121 كاندیدی هەڵبژێردراو ناتوانن بەشداری كۆنگرەی یەكێتی بكەن
2019-12-19 18:01:40
درەو میدیا:
كۆنگرەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان روبەروی كێشەیەكی تر دەبێتەوە، ئەویش رێگەنەدان بەبەشداریكردنی فەرماندە سەربازییەكان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە، ئەگەر كێشەكە چارەسەر نەبێت، جارێكی تر ئەگەری دواخستنی كۆنگرە بۆ چەند رۆژێك لەئارادایە.
بەپێی لیستێكی پەشەندكراوی كاندیدەكانی كۆنگرەی یەكێتی كە كۆپییەكی دەست ( درەو میدیا) كەوتووەو ژمارەیان تا ئێستا ( 929) ئەندامە، لەناویاندا هێڵی سوور بەسەر ( 121) ئەندامی كۆنگرەدا هاتووە كە بەناوی ( یوسف عومەر ) دەستپێدەكات و بە ( شاڵاو نادر) ناسراو بە شاڵاو گەزنەیی كۆتایی دێت، ناتوانن بەشداری كۆنگرە بكەن، لەناو لیستەكەدا ( خاڵە كاكەمەند، بەرپرسی هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتن، جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشمەرگەو لیوا قارەمان جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە) لەنێو ئەو ناوانەدان كە هێڵی سوریان بەسەردا هاتووە.
بەپێی زانیارییەكانی د( درەو میدیا) كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بەفەرمی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی ئاگاداركردووەتەوە كە بەپێی یاسای حزبە سیاسییەكانی عێراق نابێت هیچ ئەندامێكی كۆنگرە كەسانی سەربازی و ئەمنی بن ".
لەو بارەیەوە لەتیف شێخ مستەفا شارەزای دەستوری لە پەیجی تایبەتی خۆیدا نوسویەتی: بەگوێرەی یاسای پارتە سیاسیەكانی عێراق ژمارە ٣٦ ساڵی ٢٠١٥ پێویستە ھەمو حیزبەكان لەماوەی ساڵێكدا لەگەڵ قانونەكە خۆیان بگونجێنن و ھەر حیزبێك خۆی نەگونجێنێ قەدەغە دەكرێت تەنانەت یاسای پارتە سیاسیەكانی كوردستانیش تا ڕادەیەك وادەڵێت، یەكێك لەمەرجەكان نابێ ھیچ حیزبێك میلیشیاو ھێزی چەكداری ھەبێ یان پشت بەھیزی چەكدارو میلیشیا ببەستی ،ھەموو كەس دەزانن و دەیەھاو سەدەھا بەڵگە و نوسراوی فەرمیش لەبەردەستە كە یەكێتی و پارتی و حسك و لەوانەیە حیزبی تریش میلیشیاو ھێزی چەكداریان ھەیەو مانۆڕیش دەكەن لەژێر ئاڵای حیزبدا و خۆشیان نایشارنەوە بەتایبەتی ھەردوو ھێزی ٧٠ و ٨٠ كە یەكێكیان ھی یەكێتیە ئەویتریان ھی پارتیە بەم پێیە بێت دەبوایە یەكێتی و پارتی لەساڵی ٢٠١٦ ەوە قەدەغە بكرانایە چونكە خۆیان نەگونجاندوە و تا ئێستاش وەك خۆیان ،ئەوە جگە لەوەی كە دەستوری عێراق و قانونی ھەڵبژاردنەكان و یاساو رێنماییەكانی وەزارەتی بەرگری عێراقیش جەخت لەوە دەكەنەوە كەنابێ ھیچ كام لە ئەندامانی سەربە ھێزە چەكدارەكان خۆیان كاندیدكەن بۆ ھیچ ھەڵبژاردنێك و بەدەست ھێنانی پۆستێكی سیاسی و ھەر شتێكی لەوجۆرە"
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئەمڕۆ یەكێتی هەوڵەكانی چڕكردۆتەوەو كێشەی بەشێكیانی چارەسەركردووە، بەڵام بەشێك لە كێشەكان وەك خۆیان ماون و هێشتا چارەسەر نەكراون، ئەگەر كێشەكە بەتەواوی چارەسەر نەكرێت، ئەگەری دواخستنی كۆنگرەی یەكێتی بۆ ( 4 – 5) رۆژ لە ئاراسدایە.
بەشێك لەسەرچاوەكانی (درەو میدیا) ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەو فەرماندە سەربازییانە دەتوانن بەشداری كۆنگرە بكەن بەڵام ناتوانن كۆیان بۆ سەركردایەتی ئەو حزبە كاندید بكەن.
بڕیارە رۆژی شەممە 21/12/2019 كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لە رێوشوێنێكی ئەمنی توندوتۆڵدا لە شاری سلێمانی ببەسترێت، كە ژمارەی ئەندامەكانی نابێت لە ( هەزار) ئەندام زیاتر بێت، هاوكات بەپێی پرۆژەی ئامادەكراوی كۆنگرەی چوارەمی ئەكێتی، ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی ( 121) كەسەو بەسەر دەسەڵاتەكانی ( چاودێریكردن، جێبەجێكردن، داد ( تەحكیم) دابەشدەبن.