرە. 

هەڵبژاردنی سەرۆكی حزب
سەرۆك/ سكرتێری حزب لە مادەی (39) پرۆژەی كۆنگرەدا هاتووە، بەپێی بڕگەی یەكەم: سەرۆك / سكرتێری حزب سیمبولی یەكێتی و راگری هاوسەنگی و پارێزەری پەیرەوی ناوخۆی و یەكریزی یەكگوتاری و یەكهەڵوێستی سەرجەم ئۆرگانەكانە، دوای (15) رۆژ لە كۆتاییهێنانی كۆنگرە سەرۆكی حزب هەڵدەبژێردرێت لە ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی.  
لەمادەی (41) ی پەیرەوەكەدا مەرجەكانی سەرۆك/ سكرتێری یەكێتی خراوەتەوە روو
-    تەمەنی لە 40 ساڵ كەمتر نەبێت
-    ئاستی هۆشیاری و دیبلۆماسی بەرز بێت
-    ناپاكی نیشتیمانی و نەتەوەیی نەكردبێت
-    لە دۆسیەی گەندەڵی تێوە نەگلابێت
-    لانی كەم 10 ساڵ خەباتی سیاسی و رێكخراوەیی دانەبڕاوی لە ریزەكانی یەكێتی هەبێت. 
-    بەهیچ تاوانێكی ئابڕوبەرانە زیندانی نەكرابێت


دەستەی جێبەجێكاری یەكێتی
لە مادەی ( 44)ی پەیروە پێشنیازەكەدا هەیكەلی دەستەی جێبەجێكار دیاریكراوە كە پێكدێت لە 
-    سەرۆكی حزب / سكرتێر 
-    ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی 
-    لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروبار كە پێكدێت لە 
- لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری رێكخستن
- لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری دیراسات و توێژینەوە
- لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری مەكتەبەكان
- لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری ئیدارەی گشتی
- لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری هەڵبژاردن و ئامار
- لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری  راگەیاندن و میدیا
- لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری پەیوەندییەكان
- لێپرسراوی ناوەندەكانی كاروباری حكومەت و پەرلەمان 

دەستەی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی
لە مادەی ( 49) ی پەیرەوەكەدا باس لەدەستەی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی ( ئەنجومەنی باڵای دانایان دەستەی باڵا) كراوە، كە لەماوەی 45 رۆژ دوای كۆنگرەی یەكێتی هەڵدەبژێردرێن ،كە پێكدێن لە: 
-    ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەران
-    ئەندامانی خولی پێشوی سەركردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند لەو ئەندامانەی لە كۆنگرەدا خۆیان كاندید ناكەن
ئەركو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی قەوارە
-    پێشكەشكردنی راسپاردە 
-    ناوەندگیری بۆ گرفت و كێشەكان
-    پێشنیازكردنی رێكارەكانی چارەسەر

سەرۆكی دەستەی پاراستنی یەكێتی پارێزەری گشتی یەكێتی دەبێت لەبەرزترین ئاستدا و پێكدێت لە:
-    سەرۆكی دەستەی پاراستن
-    سەرۆك/ سكرتێری حزب
-    سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی
-    سەرۆك/ سكرتێری حزب لەدانیشتنی دووەمی ئەنجومەنی سەركردایەتی دا دەبێت لە ماوەی 15 رۆژ دوای دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەن بە دەنگدانی راستەوخۆ بە ( 2/3) دەنگی ئەندامانی.

كۆنگرە بەردەوام لەناو یەكێتی نیشتمانیدا سەرچاوەی ترس‌و دابەشبوون‌و لێكترازانی نێوان هاوڕێ‌و هاوخەباتەكان بووە، كۆنگرەی ئەمجارەش بەدوو نییە لەو مەترسییانە.
یەكێتی لە سازدانی كۆنگرەدا تەمەڵترین حزبی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەم حزبە هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، ‏بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، ‏هێڵی گشتی) دروستبووە‌و هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەدا پارسەنگ تێكبچێت‌و حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە، ئێستا ئەو ئاڕاستە سیاسییانە لەناو یەكێتیدا نەماون، ئاڕاستەی نوێ پەیدابوون كە زیاتر بزنس رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینێت.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كۆنگرە "بەرزترین دەسەڵاتە" لەناو حزبدا، كۆنگرە دەبێت (سێ ساڵ جارێك) سازبدرێت، بەڵام یەكێتی لە ساڵی 2010وە تاوەكو ئێستا كۆنگرەی نەبەستووە، واتە ماوەی (سێ) خولی لەسەریەك كۆنگرەی یەكێتی دواكەوتووە.
نەخۆشكەوتن‌و دواتریش مردنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی حزبەكە‌و كارەكتەری بەهێزو كۆكەرەوەی یەكێتی، پاڵنەری سەرەكی دواكەوتنی كۆنگرەكانی یەكێتی بوو، هەندێك لە یەكێتییەكان باس لە هۆكاری تریش دەكەن لە نمونەی قەیرانی دارایی‌و شەڕی "داعش"‌و دواتریش ریفراندۆم‌و تێكچونی بارودۆخی ناوچە جێناكۆكەكان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand